خوسرهو جاف
ئەم پرسیارە لە ڕۆژگارێکدا لەلایەن دوو برادەرمەوە، مەحموود زامدار و ئازاد عەبدولواحیدەوە لێم کراوە؛ ڕۆژانی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمە، واتە هەزارەی سێیەم. پرسیارەکە دەڵێت:
• خوسرەو جاف، بەشی زۆری زیندەگیت لە سەدەی ڕابردوودا بردووەتە سەر. دەکرێت بەپێی بۆچوون و بیروڕای خۆت سەدەی ڕابردوومان بۆ هەڵسەنگێنیت؟
وەک دەزانن هەزارەی سێیەم تازە دەستی پێ کردووە و ئەوەتا هەڵمی لێ هەڵدەستێت و لە سەرەتاکانیداین. ئەم ڕۆژگارە بەلای بەشەرییەتەوە ڕۆژگارێکی گرینگە.
جا برادەرینە، ئەوانەی تۆزێک وردەکار بن زەمەنیان لا گرینگە. لە پایانی هەر ساڵێکدا کار و کردەوەیان دەخەنە تای تەرازووەوە و هەڵیدەسەنگێنن، ئەگەر چاوساغە و واقیعیانە لە تەرازوو دەن، هەڵە و ڕاستی خۆیان دەسەلمێنن و تەواوی تاوانەکان و شکستەکان ناخەنە سەر خەڵکی، سەرکەوتن و دۆڕان بە ویژدانەوە لە تای تەرازوو دادەنێن. من یەکێکم لەوانە دان بە هەڵە و هەڵەشەیی خۆمدا دەنێم، یەخەش ناتەکێنم. بێگومان ئاوا تێفکرین هەنگاوی هەڵە و ڕاست بەوردی جیا دەکاتەوە. بێگومان بەم شێوەیە تێفکرین ئەگەری دەست لە دەروازەی سەرکەوتنی زۆرە و دەکرێ زاڵ بێت بەسەر کۆسپ و گرفتەکاندا. هەر ئەو جۆرە تێفکرینە شیاوە بۆ دەوڵەت و دەسەڵاتەکانیش، ئەگەر دوو گوێی هەبێت؟
با لەم ڕووەوە بەراوردێک لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەینەوە. بە نموونە لەو ڕێکخراوەدا ١٨٥ دەوڵەتی تێدا ئەندامە، ١٢٠یان دەوڵەتی تازە بە ئەندام بوون، یانی لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە کراونەتە ئەندام و ئازادییان بەدەست هێناوە، واتە تەلەسمی ئیمپریالێتیی جیهانییان شکاندووە.
شەست (٦٠) ئەندامی ئەو دەوڵەتانە تەمەنیان لە چەند ساڵ زۆرترە، یانی لە سەرەتای هەزارەی دووەمەوە گەیشتووەتە دەسەڵات. ئەگەر بە وردی ورد ببینەوە، لەو ژمارەیە تەنها دەوڵەت لە قووڵایی مێژووەوە هەبوونە و ماونەتەوە، بەڵام هەریەکیان بە جۆرێک لە پلە و پایەی خۆیاندا حوکمڕانییان کردووە، وەک: ژاپۆن، ئیتاڵیا بە تەواوی تواناوە ئەوسا لە هەزارەی سێیەمدان؛ چین و هیندوستان و یۆنان بە ئومێدێکی بەربڵاوەوە مامەڵە لەگەڵ هەزارەی سێیەمدا دەکەن.
میسر، عێراق، ئیتیۆپیا، یەمەن، ئێرانیش هەر بە شێوەی خۆی لە جووڵانەوەدان. من ناڕۆمە ناو کاروباری ئەو وڵاتانەوە، تەنها بەراوردێکی سەر پەنجەیی دەربارەی سەدەی بیست و هەزارەی دووەم دەدوێین.
ئاشکرایە لە سەدەی بیستەمدا مرۆڤ توانیی ئاکام و سەرەنجامی خۆی دەستنیشان بکات. لە هەزارەی دووەمدا ئیمپراتۆریەتی ڕۆما لەناو چووە، سەردەمی تاریکی و بگرەوبەردە و پەلامار و کوشتوکوشتاری سەدەکانی ناوەڕاست دەستی پێ کردووە، بە ئەوپەڕی دەسەڵاتی داپلۆسێنەری کڵێسا و فەرمانی پاپای ڤاتیکانەوە. ڤاتیکان پەیوەستە هەڵگیرسێنەری شەڕە خوێناوییەکانی (سەلیبی) بووە؛ ململانێی ناو کاسۆلیک و پرۆتێستانت، سووتانی هەزاران کەس بە تۆمەتی جادووگەری و شەیتانپەرستی و بیروڕای پڕوپووچ. لەو کاتانەدا چەند دەسەڵاتێکی ئیسلامی شەرمنانە خۆیان دەنواند.
