ڕائیب جادر – هەولێر
پرۆسەی ھاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، بۆ ئەو مەبەستە ھەموو ئامادەکارییەک کراوە و ڕۆژانە بە ھەزاران زیارەتکار دێنە ھەرێمی کوردستان. پارێزگاری ھەولێریش، دەڵێت: ھەموو پێداویستی و شوێنێکی گونجاو دابین کراوە بۆ پێشوازیکردن لەو زیارەتکارە ئێرانییانەی کە لە ڕێگەی ھەرێمی کوردستانەوە بەرەو شارەکانی عێراق بەڕێ دەکەون، بەمەبەستی بەشداریکردن لە مەڕاسیمی چلەی ئیمام حوسێن.
ساڵانە بۆ بەشداریکردن لە چلەی کوژرانی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتاڵیب، سەدان ھەزار ھاووڵاتی شیعە مەزھەب لە عێراق و وڵاتانی دیکە، لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا کۆدەبنەوە و بە کۆمەڵ شیوەن دەکەن.
زیارەتکارانی ئێرانی سەرەتا دێن بۆ ھەرێمی کوردستان و لە پێشانگەی نێودەوڵەتی ھەولێر شوێنی مانەوەیان بۆ ئامادە دەکرێت و دواتر بەرێدەکەون بەرەو نەجەف و کەربەلا بۆ چلەی ئیمام حوسێن، کە ئەو پرۆسەیە بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد: پرۆسەی ھاتنی زیارەتکاران بۆ ناوچەکە بۆ یەکەمجار نییە و لە ساڵانی ڕابردووشدا ھەبووە، بەڵام بۆ ئەمساڵ بە ئەزموون وەرگرتن لە ساڵانی پێشوو، ئامادەکارییەکان باشتر و ڕێکخراوترن.
پارێزگاری ھەولێر، گوتیشی: لیژنەیەکی تایبەتمان بۆ ئەم مەبەستە پێکھێناوە و لەگەڵ کونسوڵخانە گفتوگۆمان کردووە، شوێنی مانەوە و ھەموو پێداویستییەکانی دیکەمان بۆ زیارەتکاران دابین کردووە بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە پێشوازییان لێ بکرێت.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو زیارەتکارانەی پێشبینی دەکرێت سەردانی ھەولێر بکەن، ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر، گوتی: تا ئێستا ئامارێکی ورد لەبەر دەستدا نییە، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای ھەولێر بە گرنگییەوە لەم بابەتە دەڕوانن و ئامادەن بۆ ھەر ژمارەیەک کە ڕوو لە ناوچەکە بکات.

