رۆژنامەی ھەولێر

ڕێنمایی بۆ قوتابیان له‌ ماوه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كاندا

م. سەردار ئەسعەد مامۆ

ئەنجامدانی تاقیکردنەوە گشتییەکانی پۆلی (١٢)ـی ئاماده‌یی وتاقیكردنه‌وه‌ی نیشتمانی پۆلی (٩)ـی بنه‌ڕه‌تی، قۆناغێکی گرنگە لەژیانی خوێندنی هەر قوتابییەکدا، بۆ ئەوەی قوتابی بتوانیت بەباشترین شێوە و بەکەمترین دڵەڕاوکێ ئەم قۆناغە تێپەڕێنیت، به‌باشی ده‌زانین‌ ئەم ڕێنماییانەی خوارەوە جێبەجێ بکات:

یه‌كه‌م: ئامادەکاری پێش ڕۆژی تاقیکردنەوە: كه‌ ئه‌م خاڵانه‌ له‌خۆ ده‌گرێت:
أ) ڕێکخستنی کاتی خەو: شەوی پێش تاقیکردنەوە پێویستە بە لایەنی کەمەوە (٧ بۆ ٨) کاتژمێر قوتابی بخەوێت، چونكه‌کەمخەوی دەبێتە هۆی له‌بیرچوونه‌وه‌ وکەمبوونەوەی ته‌ركیز.
ب) ئامادەکردنی پێداویستییەکان: شەو پێش ئەوەی بخەویت، ناسنامه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان، پێنووس (قه‌له‌می ڕه‌ساس)، ڕه‌شکه‌ره‌وه‌ (مساحه‌)، هەر پێداویستییەکی تر کە ڕێگەپێدراوە ئامادەی بکات.
ج) دوورکەوتنەوە لە دڵەڕاوکێ: لە کاتژمێرەکانی کۆتایی شەودا واز لە خوێندنی بابەتە نوێیەکان بهێنە، تەنها پێداچوونەوەیەکی خێرا بۆ تێبینییە سەرەکییەکان بکە.

دووه‌م: بەیانی ڕۆژی تاقیکردنەوە: پێویسته‌ قوتابی ڕه‌چاوی ئه‌مانه‌ بكات:
أ) خواردنی ژەمێکی تەندروست: نانی بەیانی بە هیچ شێوەیەک فەرامۆش مەکە، خواردنی سووک و وزەبەخش (وەک هێلکە، شۆفان، یان هەنگوین) یارمەتی چالاکبوونی مێشک دەدات.
ب) چوونی پێشوەختە بۆ هۆڵی تاقیكردنه‌وه‌: هەوڵ بدە نیو کاتژمێر پێش دەستپێکردنی تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە ئامادە بیت، با تووشی دڵەڕاوکێی درەنگکەوتن نەبیت.
ج) تێکەڵنەبوون بە گفتوگۆی نەرێنی: پێش چوونە ژوورەوە، لەگەڵ هاوڕێکانت باسی پرسیارە قورسەکان مەکە، چونکە ئەمە تەنها دڵەڕاوکێت زیاتر دەکات.

سێیه‌م: لەناو هۆڵی تاقیکردنەوەدا: ده‌بێت قوتابی ئاگاداری ئه‌مانه‌ بێت:
أ) هێمن بوونەوە: کاتێک لەسەر کورسییەکەت دادەنیشیت، چەند هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشە، چونكه‌ ئوكسجین ده‌چێته‌ ناو سییه‌كانت و، له‌وێوه‌ بۆ مێشك و ته‌واوی جه‌سته‌ ده‌چێت و، به‌ ناوی خودا ده‌ست پێ بكه‌.
ب) پێداچوونه‌وه‌ی زانیارییەکان: پێش دەستپێکردنی وەڵامدانەوە، سه‌یری ناوی چواری خۆت، ژمارەی تاقیکردنەوە (کۆد) و زانیارییەکانی سەر پەڕەی وەڵامدانەوە (سۆما) بكە، بزانه‌ به ‌دروستی نووسراون.
ج) خوێندنەوەی ڕێنماییەکانی سۆما: بە جوانی سەیری ڕێنماییه‌كانی سه‌ر ڵاپه‌ڕه‌ی سۆما بكه‌ وسه‌یری شێوازی پڕكردنه‌وه‌ی بازنه‌كان بكه و گرووپی پرسیاره‌كانت بكه‌‌.

چواره‌م: تەکنیکەکانی وەڵامدانەوەی پرسیارەکان:
أ) دابەشکردنی کات: کاتەکەت بەسەر پرسیارەکاندا دابەش بکە، بۆ نموونە کاتی زۆر بە یەک پرسیاری قورسەوە مەکوژە.
ب) سەرەتا لە پرسیاره‌ ئاسانەکانەوە دەست پێ بکە: وەڵامی ئەو پرسیارانە بدەرەوە کە دڵنیایت لێیان، ئەمە متمانەبەخۆبوونت زیاتر دەکات.
ج) خوێندنەوەی وردی پرسیار: پرسیارەکە بە تەواوی بخوێنەوە و هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌ وردی ته‌ماشا بكه‌، چونكه‌ تێگه‌یشتی پرسیار نیوه‌ی وه‌ڵامه‌.
د) دڵنیابوونەوە لە پەڕەی سۆما: کاتێک وەڵامەکە لە سەر پەڕەی پرسیارەکە دیاری دەکەیت، ڕاستەوخۆ بە جوانی و بەبێ لادان لە ناو بازنەکە، لەسەر پەڕەی سۆما ڕەشی بکەرەوە، دڵنیابە کە ژمارەی پرسیارەکە لە پەڕەی پرسیار و پەڕەی سۆما وەک یەکە.

پێنجه‌م: دوای کۆتاییهاتنی تاقیکردنەوە، ڕه‌چاوی ئه‌مانه‌ بكه‌:
أ) پێداچوونەوە: پێش ئەوەی پرسیاره‌كان و فۆرمی سۆما ڕادەستی مامۆستای چاودێر بکەیت، بە لای کەمەوە (٥ بۆ ١٠) خولەک دابنێ بۆ پێداچوونەوەی گشتی کە هیچ پرسیارێکت له‌بیر نه‌كردبێت‌.
ب) لەبیرکردنی تاقیکردنەوەی ڕابردوو: کاتێک لە هۆڵ دێیتە دەرەوە، ئیتر بیر لەو بابه‌تە مەکەرەوە، بە هیچ شێوەیەک سەیری وەڵامە ڕاستەکان مەکە لە سۆشیال‌میدیا، چونکە ئەگەر هەڵەیەک بدۆزیتەوە تەنها ورەت دادەبەزێنێت بۆ تاقیکردنەوەی داهاتوو.
ج) پشوودان و دەستپێکردنەوە: بگەڕێرەوە ماڵەوە، کەمێک پشوو بدە و، پاشان بە وزەیەکی نوێوە دەست بکە بە خوێندنی بابه‌تی داهاتوو.
له‌ كۆتاییدا، هیوادارین ئه‌و رێنماییانه‌ سوودێك به‌ قوتابیانی پۆلی (١٢)ـی ئاماده‌یی و (٩)ـی بنه‌ڕه‌تی بگه‌یه‌نن، وبه‌هۆیه‌وه‌ قوتابیان بتوانن پڵان بۆ كاته‌كانیان دابنێن و متمانه‌یان به‌خۆیان بێت له‌ ماوه‌ی تاقیكردنه‌وه‌كان، و هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌ده‌ستهێنانی نمره‌ی به‌رزیان بۆ ده‌خوازین.