فازڵ میرانی
لێرەدا سوود لە لێهاتوویی مایسترۆیەک لە بەڕێوەبردنی ئۆرکێسترادا و توانای ژەنیارەکان بۆ هاوئاهەنگبوون لە ژەنیندا وەردەگرم، تاوەکو ئەمە ببەستمەوە بە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی دەوڵەتێکدا.
هاوئاهەنگی لە ژەنیندا بەو هۆیەوە بەدی دێت کە ئۆرکێسترا لە ژەنیاری لێهاتوو پێکهاتووە؛ ئەوانەی توانای خوێندنەوەی نۆتە نووسراوەکانیان هەیە، شارەزای ئامێرەکانیانن و سەرنجیان لەسەر جووڵەی ڕاهێنەرەکەیانە. خۆ ئەگەر وابێت کە ڕاهێنەرەکە خۆی پسپۆڕی مۆسیقا نەبێت، یان ژەنیارەکانیش هاوشێوەی ئەو بن، یاخود زمانێکی دیاریکراو ڕێسا و ڕێتمی ژەنینەکە ڕانەگرێت، ئەوا بێگومان پشێوی و ئاژاوە دروست دەبێت.
فەرمانڕەوایی لە ڕووی بنەماکانییەوە، لە هەر بەرهەمێکی بەکۆمەڵ دەچێت کە مەرجەکانی بریتین لە لێهاتوویی و پابەندبوون بە دەقێکی نووسراوەوە کە چوارچێوەی کارەکە ڕوون دەکاتەوە.
لە ماوەی ساڵانی تەمەن، ژیانی سیاسی و کارکردنمدا، دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخساوە کە چاودێری و ئاگاداریی چەندین ئەزموونی جیاوازی حوکمڕانی بم، لەوانەش بێگومان و بە پلەی یەکەم و بەردەوام، حوکمڕانی لە عێراق و کوردستاندا. تا ئێستاش هیچ حوکمڕانییەکی نموونەیی بوونی نییە کە هاوشێوەی ئەو پێشکەشکردنە مۆسیقییە بێخەوشە بێت کە لە سەرەتادا وەک نموونە هێنامەوە، بەڵام زۆرن ئەو نموونە سەرکەوتووانەی حوکمڕانی کە لادان و ناشازیی تێیاندا زۆر کەمە و تەنانەت بەرەو نەمان دەچێت، لە بەرامبەریشدا نموونەی زۆر زیاتر هەن لە حوکمڕانییەک کە سەرتاپای پڕە لە ناشازی و ناتەبایی ئازاربەخش.
حوکمڕانی لە ئامێرێکی مۆسیقا یان کۆمەڵێک ئامێر دەچێت؛ کە شێوازی گرتن و ژەنینی خۆیان هەیە، جا بە تەقاندنی تەلەکان، لێدان، فووپیاکردن یان ڕیتم بێت. ئەوان ئەو دەنگە بەرهەم دەهێنن کە مەبەستە، لە چوارچێوەی تۆنەکان و ئاماژە دیاریکراوەکانی کە لای گوێگر پەسەندە، تەنانەت ئەگەر جیاوازیی لە تاموچێژیشدا هەبێت.
لە سەرانسەری جوگرافیای بوونی مرۆڤایەتیدا، تەواوی بیرۆکە و بیروباوەڕەکان کارلێکیان کردووە و هەموو ئەو شێواز و ناوەڕۆکانەی حوکمڕانییان پێشکەش کردووە کە خەیاڵبڕیان دەکات یان لێیان بێدەسەڵاتە. تەنانەت لە پێشکەوتووترین و شارستانیترین وڵاتانی جیهاندا، تا ساڵانێکی نزیکیش، دۆخەکە پڕ بوو لە ناشازییەک کە بووە هۆی کارەساتی سەربازی، ئابووری و ئەمنی. بەڵکو مرۆڤایەتی زۆری پێچوو تا بەشێکی توانییان سیستەمگەلێک بدۆزنەوە کە لای زۆربەی کۆمەڵگەکانیان پەسەند بێت. سەرەڕای ئەمەش، هێشتا شاهیدی بەردەوامیی ململانێ و ڕکابەرین، ئەمەش ڕەنگدانەوەی گۆڕانکاری و گەشەکردنی بیرکردنەوە، پێداویستی، خواستە تایبەتەکانی سیاسەتمەداران و گشتی خەڵکە. بەڵام لە کۆتاییدا، ئەوان و گەلانیش سنوورەکانی دەسەڵات فێربوون و دەزانن کە دەسەڵات تەنها ئامرازێکە لە خزمەت کۆمەڵگەدا، تەنانەت لەو دەوڵەتانەشدا کە سیستەمی پاشایەتییان هەیە؛ مەبەستم ئەو سیستەمانەیە کە مەرجەکانی سەرکەوتنیان تێدایە و بوونەتە نموونەیەک بۆ ئەو سەقامگیرییەی کە زۆرینەی هاووڵاتیانی ئەو نیشتمانە لەسەری کۆکن و لایان پەسەندە.
ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڕۆڵی هەر تیمێک لە قوتدانی دەسەڵات لەلایەن گروپێکەوە کە خۆی بە دەوڵەت دەزانێت و ڕێگەی لێ دەگرێت سەرکێشی بە دەوڵەتەوە بکات. تەنانەت یەکێک لە پێوەرەکانی سەقامگیریی ئەم نموونانە ئەوەیە کە بوونەتە ڕوگەی خوازیارانی پەنابەریی مرۆیی، ئەمەش بەڵگەیەکی ڕاستەقینەیە لەسەر ناوەڕۆکی بەرنامەی کاری دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتانە.
ژەنینی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتدا، چ دەسەڵات بێت یان ئۆپۆزسیۆن، لە زۆربەی نموونەکانیدا کەمکووڕیی هەیە؛ یان بەهۆی ژەنینێکەوەیە کە مەرجی شایستەیی تێدا نییە، یان بەهۆی ڕابەرێکەوەیە کە تەنها خەمی ئەوەیەتی بوەستێت و داری مایسترۆکە (باتۆن) بجوڵێنێت بێ ئەوەی هیچ پەیوەندییەکی بە ئاوازەکەوە هەبێت. خراپتر لەوەش ئەوەیە کە کاتێک ئامێرەکان، ژەنیارەکان و ڕابەرەکەش ئامادەن، بەڵام ئاوازێکی وا بێزارکەر پێشکەش دەکەن کە هیچ سەلیقەیەک قبوڵی ناکات.
کۆمەڵگەکانی ئێمە هاوشێوەی کۆمەڵگەکانی دیکە، هەمان ئەو ململانێیانەیان تاقیکردەوە کە لە ئەنجامی تێکەڵبوونی بیروباوەڕە دژبەیەک و چاکسازیخوازەکان لەگەڵ بیرە تەقلیدییەکاندا سەرچاوەیان گرتبوو. کۆمەڵگەکانی ئێمەش وەک ئەوانی تر، تاوانیان بەرامبەر بە خۆیان و بەرامبەر بەوانی تریش کرد؛ کوشتیان، ئاوارە کران و ئاوارەیان کرد، قڕکران و بەشێکیشیان لەو قۆناغانەدا قڕ کران کە تێیدا شێتیی مرۆیی لەژێر کاریگەریی بیرۆکەی تاکڕەویدا بڵێسەی سەندبوو. بەڵام ئەو ڕابردووەی کە ئێستا دووبارە دەیخوێنینەوە و لێکدانەوەی بۆ دەکەین، دەریخست کە هەموو ئەو هەوڵ و زیانانە تەنها گوناهگەلێک بوون، کە دروستیی وازهێنان لێیان ناچەسپێت مەگەر کاتێک ژیرەکان دوو نموونەی ئێستای دوو سیستەم بهێننە پێش چاوی خۆیان: یەکێکیان بڕیاری داوە سیاسەت و بەرنامەیەکی کار بژەنێت کە بەرهەمی شیرین و چاکی هەبێت، ئەوی تریش دەژەنێت، بەڵام بەرهەمی ژەهراوی دەدات بە دەستەوە.
دەستوور، کە وەک لاپەڕەی نۆتە و ئاوازەکانی کۆمەڵگەیە، یان ئەوەتا شایستەی نووسینەوە و ژەنینە بەپێی بنەماکانی، یان ئەوەتا خراپە و پێویستە بەدوای بەدیلێکی باشتردا بگەڕێین کە لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت. یاخود ئەگەر دەستوورەکە باش بێت بەڵام ژەنیارەکان لە دەرەوەی ئەو نۆتانە بژەنن، ئەوا لەو کاتەدا نە ئەوان بە ژەنیاری ڕاستەقینە دادەنرێن و نە ئەوەش کە دەیژەنن شایستەی گوێگرتنە. ئەمەش دژواریی فەرمانڕەواییە لە ڕۆژهەڵاتدا، یان لانی کەم بەشێکە لەو دژوارییە.

