ڕائیب جادر – هەولێر
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەردەوام ھەرێمی کوردستان جێگەی سەرنج بووە و ڕۆڵی گرنگی بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکان گێڕاوە، ھەر ئەوەش وای کردووە وڵاتانی جیھان ڕۆژانە کونسوڵگەریی وڵاتەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، ھەر بۆ ئەو مەبەستە چوار وڵاتی ئەوروپی و عەرەبی خواستی خۆیان پێشان داوە، کونسوڵگەریی وڵاتەکانیان لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەمەش ژمارەی کونسوڵگەکان دەبێتە ٤٠ کونسوڵگە.
ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی ستراتیژی و گرنگی لە ناوچەکەدا ھەیە و لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک ھاوبەشێکی متمانەپێکراو لە ڕووی ئاسایش، ئابووری و پێکەوەژیانی ئایینی سەیر دەکرێت، بە دەروازەیەکی ئارام بۆ بازرگانی و وەبەرھێنان دادەنرێت بۆ ناوچەکانی تری عێراق و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بوونی سەرچاوەی گەورەی وزە نەوت و گاز وڵاتە زلھێزەکانی بەرەو کەرتی وەبەرھێنان لە ھەرێم ڕاکێشاوە.
ھێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە تێکشکاندنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا بینیوە و ھەرێم بووەتە قەڵغانی پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبەردەم ھەڕەشە توندڕەوەکاندا، لە کاتێکدا ناوچەکە بەدەست ململانێ و توندوتیژییەوە دەناڵێنێت، ھەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ملیۆنان ئاوارە و پەنابەر، ھەروەھا نموونەیەکی سەرکەوتووی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکھاتە ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانە.
ھەرێمی کوردستان لەڕێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێم و بوونی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتە زلھێز و ئەوروپییەکانەوە لە پایتەخت پەیوەندییەکی دیپلۆماتیی بەھێزی لەگەڵ جیھاندا دروستکردووە.
ھەریەک لە وڵاتانی بەحرێن، سەڵتەنەتی عومان، ئۆکرانیا و ئازەربایجان، ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زیاتر پەرە پێ بدەن و کونسوڵگەریی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، باڵوێزی ئەو چوار وڵاتە لە بەغدا خواستی وڵاتەکانیان دەربڕیوە بۆ کردنەوەی کۆنسوڵگە لە ھەرێمی کوردستان.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠٠٦ دامەزراوە، ئەرکی سەرەکی ئەو فەرمانگەیە دامەزراندن و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فەرمانگە بووەتە بەشێکی سەرەکی لە پێکھاتەی حکوومەتی ھەرێم و بەرپرسیاریەتییەکی گەورەی لەسەر شانە، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چەندین ئامانجی ھەبوو لە گرنگترینیان ھاندان و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی ھەرێم لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە ڕوانگەی پێشخستنی ئاشتی، سەقامگیریی سیاسی، پەرەپێدانی بازرگانی و بەرژوەندیی ھاوبەش.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە چەندین خزمەتگوزاری جیاواز پێشکەش بە نوێنەرایەتییەکانی لە دەرەوە و کۆنسوڵگەرییە بیانییە جیاوازەکان لە ھەرێم دەکات، لە سەرووی ھەموویانەوە پتەوکردنی پەیوەندی دوو لایەنە لە ناوە و دەرەوەدا، ڕێکخستن و دروستکردنی ئەو چالاکییە جۆراوجۆرانەی دەبێتە ھۆی بەرەو پێش بردن و فراوان بوونی پێگەی ھەرێم لە دەرەوە و دروستکردن و ھەماھەنگی بەردەوام لە ناوخۆ و لەگەڵ عێراق و لە دەرەوەشدا.
د. زیرەک زێباری، ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: ھەر یەکە لە ئۆکراینا و ئازەربایجان ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان زیاتر پەرە پێبدەن و کونسوڵگەریی خۆیان لە ھەرێمی کوردستان بکەنەوە، بەڵام بەھۆی جەنگی ئۆکراینا و بابەتی ڕێکارەکان لە بەغداوە، کردنەوەکە دوا کەوتووە.
