رۆژنامەی ھەولێر

دانا محەمەد پانێڵێکی لە یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی لە هەولێر سازکرد

شیڤان شێرزاد – هەولێر

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی یەکەمین پێشانگەی کتێبی کوردی، کە بە هەنگاوێکی مێژوویی و ستراتیژی بۆ بوارەکانی ڕۆشنبیری، کتێب و چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی دادەنرێت، “دانا محەمەد” وەک مامۆستا و شارەزا لە بواری فیلمسازیی و شانۆ وەک پانێڵیست لە گفتوگۆیەکی کراوە و زانستی سەبارەت بە پەیوەندییە بنەڕەتییەکانی نێوان بەرهەمە هونەرییەکان و پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بەشداربوو.

پانێڵەکە بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە پسپۆڕان و ئەکادیمیانی لێهاتوو بەڕێوەچوو، کە بریتی بوون لە بەڕێزان:
١. پ.ی.د. چیایی کەمال سەعدی / پانێڵیست
٢. م.ی. دانا محەمەد عەبدوڵا/ پانێڵیست
٣. شوکر بڵباس / پانێڵیست
٤. م.ی. دانا سەڵاحەدین / بەڕێوەبەری پانێڵ
لە چوارچێوەی ئەم پانێڵە زانستییەدا، تیشک خرایە سەر چەندین تەوەرەی بنەڕەتی لێکۆڵینەوە سۆسیۆلۆژییەکانی هونەر لەوانە:
پێناسەو شیکردنەوەی زانستی بۆ هاوپەیوەندی دوولایەنەی نێوان هونەر و هۆشیاری کۆمەڵایەتی.
ڕۆڵی ستراتیژیی سینەما و شانۆ لە پاراستنی یادگەی بەکۆمەڵ و ڕەخنەگرتن لە دیاردە نەخوازراوە کۆمەڵایەتییەکان بە زمانی فۆرمە هونەرییەکان.
گرنگیی ئەکادیمیا و زانکۆکان وەک چەترێک بۆ پێگەیاندنی ڕۆشنبیری هونەریی دوور لە بازرگانیکردن و پۆپۆلیزم.
جێی ئاماژەیە، ئەم پێشانگەیە کە تاوەکو ڕۆژی ١٠/٦/٢٠٢٦ لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر (ناو پارکی سامی عەبدولڕەحمان) بەردەوام دەبێت، یەکەمین هەوڵی هاوبەش و فراوانە بۆ کۆکردنەوەی زیاتر لە ١٠٠ وەشانخانە و ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کوردی لە ژێر یەک چەتردا.
ئامانجی سەرەکی، تەنها خستنەڕووی کتێب نییە، بەڵکو گۆڕینی پێشانگەکەیە بۆ ناوەندێکی دیدار، گفتوگۆ، و بەکەلتوورکردنی خوێندنەوە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و زانستی لە کۆمەڵگەی کوردیدا.
دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کەشە مەعریفییە ناوازەیە دەکەم و هیوای بەردەوامی و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.