رۆژنامەی ھەولێر

توركیا بووە خاوەنی سیستەمێكی گرنگی بەرگریی ئاسمانی

كارزان گلی – هه‌ولێر

وەزارەتی بەرگریی توركیا ئاشكرای كرد، سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکەی (SAMP_T) لە ئیتالیاوە هێنرایە توركیا و جێگیر كرا، ئەمەش لە كاتێكدایە توركیا بۆ خۆیشی لە هەوڵی ئەوەدایە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بەرهەم بهێنێت.

وەزارەتی بەرگریی توركیا لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرای دەكات، توركیا سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکەی (SAMP_T) ئیتاڵی لە توركیا جێگیر كرد، بەمەش دەیەوێت بنكە سەربازییەکەی ئینجەرلیك و سوپای ناتۆ لە هەر مووشەكێكی دوورهاوێژ بپارێزێت.
سیستەمی (SAMP_T)، زۆر بەهێزە و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا بەیەكەوە بەرهەمیان هێناوە و ئامادەیشن ئەو سیستەمە گرنگە بفرۆشنە وڵاتان.
وەزارەتی بەرگریی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، ئەو سیستەمە لە كۆنیا جێگیر كراوە، بەمەش كۆنیا دەبێتە خاوەنی سێ چین بەرگریی ئاسمانی، چونكە دوو سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆتی لێیە، كە لەلایەن ناتۆوە بۆ بەرگری لە ئینجەرلیك لەوێ جێگیر كراوە.
ئەو سیستەمە بەرگرییە بە پارە نەفرۆشراوەتە توركیا، بەڵكوو لە چوارچێوەی بەهێزكردنی بەرگریی ناتۆ، كە توركیا ئەندامە تێیدا ئەو سیستەمە دراوەتە توركیا، تا بتوانن بنكە سەربازییەكانی ناتۆ لە توركیا بپارێزن و رەنگە ئەو سیستەمە بەرگرییە لە چەند وڵاتێكی تریش جێگیر بكەن.
بڕیارە لە ٧_٨ی مانگی تەمووز، توركیا میوانداریی لووتكەی ناتۆ بكات، كە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاش بەشداری ئەو لووتكەیە دەكات.
توركیا و وڵاتان لەو كۆبوونەوەیە باس لە بەهێزكردنی سیستەمی بەرگری دەكەن، بەتایبەت بەرگریی ئاسمانی، بۆیە رەنگە لەوێ چەند بڕیارێك بدرێت و مووشەكی بەرگری زیاتر بۆ توركیا رەوانە بكەن، چونكە تاوەكوو ئێستا توركیا نەیتوانیوە خۆی مووشەكی بەرگریی ئاسمانی بەرهەم بهێنێت.
چەند ساڵێك لەمەوبەر، توركیا بە بڕی چوارملیار دۆلار، مووشەكە بەرگرییە ئاسمانییەکەی S400ــی لە رووسیا كڕی، بەڵام وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە و گوتیان نابێت بەبێ پرسی ناتۆ و رەزامەندیی ناتۆ توركیا ئەو سیستەمەی هەبێت، بۆیە فشاری زۆریان خستە سەری و تەنانەت گەمارۆی ئابووریشیان خستە سەری، ئەنجام توركیا بەناچاری سیستەمەكەی بەكار نەهێنا و ئێستاش هەر لە كۆگای ئەو وڵاتە ماوەتەوە و بەكاری ناهێنێت.
راستە سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکەی پاتریۆت لە توركیا جێگیر كراوە، بەڵام ئەمە بۆ پارێزگاریكردنە لە بنكەی ئینجەرلیك و هێزی ناتۆ، بۆیە توركیا چەندین جار داوای كردووە، پاتریۆتی ئەمریكی بكڕێت بۆ پارێزگاری لە تەواوی ئاسمانی وڵاتەكەی، بەڵام ئەمریكا پێی نافرۆشێت، بۆیە رەنگە یەكێك لەو پرسانەی لە كۆبوونەوەی لوتكەی ناتۆ باس بكرێت، كڕینی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی پاتریۆتی ئەمریكی بێت.