٧٩ ساڵ بەسەر داستانی مێژوویی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە رووباری ئاراس تێدەپەرێت، لە 18-6-1947 بارزانیی نەمر و 503 لە یاوەرانی لە ڕووباری ئاراس دەپەڕنەوە و روودەكەنە یەكێتی سۆڤیەتی جاران. ئەو داستانە ڕەتكردنەوەی داگیركاری و بندەستی بوو و ئومێدی مانەوە و خەباتی لە دڵی گەلی كورد بە زیندوویی هێشتەوە.
پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس لە 18 حوزەیرانی 1947 یەكێكە لە گرنگترین داستان و وێستگە مێژووییەكانی خەباتی گەلی كورد، لە دوای رووخانی كۆماری مەهاباد، بارزانیی نەمر و هاوەڵان و پێشمەرگەكانی بۆ ڕزگاربوون لە دەستی هێزەكانی ئێران و عێراق، ناچار بوون بەرەو یەكێتیی سۆڤیەتی جاران بكشێنەوە و لە ڕووباری ئاراس بپەڕنەوە.
لە گادەرەوە بەرەو دەڤەری بارزان و لە شێروان مەزن پەڕینەوە لە ڕووباری چامە و بەرەو باكووری كوردستان دەربازكردنی چیاكانی چارچەل، گۆڤەند، كەلیێ كۆتۆڵ و چەندین دۆڵ نەهاڵ، هەموویان بەفر دایپۆشیبوون و دەبوایە بارزانی بەسەریاندا سەركەوێت لەگەڵ 503 پێشمەرگە بگەنە چەمی ئاراس و لە ڕووبار بپەڕنەوە، لە ڕێگادا بە ناوچەكانی سنووری نێوان عێراق و توركیا و ئێران تا دەگاتە ناوچە سنووریەكانی نێوان روسیا و توركیا، لە زۆربەی دەڤەرەكان جگە لەوەی هاوكاری نەكران بەڵكو شەڕیان لەگەڵ دەكرد و ڕێگریشیان لە كاروانی بارزانی و هەڤاڵانی دەكرد. ئەم هەنگاوە لە مێژووی كورددا وەك هێمای تەسلیم نەبوون و بەرگریكردن سەیر دەكرێت، پاراستنی هێزی پێشمەرگە و گەیشتن بە سۆڤیەت، بووە بنەمایەكی گرنگ بۆ مانەوەی دۆزی ڕەوای كورد.
لە ڕۆژانی پەڕینەوە لە ڕووباری ئاراس بارزانیی نەمر نامەیەك بۆ ستالین سەرۆكی ئەوكاتی یەكێتی سۆڤیەت دەنوسێ و پێی دەڵێ: ئێوە دەزانن ئێمە لەپێناو ئازادی كوردان شۆرش و ڕاپەڕینمان لە دژی حكوومەتی عێراق كرد، پاشان هاتینە ئێران و لەوێش بەشداریمان لە شۆڕشی ئازادیخوازی گەلانی كورد و ئازەری كرد، بەم شێوەیە لە یەكەم نامەی دا بارزانیی نەمر وەك ڕابەر و پێشمەرگەی خاوەن قەزیە و پەیام خۆی بە ستالێن دەناسێنێ نەك هەڵگری كەیسێكی شەخسی.
دوای پەڕینەوەكە، بارزانی و هاوەڵانی بۆ ماوەی چەندین ساڵ لە یەكێتیی سۆڤیەت مانەوە و لەوێ خولی مەشق و راهێنانی سەربازییان بینی، تا دوای شۆرشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ گەرانەوە كوردستان.
بەگوتەی مێژوونووسان، پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە ڕووباری ئاراس ڕووداوێكی مێژوویییە، چونكە بۆ ئەو سەردەمە بارزانیی نەمر تەحەدای وڵاتانی ناوچەكەی كرد و دوای خۆڕادەستكردنی قازی محەممەد، بارزانی و بارزانییەكان ئامادە نەبوون خۆیان رادەستی هیچ وڵاتێك بكەن.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن، لەو ماوەیەی بارزانیی نەمر لە یەكێتیی سۆڤیەتی پێشوو مایەوە، پاشگەز نەبووەوە لەو باوەڕەی هەیەتی، چونكە ئەوكات شیوعیەت زۆر بەهێز بوو، بەڵام بارزانی هەر لەسەر بیری نەتەوەیی و نیشتمانیی خۆی مایەوە تا ئەو كاتەی گەڕایەوە بۆ عێراق، گەڕانەوەی بارزانیی نەمریش بووە ڕووداوێكی مێژوویی، لەبەر ئەوەی لەسەر ئاستی باڵا لە عێراق و میسر پێشوازی لە بارزانی و هەڤاڵانی كرا، ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییە بوو كە بریاری بارزانیی نەمر، بڕیارێكی دروست بووە لەو كاتەدا.
پیرەمێردی شاعیر بە بۆنەی پەڕینەوەی بارزانیی نەمر و یاوەرانی لە ڕووباری ئاراس بە شیعرێك هاوسۆزیی خۆی بۆ بارزانی دەربری و دەڵێت:
عەشرەت هاوارە، عەشرەت هاوارە
كەوتوومە ئاراس، ئاو بێ بوارە
ڕێم نییە منیش شوێن ئەوان بكەوم
پیرم هەنگاوێك بنێم ئەكەوم

