رۆژنامەی ھەولێر

یەكێتی ئەورووپا لە توركیا نیگەرانە

كارزان گلی – هه‌ولێر

پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا، راپۆڕتی تایبەت بە توركیای قبوڵ كرد، كە زۆرترین رەخنەیان لەو وڵاتە گرتووە و دەڵێن بەرەو تاكڕەوی دەڕوات و دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن بەتەواوی لەناو ببات و نموونەیان بە هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە هێناوەتەوە.

ئەو راپۆرتەی ئامادە كرابوو لەبارەی توركیاوە، لەناو پەرلەمانی یەكێتی ئەورووپا بە ٣٨١ دەنگی بەڵێ قبوڵ كرا، ئەمەش ئەركی توركیا بەرامبەر بە یەكێتی ئەورووپا قورس دەكات، چونكە بەڕوونی دەڵێن ئەو وڵاتە دیموكراتی تێیدا لەمەترسیدایە و بەرەو تاكڕەوی دەڕوات.
لەراپۆرتەكەی یەكێتی ئەوروپادا هاتووە، حكوومەتی توركیا، یاسای پێشێل كردووە، مافی مرۆڤی پێشێل كردووە و دیموكراتی لە وڵاتدا بەگوێرەی ستاندارەدەكان ناڕوات و چاپەمەنی ئازاد نییە و ئازادی تاكیش بەهەمان شێوە كەموكوڕی تێدایە.
هەر لە راپۆتەكەدا، هۆشداری دراوەتە توركیا، یەكێتی ئەورووپا نیگەرانە لەوەی زۆرجار سەروەری خاكی یۆنان و قوبرسی یۆنان پێشێل دەكەن، چونكە ئەو دوو وڵاتە ئەندامی یەكێتی ئەورووپان و دەبێت توركیا ئەوە بزانێت.
حكوومەتی توركیا، وەڵامی ئەو راپۆتەی دایەوە و دەڵێت بەشێكی زۆری دەمەزراوەكانی سەر بە یەكێتی ئەورووپا بێلایەن نین، چونكە توركیا ئاستی دیموكراتی بەشێوەی ستانداردەكانی جیهان پەیڕەو كردووە، هەروەها یاسا لە وڵاتدا سەروەرە و ئازادی تاكیش بەهەمان شێوە زۆر گرنگی پێ دەدرێت و دەپارێزرێت.
لەگەڵ ئەوەی رەخنەی زۆر لە توركیا گیراوە، بەڵام لە راپۆرتەكەدا هاتووە: ”توركیا لەڕووی ستراتیژی و جیۆپۆلیتیكەوە گرنگە و ئەندامێكی گرنگی ناتۆشە، بۆیە وەكوو هاوپەیمان لەگەڵیدا دەمێنینەوە و بەردەوام دەبین.“
رێپۆرتەری یەكێتی ئەورووپا لە توركیا بەناوی (Nacho Amor)، لەبارەی راپۆرتی یەكێتی ئەورووپا بڵاوی كردووەتەوە، توركیا بەهەموو مانایەك بەرەو تاكڕەوی دەڕوات، تەنانەت بەشێوەیەكی زۆر خێرا بەرەو تاكڕەوی دەڕوات.“
ئەو نووسەرە نموونە بە هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە دەهێنێتەوە، بەوەی ئۆزگوور ئۆزەل، لە سەرۆكی جەهەپە لادرا و كلیچدارئۆغڵو بەشێوەیەكی نادیموكراتانە بووەتەوە بە سەرۆكی جەهەپە و ئەمەش دەریدەخات لەم وڵاتەدا یاسا بوونی نییە.
رەخنەی جیدیش لە یەكێتی ئەورووپا دەگرێت، بەوەی بەبەرچاوی ئەوانەوە لە توركیا دیموكراتی سووكایەتی پێدەكرێت و نەیارەكانی حكوومەت لەناو دەبرێن، كەچی ئەوان بێدەنگن و هیچ وەڵامێكیان بۆ توركیا پێ نییە و دەڵێت ئەمە مایەی نیگەرانییەكی قوڵە.
لە كۆتایی راپۆرتەكەی یەكێتی ئەورووپادا هاتووە: ”ئەم بێدەنگییە زیان بە سیما و متمانەی ئەورووپا بەرامبەر بە توركیا دەگەیەنێت، كۆمەڵگەی توركی، لە یەكێتی ئەورووپا و ئەو وڵاتانەی گرنگی بە دیموكراتی دەدەن دوور دەخاتەوە.“