ئەو ئەندامەی لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەشڵێ: دوو دەوڵەتی دیکەیش بە نیازن، یان ئامادەییان ھەیە نوێنەرایەتیی خۆیان لە ھەولێر بکەنەوە، ئەوانیش بەحرێن و عومانن، لەگەڵ باڵوێزی بەحرێن قسەم کردووە، ئەوان خۆشحاڵن، بەڵام لەبەر جەنگی ئیسرائیل و ئێران کردنەوەکەیان دواخستووە، بۆ عومانیش بە ھەمان شێوە ئەوانیش بەڵێنیان داوە نوێنەرایەتی بکەنەوە، ئەوەی لەسەرمانە بەزووترین کات لە بەغدا بتوانین وەک لێژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە فشار دروست بکەین و ڕێکارەکانی کردنەوەی نوێنەرایەتیی ئەو دەوڵەتانە تەواو بکەین.
ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە ٣٥ وڵات کونسوڵگەری و نوێنەرایەتییان لە ھەرێمی کوردستان ھەیە، بەمەش ژمارەی کونسوڵگەریی وڵاتان نزیک دەبێتەوە لە ٤٠ کونسوڵگە.
د. زیاد نەوجەت، چاودێری سیاسی، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ھەندێک لە وڵاتان پەیوەندییەکی دێرینیان لەگەڵ گەلی کوردستان ھەیە و ھەمیشە لە قۆناغە جیاکاندا پشتگیری و پشتیوانی بەردەوامی خۆیان بۆ گەلی کوردستان دووپاتکردووەتەوە، ئەو گرنگیدانە بە ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی، ئابووری و پرسی پێکەوەژیان و ھەرێمی کوردستان بە یاریکەرێکی گرنگ دەبینێت لە ھاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا، لەگەڵ ئەوەی ھەرێمی کوردستان وەکو نموونەیەکی بێ وێنە لەسەر ئاستی جیھان، کە دەوڵەتێکی دانپێنراو نییە، بەڵام قەوارەیەکی دەستووری گرینگە، کەش و ھەوایەکی دیموکراسی و فەزایەکی فراوانی بۆ ئازادییەکان فەراھەم کردووە و لە چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕووی ستراتیژی ئابووری زانیاری ھەنگاوی زۆر باشی بەرەو پێشەوە ناوە.
ئەو چاودێرە، گوتیشی: کابینەی نۆیەم زەمینەیەکی لە باری ڕەخساندووە بۆ ناساندن و ھەماھەنگییە بەردەوامەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ دەرەوەدا، لە سایەی ھەوڵەکانی مەسرور بارزانی، بەردەوام دەبینین ھەرێـمی کوردستان بەشدارییەکی چالاک و کارای ھەیە لە کۆنفرانس و کاروچالاکییە دیپلۆماسییەکانی جیھان لە دەرەوەدا.
د. ئیبراھیم حەمید، مامۆستای زانکۆ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەردەوام گرنگی بە پەیوەندییەکانی دەرەوە داوە و بەردەوام جەختی لەسەر یەکگرتوویی، ھەماھەنگی، برەودان بە پێشکەوتنەکان کردووەتەوە لە ناوخۆ و دەرەوەشدا بەجۆرێک بە ئەندازیاری کرانەوەی ھەرێمی کوردستان بەڕووی دەرەوەدا ناوی دەبەن، کاتێک باس لە سەردانەکان بۆ دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیکردن لە سەرۆک و شاندە بیانییەکان، دانیشتنە جیاوازەکان و گفتووگۆکان دەکرێت، ئەستەمە گوێبیستی ناوی یاخود ئامادەیی نێچیرڤان بارزانی نەبین و نەبینین، زۆربەی کات لە ڕیزی سەرکردەی وڵاتان پێشوازی و ھەماھەنگی لەگەل سەرۆکی ھەرێم دەکرێت، لە ھاتنی شاندە دیپلۆماسییەکان و سەرۆکی وڵاتە بەھێزەکانی دنیا بۆ ھەرێمی کوردستان بە بەردەوامی ھەوڵی داوە زۆرترین ھەماھەنگی، پێشکەوتن ھەبێت و بەردەوام لە گفتووگۆکاندا لەگەڵیان سیاسەتێکی حەکیمانەی دیپلۆماسی بەکارھێناوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت، سەرکردایەتی سیاسی کوردستان توانایەکی زۆر باشی ھەیە لە دیپلۆماسییەتکردندا، دیپلۆماسییەتییەکانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی دروستکرد، سەردان و گفتووگۆکان لە نێوان سەرۆکی ھەرێم و ناوخۆ و دەرەوەدا بەردەوام بووەتە مایەی تێڕامان و بە دەستکەوت و پێشکەوتن وەسف کراوە، لە ھەر کۆنفرانسێکی دەرەوە سەرۆکی ھەرێم و سەرۆکی حکوومەت بەشداری تێدا بکەن، دەستکەوتی گرنگ بۆ ھەرێمی کوردستان بە دەست دێنن.

