رۆژنامەی ھەولێر

لیژنەی هاوبەش پێکدێت بۆ چارەسەری دۆسیەی ئەو دەروازە سنوورییانەی کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی نەناسێنراون

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق خەریکە لەبارەی یەکێک لە گرنگترین کێشە بازرگانییەکانی نێوانیان بە ڕێککەوتن دەگەن. شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی گشتیی گومرگی عێراق لەسەر یادداشتێکی لێکتێگەیشتن بە ڕێککەوتن گەیشتوون کە شازدە خاڵ لەخۆ دەگرێت و ئەگەر بە بێ کێشە جێبەجێ بکرێت ئەوا سوودی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەبێت و پرسی گومرگ و بازرگانی لە تەواوی عێراق یەکدەخسترێت.

یەکێک لەو کێشانەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەئارادابووە جێبەجێکردنی سیستمێک بووە لە ژێر ناوی ئەسیکۆدا. ئەمە لەراستیدا سیستمێکی نێودەوڵەتییە بۆ یەکخستنی هەموو کاروبارەکانی پەیوەندیدار بە هاوردەی بازرگانی لە تەواوی وڵات و ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و لە هەمان کاتدا بە ئەلیکترۆنیکردنی هەموو پڕۆسەی پەیوەندیدار بە مۆڵەتی هاوردە و پێدانی باجە لە تەواوی سنوورە بازرگانییەکان.
سیستمەکە چەند ساڵێک بوو لە عێراق بە شێوەی ئەزموونی تاقی دەکرایەوە بەڵام لەسەرەتای ئەمساڵەوە بە فەرمی دەست بە جێبەجێکردن کرا. لەگەڵ جێبەجێکرانی سیستمەکە جۆرێک هەڵاوسان و گرانی و پشێوی لە بازاڕەکانی عێراق هاتە کایەوە چونکە سیستمەکە لە بەشێکی عێراق جێبەجێ کرا و لە بەشێکی دیکە جێبەجێ نەکرا و دەروازەکانی عێراق بە دوو سیستمی جیاواز شتومەکیان هاوردە دەکرد.
بازرگانانی عێراق کە لە چوارچێوەی سیستمەکە هەر بە نرخی بانکی ناوەندی دۆلاریان پێ درا بەڵام بازرگانانی هەرێمی کوردستان بێبەش کران لەو خزمەتگوزارییە و تەنانەت هەموو ئەو کاڵایانەی لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان هاوردە دەکران، کاتێک بۆ عێراق دەگوازرانەوە داوای باج و پێناسی دیکەی گومرگییان لێ دەکرا و هەر کاڵایەک بارکۆدی ئەسیکۆدای نەبوایە ڕێگەی گواستنەوەی بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراقی پێ نەدەدرا.
لەو ماوەیەدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە دانوستاندابوون بۆ ئەوەی بتوانن لە چوارچێوەی ڕێککەوتن و بە لەبەرچاوگرتنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە پرسی بازرگانی هەمان سیستم لە کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستانن دژی سیستمەکە نەبووە بەڵام پێی وابووە جێبەجێکردنەکەی لە کوردستان پێویستی بە ئامادەکاری هەیە و ناکرێ لەپڕ جێبەجێ بکرێت.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا کە شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای بۆ هەمان مەبەست کردبوو لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەت و دەستەی گشتیی گومرگی عێراق بە جۆرێک لێکتێگەیشتن گەیشتوون کە شازدە خاڵ لەخۆ دەگرێت.
بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی تەواوی دەبێت لە تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی سنوورە کارگێڕییەکەی لە سیستمی ئەسیکۆدا، دەستەی گشتیی گومرگی عێراق ئەرکی مەشقپێکردنی کارمەندان لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتە ئەستۆ بۆ کارکردن بە سیستمی ئەسیکۆدا. زمانی کوردی بۆ سیستمی ئەسیکۆدا زیاد دەکرێت و کۆپییەکی یەدەگی زانیارییەکانی تایبەت بەو سیستمە لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان هەڵدەگیرێت.
لێکتێگەیشتنى نێوان هەولێر و بەغدا لەبارەى گومرگ و سیستمى ئەسیکۆدا ڕێگە دەدات بە زیادکردنى زمانى کوردى بۆ سیستمەکە، یەکخستنى پێناسى گومرگى لە دەروازە سنوورییەکانى هەردوولا. هەروەها لیژنەى هاوبەش پێکدەهێنرێت بۆ یەکلاکردنەوەى دۆسیەى دەروازە سنوورییەکان کە دانیان پێدا نەنراوە لەگەڵ ڕۆژنامەى کشتوکاڵى ساڵانەى نێوانیان. هەر بە گوێرەی لێکتێگەیشتنەکە هەردوو پرسی داهاتی گومرگ، باج، لێخۆشبوونی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی عێراق یەکلا دەکرێتەوە.
لە لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە کە هەردوولا دان بە ناوچەی گومرگی ئازادی سەر بە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیدا بنێن و لیژنەی هاوبەش پێکبهێنن بۆ چارەسەری دۆسیەی ئەو دەروازە سنوورییانەی کە تاوەکو ئێستا بە فەرمی نەناسێنراون.
هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر یەکخستنی پێناسی نوێی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەر گۆڕانکارییەکیش لە ئایندەدا لەو پێناسەدا بکرێت دەبێت بە بڕیاری هاوبەشی هەردوولا بێت.
یەکێکى دیکە لە خاڵەکان ئەوەیە کار بەو مۆڵەتانە بکرێت کە لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەى هاوردە و هەناردەی کاڵا دراون و ئەو بەڵگەنامانەش کاریان پێ بکرێت کە لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان دراون بە کۆمپانیاکان.
ئەگەر ئەم لێکتێگەیشتنە بە ڕێککوتنێکی گشتگیر کۆتایی بێت ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر گەشەپێدانی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و نەرخەکانیش ڕوو لە دابەزین دەکەن.