لە بەشی دووەمی هەزارەی دووەمدا، سەرتاسەری ژمارەی گەلانی ئەورووپا نەدەگەیشتنە ٥٠ملیۆن کەس. لەپڕ ڕاپەڕینێکی وایان کرد کەوتنە داگیرکردنی وڵات و گەلانی دوور و نزیک. لە سەدەی نۆزدەمدا هەشت وڵاتی دەسەڵاتدار بوونە خاوەنی زۆربەی زۆری جیهان؛ لە وڵاتانی ژێردەستەیاندا هەتاو ئاوا نەدەبوو. لە هەمان کاتدا کەوتنە تەقەڵای بەدەستهێنانی دونیای زانست و بوارەکانی، سەدان و هەزاران فێرگەی هونەری، فکری، فەرهەنگی لە وڵاتەکانیاندا بونیاد نا. بە پێچەوانەوە جیهانی ئیسلامیش لە تاریکی و خەرافاتدا نوقمی نوقم بوون، هەر ئەو جۆرە ژیانە بۆ خۆی هۆکاری هەژاری و نەداری و بێدەسەڵاتی لە وڵاتەکەیاندا، لەگەڵ جەهالەتی گومڕادا حوکمفەرما بوو. ئیدی ئیستعماری ڕۆژئاوا لە کاردا بوو؛ وڵاتی پاکستان، بەنگلادیش، مالیزیا، میسر، سوودان، ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا و ئوردن، عێراق، کوێت و تەواوی شێخنشینانی خەلیج، تەواوی ئەوانە لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بوون.
وڵاتانی مەراکش، جەزائیر، تونس، سەنیگال، مۆریتانیا، مالی، چاد، لیبیا، سۆماڵ، ئیرتیریا پەیڕەوی دەسەڵاتی ئیتاڵی بوون.
هۆڵەندا ئەندەنووسیای داگیر کرد، سەحرای غەربی لە لایەن ئیسپانیاوە داگیر کرا. وڵاتانی ئۆزبەکستان و تورکستان، قرغیزستان، کازاخستان، تاجیکستان، ئازەربایجان و ئەرمینیا لە لایەن ڕووسیای سۆڤیەتەوە بەڕێوە دەبران. چەند وڵاتێکی تر هەر بە ناوی ئازادبوون وەک تورکیا، ئێران، ئەفغانستان.
لە مێژووی بەشەرییەتدا سەدەی بیستەم بە چاکترین و خراپترین سەدە لە قەڵەم دراوە. سەدەیەک پڕی پڕ بووە لە خوێن. هەرچی وێرانکاری، کوشتوکوشتاری پەلامار و داگیرکردنەکان هەیە لە سەدەی بیستەمدا زۆرترین ڕوویان داوە، هەروەها شۆڕشەکان.
شۆڕشی ئۆکتۆبەر، شۆڕشی میللەتی چین، هەر یەکێک سیروانێک خوێنی تێدا ڕژاوە.
ئیمپراتۆرە گەورەکان وەک بەریتانیا، فەڕەنسا، نەمسا، ڕووسیا، ئەڵمان، هۆڵەندا، بەلژیکا، ئیسپانیا، پورتوگال، ئیتاڵیا، عوسمانی، ژاپۆن، ئەمریکا، دەسەڵاتی ئەو وڵاتانە لە سەدەی بیستەمدا لەناو ڕۆیشتن و جۆرێکی تر هاوبەستەگی هاتووەتە مەیدانەوە. سەدوبیست (١٢٠) وڵات هاتنە مەیدانەوە و بوونەتە خاوەنی ئاڵا و پەرچەمی خۆیان.
دەزگا و سیستەمی زلهێزی کۆمۆنیزم و فاشیزم لە سەدەی بیستەمدا بنبڕ کراون.
مرۆڤ لە سەدەی بیستەمدا بووە خاوەن (ئەتۆم)، یانی وێرانکەرەوە زلهێزەکەی سەرتاسەری بەشەرییەت. لە هەمان کاتدا سوودمەندترین دەستکەوتی زانستی لە زۆر بواردا ژیانی مرۆڤ گۆڕاوە و ڕۆیشتووەتە قۆناغێکی تر.
مرۆڤ لە سەدەی بیستەمدا پێی لەسەر خاکی مانگ دانا. بەسەر ئەوانەیدا، زانست لەم سەدەی بیستەمدا بووەتە هۆکاری گۆڕینی ژیانی مڕۆڤ لە بنەماوە، سیستەمی ژیان گۆڕاوە. ژمارەی مرۆڤ لە سەدەی بیستەمدا گەیشتووەتە (٦) ملیار کەس.
