شێرکۆ حەبیب
ئەگەر بەشێوەیەکی کورت باس لە حکوومەت یا پێناسەی بکەین “حکوومەت ئەو دەستە یان قەوارەیەکە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کاروباری دەوڵەت و کۆمەڵگای پێدراوە. و کارەکان بە پێی دەستوور و یاسا و ڕێنماییەکان جێبەجێ دەکات و لەگەڵ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان. و حکوومەت شێوازی جیاوازی هەیە بۆ پێکهێنان. چ حزبێک بەتەنها حکوومەت پێک دێنیت، یا هاووبەشی نێوان دوو حزبی براوەی هەڵبژاردن یا زیاتر، و لە کوردستان لە دوای راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی ١٩٩١، حکوومەت لە زۆربەی حزبەکانی براوە پێک هاتووە، لە راستی ئەمەش کارێکی دروست نەبوو، بەڵام بارودۆخی کوردستان وای دەخواست، گرنگە ئێستا ئەو سیستەمە گۆڕانکاری بەسەردا بێت بە گوێرەی ئاکامی هەڵبژاردنەکان حکوومەت پێک بێت.
حکوومەتی هاوپەیمانی بریتییە لە سیستەمێکی حوکمرانی کە چەند لایەنێکی سیاسی دەسەڵاتی هاوبەش، بۆ پێکهێنانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن تێیدا هاوبەش دەبن. سیستەمی پەرلەمانی پەنا بۆ ئەم بژاردەیە دەبەن کاتێک هیچ لایەنێک زۆرینەی ڕەهای پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەدەست نەهێنێت، ئەمەش ناچاری دەکات هاوپەیمانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پێکبهێنێت بۆ دەستەبەرکردنی زۆرینە.
وەنەبێت حکوومەتی هاوپەیمانی بێ کەموکوڕی بێت، بەڵکو کەموکوڕی هەرە بەرچاوی حکوومەتەکانی هاوپەیمانی بریتین لە ناسەقامگیری سیاسی، سەختی بڕیاردانی خێرا و موزایەدەی بەردەوامی حزبی کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی چاکسازی دەکات. ئەم حکوومەتانە زۆرجار بەهۆی ئایدۆلۆژیای دژ بەیەک لە نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانیدا تووشی ئیفلیجی دەبن، ئەمەش وایان لێدەکات لە ئەگەری هەر قەیرانێکدا تووشی داڕمانی خێرا بن.
لەگەڵ ئەوەشدا ماوە ماوە گوێ بیستی دەستە واژەی شەراکەتی راستەقینە دەبین بۆ پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم، بێ ئەوەی ئەوڵایانە باس بکەن کەوا شەراکەتی حەقیقی مانای چییە و روونی بکەنەوە و چۆن دەبێ و مەبەست چییە و لەسەر چ بنەمایەک دەبێت؟ دەبێ ئەو شەراکەتە وەک بڵێی بە شەراکەتی سوپەرمارکێتێک یا کارگەیەک تينەگەیشتبن، ئێوارانان داهاتەکەی دابەش بکەن.
دەبێ وابزانن شەراکەتی حکوومەت هەمان شێوازە با بەروونی بڵێن چۆن لە شەراکەتی سوپەرمارکێتێک داهاتەکە دابەش دەکەن، حکوومەتیش بەهەمان شێوە دابەش بکەن، مانای دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی هەرێم وەک دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم بێت، و جێگری سەرۆک وەزیران و بریکاری وەزارەت و بریکاری بەرێوەبەریەگشتیەکان هەمان دەسەڵاتیان هەبێ. دەبێ بەو شێوازە لە شەراکەتی حکوومەت گەیشتبن، ئەگەر بەو بۆچوونە لە پێکهێنانی حکوومەت گەیشتبن ئەوە تا دەرکەوتنی (مەهدی چاوەرنکراو – مهدی المنتظر))،حکومەت پێک نایەت.
لە هیچ وڵاتێکی دیموکراسی حکوومەت لەسەر بنەمای شەراکەت بەو شیوازە پێک نایەت، بەڵکو لەسەر بنەمای هاوپەیمانی بە کەمکوڕی و لایانە باشەکانی کە ئەمەش جیاوازە لە شەراکەت، ئەگەر گریمان لە سەر بنەمای شەراکەت لە کوردستان پێک بێت دەبێ هەموو لایانەکانی بەشدار لە حکوومەت کە کورسیان هەبێ لە پەرلەمان بەیەک سانی پشکیان بەرکەوێت ئەوەی ئارەزومەندن لەبەشداری، یا بەگوێرەی کورسی دەسەڵاتیان پێ بدرێت، ئەوسات ئەمە نابێتە حکوومەت بەڵکو دەبێتە کۆمپانیەکی هاوبەش هەر لە نێوان چەندین لایەن، ئەگەر بەو شێوازە بێت بۆ هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، بۆ گاڵتە بە جەماوەر بکرێت و بۆ بە چەواشەکردنی دیموکراسی بکرێت، بۆ دەنگی میللەت بەلاوە بنرێت، هەڵبەتە بوونی متمانە و دڵسۆزی گرنگە لە کاری هاوپەیمانی، و ئەو لایانەی خوازیاری خزمەتی گەل و وڵات بن ئاساییە لە چ پۆست و پایەک بێت بتوانن خزمەت بە هاووڵاتیان بکەیەنن، نەک لەسەر بنەمای فلان وەزارەت و پۆست، هەموو حزبێکی براوەی یەکەم مافی خۆیەتی پۆست هەڵبژێرێت و چ وەزارەتێکی دەوێت، ئەوەش بە رێککەوتن لەگەڵ براوەی دووەم ئەگەر نا لەگەڵ براوەی سێیەم.
کاتێک لایەنێک کە کورسییەکانی لە لایەنی یەکەم کەمتر بێت، ناتوانێت مەرج بسەپێنێت بڵێ ئەو وەزارەت و ئەو وەزارەتم دەوێت، گرنگ خزمەتکردنی میللەت لەهەر ئاستێک بێت، و تا ئیستا پارتی خاوەن زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانە، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی پارتی نەرمی زۆریان نواندوە بۆ یەکریزی و پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام پێداگری لایانەکانی دیکە و کەوا کورسییەکانیان وەک کورسییەکانی پارتییە ئەمە وەهم و سەرابە، جونگە تاوەکو ئیستا بە نووسین هیچ رێککەوتنێک نییە و ئەگەر هەشبێ هەردەم سەنگی ٣٩ کورسییەکەی پارتی بەسەنگ ترە جونگە راستەو خۆ میللەت دەنگی پێداوە، و لەسەر بناغە و بنەمایەکی توگمە بەدەستی هێناوە.

