كارزان گلی – ههولێر
لە تازەترین دیمانەیدا، كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، پەشیمان نییە لەوەی داوای لە پەرلەمانتارەكانی سەر بە جەهەپە كرد، دەنگی بەڵێ بدەن بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە و هاوڕێكانی.
ساڵی ٢٠١٦، ئاكەپە و مەهەپە، داوایان كرد دەمیرتاش و ١٠ پەرلەمانتاری تری سەر بە هەدەپە پارێزبەندییان لەسەر هەڵبگیرێت و بدرێنە دادگا، ئەوكات ئەو دوو پارتە دەنگی پێویستیان نەبوو، بەڵام كلیچدارئۆغڵو، داوای لە ٢٠ پەرلەمانتاری سەر بە جەهەپە كرد، بە بەڵێ دەنگ بدەن، واتە ئەگەر جەهەپە دەنگی بەڵێی نەدایە، دەمیرتاش و هاوڕێكانی دەستگیر نەدەكران.
لە تازەترین دیمانەیەدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی (سۆزجو)ی توركی، ئەو پرسیاریان ئاڕاستەی كلیچدارئۆغڵو كرد و گوتیان پەشیمان نیت ئەو بڕیارەت دا؟ لە وەرامدا گوتی: ”نەخێر پەشیمان نیم، چونكە بابەتەكە پەیوەندیی بە تیرۆرەوە هەبوو و بۆ خۆیشی بەبێ جەهەپە، ئەوان زۆرینەیان هەبوو، بۆیە پەشیمان نیم لەوەی داوام كرد، دەنگ بە هەڵگرتنی پارێزبەندی لە دەمیرتاش بدرێت.“
ئەم گوتەیەكی كلیچدارئۆغڵو، كوردانی زۆر نیگەران كردووە، بۆیە ساری سەكك، پەرلەمانتاری سەر بە دەم پارتی، لە هەژماری خۆی لە (X) بڵاوی كردووەتەوە، تاوانەكە تۆ نیت كە پەشیمان نیت لەوەی دەنگتان بە بەڵی داوە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دەمیرتاش، تاوانەكە ئێمەین، كە لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣دا، داوامان لە كورد كرد دەنگ بە تۆ بدەن و دەنگمان بۆ تۆ كۆ كردەوە.
جیا لەوەش، سەدان كورد لە سۆشیالمیدیادا هێرشیان كردووەتەوە سەر كلیچدارئۆغڵو و بە بێوەفا و فاشیست ناویان بردووە.
ئەگەرچی كلیچدارئۆغڵو رۆڵی گەورەی هەبوو لە هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر دەمیرتاش و ١٠ پەرلەمانتاری تر، بەڵام خودی دەم پارتی و دەمیرتاش، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ٢٠٢٣، داوایان كرد كوردانی باكوور و شارەكانی توركیا، دەنگ بە كلیچدارئۆغڵو بدەن، تەنانەت كاتێك بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن سەردانی وانی باكووری كوردستانی كرد، سەدانهەزار كورد پێشوازیان لە كلیچدارئۆغڵو كرد و گوتیان دەنگمان بۆ تۆیە.
ئەو گلەییەش لە دەم پارتی و كورد دەكرێت، كە چۆن وا زوو لەبیریان چوو كە كلیچدارئۆغڵو بووەتە هۆی ئەوەی دەمیرتاش پارێزبەندی لەسەر هەڵبگیرێت و ١٠ ساڵە زیندانی كراوە.
ئەو گوتانەی كلیچدارئۆغڵو، وای لە كوردەكان كردووە روو لە ئاكەپە بكەن و بەشێك لە سۆشیالمیدیا دەڵێن، لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بە رەجەب تەیب ئەردۆغان دەدەین، چونكە ئەو هەرچی كردبێت بەرامبەر بە كورد بە ئاشكرا كردوویەتی و درۆی نەكردووە، بەڵام كلیچدارئۆغڵو، لە پشتەوە خەنجەری لە كورد دا.
لە كۆنگرەی جەهەپە لە ٢٠٢٣، كلیچدارئۆغڵو نەیتوانی بیباتەوە و وەكوو سەرۆكی جەهەپە لادرا و ئۆزوگوور ئۆزەل، بووە سەرۆكی پارت، بەڵام داوای یاسایی تۆمار كرد و گوتی ساختەكاری كراوە و پێویستە كۆنگرە هەڵوەشێتەوە، دوای سێ ساڵ، دادگا بڕیاری هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی جەهەپەیدا و كلیچدارئۆغڵو بووەوە بە سەرۆكی جەهەپە.
هاتنەوەی كلیچدارئۆغڵو، نیگەرانییەكی زۆر گەورەی لێكەوتووەتەوە لەناو جەهەپە، چونكە پێیانوایە كلیچدارئۆغڵو، ١١ هەڵبژاردنی بەرامبەر بە ئەردۆغان دۆڕاندووە، بەڵام ئۆزگوور ئۆزەل، لە یەكەم تاقیكردنەوەیدا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، توانی جەهەپە بكاتە پارتی یەكەم و سەركەوتنی گەورەی بەدەست هێنا، بۆیە پێویستە بەپەلە جەهەپە بباتە ناو كۆنگرەوە.
كلیچدارئۆغڵو، بە ڕوونی دەڵێت ناچمە ناو كۆنگرە، هەروەها هەڕەشە دەكات كە بەشێكی زۆری سەركردایەتی جەهەپە دوور بخاتەوە و كەسانی نزیك لە خۆی بهێنێتە پێشەوە، بۆیە ئۆزگوور ئۆزەل و ٧٠٪ی سەركردایەتی جەهەپە، بەنیازن پارتێكی تازە دروست بكەن و بەفەرمی جیابوونەوەی خۆیان رابگەیەنن.