نەخۆشیی چاوەقوڵە، تاعوون، سیل، ئاوڵە، کە ساڵانە کوشتاری بێئامانجیان دەکرد، لە خاو کران.
لە ساڵی ١٩٠٠ز لە وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکادا لە هەر ١٠٠٠ منداڵ ١٦٢ منداڵ دەمردن، ئەوڕۆکە ئەو ئاستە گەیشتووەتە ١٤ لە وڵاتانی پێگەیشتوودا. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا تەمەنی مامناوەندی مرۆڤ ٤٧ ساڵ بووە، لە وڵاتە هەژار و دواکەوتووەکاندا ٣١ ساڵ بووە؛ ئێستاکە ٨٠ ساڵ و ٦٠ ساڵە.
لە ساڵی ١٩٠٠ز گەشتی وڵاتان زۆرتر بە کەشتی دەکرا یان شەمەندەفەر، دەوری دونیا دوو مانگی دەکێشا؛ ئەوڕۆکە ٢٤ کاتژمێر دەخایەنێت. لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا وڵاتی (چین) گۆڕەپان و هەوارگەی ئەفیوون و وڵاتە داگیرکەرەکان بووە، ئەوڕۆکە یەکێکە لەو وڵاتانەی مافی (ڤیتۆ)ی هەیە، یەکێکە لە پێنج دەسەڵاتە زلهێزەکانی جیهان، هەروەها (ئەتۆم) جگە لەوەی وەک چەک لە زۆربەی کاروباری سەنعەتیدا بەکار دەبات و یەکێکە لە دەوڵەمەندترین دەوڵەتەکانی جیهان.
وڵاتی هیندوستان دەیان ساڵ ژێردەستەی ئیمپریالیستی بەریتانیا بووە، کەسایەتییەکی وەک (گاندی) تێدا هەڵکەوت، دەقە ناسراوەکانیان لە ژێر پێی نا، زۆردارانی (بەریتانیای عوزما)یان ڕیسوا کرد. ئەوڕۆکە یەکێکە لەو وڵاتانەی (دیموکراسییەت)ی کردووەتە دروشم و پابەندیشییەتی.
ئیتاڵیا و یۆنانیش سەدەی بیستەمیان بەشێوەیەکی مەعقووڵ گوزەراندووە..
تخوا با لە خۆمان، ئێمەی کوردیش تۆزێک بدوێین. خۆ خوێندتەوە وڵاتانی سەر زەوی بە میللەتەکانیانەوە ئازادییان بە هەوەنتە و بەلاش بەدەست نەهێناوە؛ خوێنیان داوە، کوشتاریان لێ کراوە، سازشیان لەگەڵ دوژمندا نەکردووە، پەیوەستە بۆ ئازادبوون کۆشاون، نۆکەری و جاشایەتییان بۆ بێگانە و داگیرکەر نەکردووە، دزییان لە میللەتەکەیان نەکردووە، لەگەڵ میللەتی خۆیاندا ڕاستگۆیانە مامەڵەیان کردووە. خۆ گەلانی هیندوستان کە زۆرتر لە هەزار ئاینی جیاواز و ڕەگەزی جۆراوجۆریان تێدا بوو، تەنها کەسێک بەبێ چەک، دوور لە خوێنڕشتن ئازادییان بەرانبەر زلهێزترین وڵاتی جیهان بەدەست هێنا، لە ڕێگەی تاکە ڕابەرێکەوە؛ ئەویش (گاندی) پەیامبەرسیفەت و کۆڵنەدەر بوو، کەوا هەتا لە خواردنی چەور و گۆشت و شیرینیش پارێزی دەکرد تا نەگاتە دزی و تاڵان و چەپا.. سەرئەنجام وڵاتەکەی گەیاندە لێواری ژیانی ئارام و سەربەخۆ.
باشە برادەر.. ئەی خوشکی بەڕێز.. لە خۆت ناپرسیت لە کەژاوەی ژیاندا ئێمەی کورد لە کوێین؟
نابینیت چۆن خەریکن بە هۆکاری مووچە و بودجەوە دەستەمۆیان دەکەن؟
بەندە ناڕۆمە ناو وردەکاریی بەزمە بۆگەنەکەوە، ئەوەندە دەڵێم: ئەگەر ئەم مەهتووکییە بەردەوام بێت، ئەوەی شانازی و سەروەری هەیە لە دەستی دەدەین. خوا بکات نەگاتە ئەو ڕۆژە. ئەگەر گەیشتینە ئەو ڕۆژگارە، کەس یەخەی خۆی نەتەکێنێت، هەر هەموومان درێغیمان کردووە، بۆیە خەریکە دەگەینە ئەو ڕۆژە نەخوازراوە. خوا بکات نەگەین، دە بڵێ ئامین.


