رۆژنامەی ھەولێر

دروستکرانی پارتێكی تر لەناو جەهەپە تا چەند سەركەوتوو دەبێت؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە هەڵوەشایەوە، بەمەش ناكۆكییەكی گەورە لەناو ئەو پارتەدا دروست بووە، چونكە ئۆزگوور ئۆزەل، وەكوو سەرۆكی پارت نەما، لە شوێنی ئەو كەمال كلیچدارئۆغڵو، بووەوە بە سەرۆكی جەهەپە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی، لایەنگرانی جەهەپە ببن بە دوو بەش، بەڵام بەشە گەورە و زۆرەكەی پشتگیریی لە ئۆزەل دەكەن.

ئەو پرسیارەی لەناو میدیاكانی توركیا دەكرێت و قسەی جیدی لەسەر دەكرێت، ئەگەربێتو ئۆزەل پارتێكی تازە دروست بكات، تا چەند لایەنگرانی جەهەپە پێشوازی لەو پارتە دەكەن؟
ئۆزگوور ئۆزەل، داوا لە كلیچدارئۆغڵو دەكات لە مانگی تەمووزدا بچنە ناو كۆنگرەی ئاسایی، بەڵام كلیچدارئۆغڵو، دەزانێت ناتوانێت سەركەوتوو بێت، بۆیە دەڵێت تا دۆخی جەهەپە ئارام نەبێتەوە و پارتەكە رێكنەخەمەوە ناچمە ناو كۆنگرە، ئەمەش رێگە بۆ ئۆزەل خۆش دەكات پارتێكی تر دروست بكات و بەشێكی زۆری سەركردایەتیش هانی دەدەن.
دەزگای لێكۆڵینەوەی كۆندا، كە سەر بە جەهەپەیە، راپرسییەكی لە ٦٧ شاری توركیا ئەنجام داوە و لە خەڵكی پرسیوە ئایە هەڵوەشانەوەی كۆنگرەی ٣٨ی جەهەپە رەوایە و پێی رازین؟ ٨٠٪ی بەشداربوانی راپرسییەكەدا بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە، ئەمەش دەیسەلمێنێت، بنكەی جەماوەری جەهەپە، لەگەڵ ئەوە نییە كلیچدارئۆغڵو بووەتەوە بە سەرۆكی پارت.
هەر بەگوێرەی ئەنجامی راپرسییەكە، ٥٣٪ی لایەنگرانی جەهەپە داوا دەكەن پەلە بكرێت لە ئەنجامدانی كۆنگرە، ٥٪ی بەشداربوانی راپرسییەكەش لەگەڵ ئەوەدان كلیچدارئۆغڵو ببێتەوە بە سەرۆكی پارت و بەشێكی زۆریان ئۆزەلیان دەوێت.
ئایدن ئێردەم، سەرۆكی دەزگای كۆندا، قسەی بۆ ئاژانسی (BBC) توركی كردووە و دەڵێت: ”ئەگەر بێت و كلیچدارئۆغڵو خۆی بگرێت و تا ماوەیەكی تر وەكوو سەرۆك بمێنێتەوە و بەرگەی ئەو فشارە بگرێت كە لەسەرییەتی، دەتوانێت سوود لە كات وەربگرێت و هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەو سەركردانە بكات كە ئێستا لە دەوری ئۆزەل كۆبوونەتەوە و ئەوكات لایەنگری لەناو پارت زیاد دەكات.“
تامەر بۆڵات، سەرۆكی دەزگای لێكۆڵینەوەی (گوندەمار)، پێیوایە ئەگەر بێت و ئۆزەل و ئەو گروپەی لەگەڵیەتی نەگەنە هیچ ئەنجامێك لەگەڵ كلیچدارئۆغڵو، پارتێكی تازە دروست دەكەن.
ئەو قسەی بۆ ئاژانسی ناوبراو كردووە و دەڵێت: ”ئەگەر بێت و ئەو پارتە تازەیەی بڕیارە دروست بكرێت، ئۆزگوور ئۆزەل و ئەكرەم ئیمامئۆغڵو و مەنسوور یاڤاش سەركردایەتی بكەن، ٧٢٪ی دەنگدەرانی جەهەپە دەنگ بەو پارتە تازەیە دەدەن، بەشێكیش دەنگ نادەن و ١٢٪ی بە جەهەپەی دەدەن، ئەو جەهەپەیەی كلیچدارئۆغڵو سەرۆكیەتی.“
محەڕەم ئینجە، سەركردەی دیاری ناو جەهەپە، كە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٨، بەربژێری جەهەپە بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، پێی وایە نابێت بیر لەوە بكرێتەوە پارتێكی تر لەناو جەهەپە دروست بكرێت، چونكە بۆ خۆی تاقی كردووەتەوە و سەركەوتوو نەبووە.
بەڵام ئینجە و ئۆزەل و ئیمامئۆغڵو جیاوازن، ئینجە خاوەن جەماوەرێكی گەورە نییە لە توركیا و تەنانەت ئەگەر وەكوو بەربژێری سەربەخۆش خۆی بەربژێر بكات، ناتوانێت بگاتە پەرلەمان، بەڵام ئۆزەل و ئیمامئۆغڵو، خاوەنی ملیۆنان دەنگن لە توركیا و جەهەپەییەكان پێشوازی لەو دوو سەركردەیە دەكەن.
ئەوەی مایەی نیگەرانییە بۆ ئەو كەسانەی بڕوایان بەوە هەبوو لە هەڵبژاردنی داهاتوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان ناتوانێت سەركەوتوو بێت، دەڵێن ئەم پەرتییەی جەهەپە، خزمەتێكی گەورە بە ئاكەپە و خودی ئەردۆغان دەكات و شانسی بردنەوەی بەربژێری ئۆپۆزسیۆن لاواز دەكات.