رۆژنامەی ھەولێر

لە مانگی تەمووز توركیا سەرۆكایەتی كۆبوونەوەی ناتۆ دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

بڕیارە مانگی تەمووزی ئەمساڵ، كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆ لە ئەنكەرای پایتەختی توركیادا بکرێت، بۆ ئەم كۆبوونەوەیە، حكوومەتی توركیا بە ملیاران لیرەی خەرج كردووە و شەو و رۆژ خەریكی ئامادەكارین.

لە ٧_٨ی تەمووز، كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ لە ئەنكەرا بەڕێوە دەچێت، بڕیارە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاش بەشداری كۆبوونەوەكە بكات و توركیا خۆی ئامادە دەكات رێوڕەسمێكی گەورە بکات.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی (سۆزجو)ی توركی، فڕۆكەخانەی ئەنكەرا نۆژەن كراوەتەوە، بە هەزاران داری جوان لە شارەكانی تری توركیاوە هێنراوەتە ئەنكەرا و لە دەورووبەری هۆڵی كۆبوونەوەكە رواندوویانە، هەروەها چەندین رێگەی تازەیان دروست كردووە.
هەر لە هەواڵەكەدا هاتووە، بڕی ئەو پارەیەی تاوەكوو ئێستا توركیا خەرجی كردووە بۆ ئامادەكاری ئەو كۆبوونەوە گرنگە، ١١ملیار و ٥٧٩ملیۆن و ٣١٩ لیرەی توركییە، ئەو رێژەیەش زیاد دەبێت، چونكە توركیا دەیەوێت زۆر بە جوانی و بێ كەموكووڕی كۆبوونەوەكە بەڕێوە ببات.
كۆبوونەوەی لووتكەی ناتۆ، هەر ساڵە و لە وڵاتێكی ئەندامی ناتۆ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەمسال توركیا هەڵبژێردراوە، بڕیاریشە چەندین تەوەری گرنگ باسی لێوە بكرێت، بەتایبەت دەنگۆی كشانەوەی ئەمریكا لە ناتۆ و هەروەها زیادكردنی بودجەی سەربازی ناتۆ قسەی لەسەر دەكرێت.
ئەم ئامادەكارییەی توركیا و هەروەها خەرجكردنی پارەیەكی زەبەلاح، لە كاتێكدایە رەوشی ئابووری لە توركیا زۆر خراپە و هاووڵاتیان بەدەست گرانی نرخی خۆراك هەراسان بوونە و لە چاوەڕوانی ئەوەدان حكوومەت رەوشی ئابوورییان باش بكات.
ئامادەبوونی ترەمپ لەو كۆبوونەوەیە بۆ توركیا گرنگە، چونكە بە گوێرەی هەواڵی میدیاكانی توركیا، لەو كۆبوونەوە لووتكەیەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و ترەمپ، بە جیا كۆبوونەوەیان دەبێت و باس لە چەندین تەوەری گرنگ دەكەن، وەكوو بابەتی سووریا و ئاییندەی هەسەدە، هەروەها باسكردن لە پڕچەككردنی توركیا و پێدانی مووشەكی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆت و پێفرۆشتنی فڕۆكەی جەنگیی (F35) بە توركیا، كە تاوەكوو ئێستا زیاتر لە ١٠٠ملیۆن دۆلاری بۆ كڕینی ئەو فڕۆكەیە داوەتە ئەمریكا.
ناتۆ لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ دروست بوو، هۆكاری سەرەكی دروستبوونی ناتۆ، ترسی وڵاتانی ئەورووپا بوو لە رووسیا، بەوەی پەلاماری ئەورووپا دەدات و ئەگەر ناتۆ دروست بكرێت و ئەمریكا سەرۆكایەتی بكات، ناتوانێت پەلاماری ئەورووپا بدات.
ئەوكات توركیا لە ناتۆ وەرنەگیرا، تا شەڕی ناوخۆی كۆریا رووی دا و داوایان لە توركیا كرد بەشداری ئەو شەڕە بكات لە چوارچێوەی هێزی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی كۆریا.
توركیا بەشداری ئەو شەڕەی كرد و چەند هەزار سەربازێكی نارد بۆ كۆریا كە زۆربەیان كورد بوون، توانییان هاوكێشەی شەڕ بگۆڕن و شەڕێكی باشیان كرد و زیاتر لە ٧٠٠ سەرباز كوژران و زیاتر لە هەزار سەربازیش بریندار بوون، ئەمە وای لە ئەمریكا كرد، داوای توركیا بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ قبوڵ بكات، چونكە لەو سەردەمەدا ستالین، بە ڕوونی هەڕەشەی لە توركیا دەكرد كە دەبێت شاری قارس و ئەردەهان لە باكووری كوردستان بداتە رووسیا، بەڵام بە ئەندامبوونی توركیا لە ناتۆ، ئیدی ستالین نەیتوانی هێرش بكاتە سەر توركیا و پەشیمان بووەوە.
بۆیە دەكرێت بوترێت توركیا بە هۆی ئەو سەربازە كوردانەی ناردنی بۆ شەڕی ناوخۆی كۆریا، توانیی ببێتە ئەندامێكی كارای ناتۆ و تاوەكوو ئێستاش هەر سوود لەو هاوپەیمانییە دەبینێت.