رۆژنامەی ھەولێر

لە هەولێر پەردە لەسەر پەیکەری جەنەڕاڵ “شارل دێ گۆل” لادرا

لە ڕێورەسمێکدا، بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، نوێنەری جەنابی سەرۆک ” مەسعود بارزانی ” و نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانیەکان، و کونسڵ و نێردەی وڵاتان، پەردە لەسەر پەیکەری سەرۆک و جەنەڕاڵی ناوداری فەڕەنسی ” شارل دێ گۆل ” لادرا.

لەڕێورەسمەکەدا تیشک خرایە سەر وێستگە مێژووییەکانی ژیانی ئەم سەرکردەیە و پێوەندییە دێرینەکانی لەگەڵ ڕێبەری نەتەوەیی کورد ” بارزانی نەمر ” و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان و تیشک خرایە سەر دەقی ئەو نامە گرنگ و مێژووییەی کە ڕێبەری نەتەوەییمان ” مستەفا بارزانی نەمر ” لە ساڵی 1968دا ئاراستەی جەنەڕاڵ دێ گۆلی کردبوو و ئەو مێژووە بەرز ڕاگیرا و ئەو هەنگاوەش وەک قۆناغێکی نوێیە لە بەهێزکردنی پێوەندییە فەرهەنگی و دیپلۆماسییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فەڕەنسا، کە هەمیشە پاڵپشتێکی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بووە هەژمارکرا.
جگەی باسە، ئەم دەستپێشخەرییە لەلایەن دەزگای ڕوانگە بەهەماهەنگی کونسڵخانەی گشتیی فەڕەنسا و پەیمانگای فەڕەنسی لە هەولێر ڕێکخرابوو.