رۆژنامەی ھەولێر

پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە بەڕێوەبەری ھەرێمیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی منداڵپارێز دەکات

ئەمرۆ سێشەممە 2026.9.15، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوام بە دۆخی مرۆیی و پاراستنی مافەکانی منداڵان لە هەولێری پایتەخت، پێشوازی لە ئەحمەد رافع ئەلهنداوی، بەڕێوەبەری ھەرێمیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی منداڵپارێز بۆ ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، باکووری ئەفریقا و ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ڕەوشی منداڵان بەگشتیی کرا و بەوردی تیشک خرایە سەر پڕۆژە و چالاکییەکانی ئێستای ڕێکخراوەکە لە سنووری پارێزگای هەولێر، هەروەها گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی پەرەپێدانی هەماهەنگی دووقۆڵی کرا بە ئامانجی فراوانکردنی مەودای کارەکانی ڕێکخراوەکە بۆ گرتنەوەی زۆرترین ژمارەی ئەو منداڵانەی پێویستیان بە چاودێری و پاڵپشتی مرۆیی، پەروەردەیی و تەندروستی هەیە.

پاشان شاندی میوان کورتەیەکیان لەسەر پلان و ستراتیژی داهاتووی ڕێکخراوەکەیان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، بەڕێوەبەری ھەرێمیی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی منداڵپارێز، سوپاس و پێزانینی خۆی و ڕێکخراوەکەی ئاراستەی پارێزگاری هەولێر و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ئەو ئاسانکاری و هاوکارییە بەردەوامانەی پێشکەشی تیمی ڕێکخراوەکەیان دەکەن لە پێناو سەرخستنی ئەرکە مرۆییەکانیاندا.

لای خۆیەوە، پارێزگاری هەولێر، ستایشی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراوی منداڵپارێزی نێودەوڵەتی کرد لە جیهان و بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، و ئامادەیی و پاڵپشتی تەواوی پارێزگای هەولێری دووپاتکردەوە بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە ئاسانکارییەک لە پێناو سەرخستنی پڕۆژەکانی داهاتووی ڕێکخراوەکە، کە خزمەت بە پاراستنی مافەکانی منداڵان و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و ئارام بۆ گەشەکردنیان دەکات.