رۆژنامەی ھەولێر

زۆربەی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا هەرێمی کوردستانیان پێ فاکتەرێکی هەرە گرنگی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەیە

عەبدولقەهار هەولێری

لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییە بەردەوامەکانی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ دامەزراوە و دەزگاکانی یەکێتیی ئەوروپادا، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل، بە سەرۆکایەتی د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەوروپا، لە ماوەی رابردوودا زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ باڵۆێزانی ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ئەنجام دا.

لەو چوارچێوەیەدا، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵۆێزی پانزە وڵاتی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا کۆ بووەوە؛ ئەو وڵاتانەی ئەندامی لیژنەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا (PSC)ن و ڕۆڵێکی سەرەکییان لە دارشتنی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا هەیە. ئەو وڵاتانەش بریتین لە ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتالیا، ڕۆمانیا، هەنگاریا، پۆڵۆنیا، یۆنان، هۆڵەندا، بەلجیکا، دانیمارک، سوید، سلۆڤێنیا، بولگاریا، لۆکسمبۆرگ و چیک.
لە کۆبوونەوەکاندا، هەڵوێستی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە خرایە ڕوو و جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی پاراستنی پێگە دەستووریەکەی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیکردن لە قەوارەی هەرێم، وەک بەشێک لە ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا.
هەروەها، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەو هەوڵانە کرد کە بۆ لاوازکردنی پێگەی سیاسی، ئاسایشەوانی و ئابووریی هەرێم دەکرێن و داوای لە هاوبەشانی ئەوروپایی کرد پشتیوانییان بۆ پاراستنی سەقامگیری و پێگە دەستووریەکەی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت.
بەپێی ئەنجامی ئەو دیدارانە، زۆربەی وڵاتە ئەندامەکان هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە گرنگترین فاکتەرەکانی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە دەبینن و ڕۆڵی سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی کوردستان بە گرنگ و کاریگەر دەنرخێنن.
شایانی باسە کە باڵۆێزانی لیژنەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایش (PSC) دیپلۆماتکارانی باڵای وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپان و لە برۆکسل سەرپەرشتی سیاسەتی هاوبەشی دەرەوە، ئاسایش و بەرگریی یەکێتیی ئەوروپا دەکەن. ئەندامانی ئەو لیژنەیە هەفتانە دوو جار کۆ دەبنەوە بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، دیاریکردنی ئاراستەی ستراتیژی و ڕێنماییکردنی ئۆپەراسیۆنە مەدەنی و سەربازییەکانی یەکێتیی ئەوروپا.