كارزان گلی – ههولێر
ئەحمەد تورك، سیاسەتوانی بەناوبانگی باكووری كوردستان، ئاشكرای دەكات تاوەكوو ئێستا نازانن، پرۆسەی ئاشتی لە توركیا نەخشەڕێگەكەی چۆنە و دەوڵەت چی دەوێت و قەندیل چی دەوێت و چاوەڕوانیی هەردوو لا چین.
ئەحمەد تورك، سیاسەتوان و سەرۆكی شارەوانی لەكارلادراوی مێردین، نایشارێتەوە لەبارەی رەوتی ئاشتی نائومێدییەك لای كۆمەڵگەوە دروست بووە، بەڵام ئەوەی رەوتی ئاشتی تێك دەدات كورد نییە.
ئەحمەد تورك، لە كاتی بەشداریكردنی لە كۆنفڕانسێكدا لە ئیستانبۆڵ، لەبارەی رەوتی ئاشتی و چەكدانانی پەكەكە چەند گوتەیەكی تازەی گوت.
تورك گوتی: ”بەدڵنیاییەوە بۆ ئەوەی رەوتی ئاشتی لە توركیا ببێتە ئاشتییەكی بەردەوام وەكوو كورد هەموو هەوڵێك دەدەین، ئێمە وەكوو بزووتنەوەی كورد، زۆر بەسەبرەوە چاوەڕێ دەكەین، ئەگەر ئەو رەوتەش تێك بچێت ئەوە كورد نییە تێكی دەدات، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین لەناو كۆمەڵگەدا بێئومێدییەكی زۆر برەوی سەندووە.“
تورك باس لەوەش دەكات، سەرەڕای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ٢٧ـی شوبات داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێت و پاشان چەندین كۆبوونەوەی گرنگ لەئاستی باڵادا ئەنجام درا، بەڵام تاوەكوو ئێستا نازانن، نەخشەڕێگەی ئەو رەوتە چۆنە؟ چاوەڕوانی چییان لە ئێمەیە و قەندیل لەوبارەیەوە چی دەڵێت؟ ئەمەش راستییەكە دەبێت باس بكرێت.
ناسنامە و زمانم بەهیچ حیساب دەكرێت
ئەحمەد تورك، لەو كۆنفڕانسەدا باسی لەوەش كرد، سێجار لەسەر یەك لەلایەن خەڵكەوە وەكوو سەرۆكی شارەوانیی مێردین هەڵبژێردرا، بەڵام لەلایەن دەوڵەتەوە قەیومی لەسەر دانرا و دەڵێت: ”ئێستا دێن بە كورد دەڵێن چیت دەوێت و یان دەڵێن كورد چی دەوێت؟ دەمەوێت خۆم بكەم بەنموونە، منداڵی خانەوادەیەكم لە خاكێكی فراوانی كوردستاندا لە دایك بوومە، بەڵام ناسنامەم نییە، زمانم نییە، گەلەكەم بە هیچ حیساب دەكەن، بۆیە كێشەی كورد لێرەوەیە.“
تورك پێیوایە كورد هەرگیز نەتەوەیەك نەبووە جیاوازی لە نێوان پێكهاتەكاندا بكات، بەڵكوو هەمیشە هەوڵی بۆ یەكگرتوویی بووە، هەمیشە بەرگری لە كۆمەڵگەیەكی ئاشتیخواز و برایەتی كردووە.
زیاتر دەڵێت: ”سەرەڕای هەموو سیاسەتێكی زاڵمانە بەرامبەرمان، لە ١ی ئەیلوول، لە ١٩٨٦ و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر چەند پەرلەمانتارێك لە ١٩٩٤ و پاشان زیندانیكردنیان، بەڵام دەستبەرداری سیاسەتی دیموكراتیانە نەبوین و بڕوامان وابووە بەشێوەیەكی دیموكراتیانە پرسەكەمان چارەسەر دەبێت. ئێمە نامانەوێت ئەو بڕوایەمان لەدەست بدەین، بۆیە لێرەوە بە هەموو ئەو ئەكتەرانە دەڵێین كە دەستیان داوەتە رەوتی ئاشتی لە توركیا، یەكگرتوو بن و هەموو گەل لە باوەش بگرن و پڕۆژەیەك بهێننە بوون بۆ ئاییندە بێت و هەموومان لەژێر ئەو پڕۆژەیە هەست بە ئارامی و ئومێد بكەین.“

