رۆژنامەی ھەولێر

ڕەوشتی ژینگەیی لە مۆندیالدا

ئاری ئاغۆک

ئەنجامدانی مۆندیال تەنیا لە ڕوانگەیەکی وەرزشی جیهانی خۆی نادۆزێتەوە، بەڵکو لە پشت ئەم جموجۆڵە جیهانییە، کە ملیۆنان خەڵک لەوسەری دنیا بۆ ئەوسەری دنیا بینەری یارییەکانن و چەندەها کەس دوورترین مەودا دەبڕی بۆ ئەوەی وەک بینەر و هاندەر خۆی لە یاریگای دەوڵەتی میواندار بدۆزێتەوە.
بێگومان ئەم ڕووداوە هەروا کارێکی سادە و ساکار نیە، بەڵکو لەتەک ئەم یارییە وەرزشییە چەندین ڕەهەندی جیا جیا خۆی دەدۆزێتەوە، وەک گەشەپێدانی ئابووری و سیاسی، گرنگیدان بە گەشتیاری، ناساندنی مێژوو و کەلتوری ووڵاتی بەشدار بوو…. هتد.
ئەوەی لێرەدا مەبەستە ئاماژەی پێ بکەم بریتیە لە بابەت و فۆڕمی ژینگە پاڕێزی لە مۆندیال، بێگومان کاتێ گەشتیار لە یاریگا سەیری یاری دەکات، وەک کارەکتەرێکی گرنگ ڕۆلی بەدیار دەکەوێت لە تەواوکاری یارییەکان، بۆیە هاندەر وەک ڕۆحی بەردەوامی یاریگا جێی بایەخە، بەڵام لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئایا هاندەران تاچەند ڕەوشت و ئاکاری خۆیان جێ بەجێ دەکەن لە ووڵاتی میوان؟ ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخی ناو یاریگا و دەورووبەر دەکەن؟ لەکاتێک دا بەشێکی زۆری زوومی کامیرا و چاوی ئیعلام لەسەر هاندەرە، لێرەدا دەتوانین ئەم پرس و بابەتە بۆ دوو لایەن پۆلێن بکەین:
یەکێکیان، نیشاندانی ڕۆشنبیری وەرزشی و ڕۆحی وەرزشی هاندەرانە لە ناو یاریگا دوور لە فشاری دەروونی و ئاژاوە و تێکدانی دۆخی یاریگا.
ئەوی دیکەیان چۆن توانراوە دوور لە دەمارگیری ئەوا میوانان بلانسی دەروونی و ژینگەیی و ئاکارەکانیان نیشان بدەن.
لێرەدا دەتوانین بڵێین هەمدیس هاندەر دەبێتە حوکمی بڕیاردان ئایا ئەو کەلتوورە جوانەی لە ووڵاتی خۆیان فێرکراون دەتوانن بیگوازنەوە ناو یاریگا و لە کاتی میوانداری دا بەکردار نیشانی بدەن، بە هەموو لایەنەکانیەوە، بەڵام ئەوەی زێتر مەبەستمە ڕۆشنایی بخەمە سەر دەربارەی ژینگە و ژینگە پارێزی و پاکڕاگرتنی ژینگەی یاریگایە، بۆ ئەم بابەتە گرنگە دەتوانین یەک نموونەی زیندوو بخەینەڕوو، ئەویش لە ڕێگەی شاشە و میدیاکانەوە بینیمان، ووڵاتی ژاپۆن وەک یەکێک لە ژینگە پارێزترین ووڵات، دوای کۆتاییهاتنی یاری لەگەڵ ووڵاتی هۆڵەندا و یەکسان بوونیان، هاندەرانی ووڵاتی ژاپۆن ڕاستەوخۆ یاریگایان بەجێ نەهێشت، بەڵکو جوانترین وێنە و پەیامیان نیشان داین، ئەویش هەر یەکە و لەشوێنی خۆی دوای کۆتایی هاتنی یاریەکە، یاریگا و شوێنی دانیشتنیان پاک کردەوە، ئەمە جوانترین پەیام و نامەی مرۆڤدۆستیە کە پێی دەڵێن (ڕەوشتی ژینگەیی)، ئەو کارە کارێکی سادە نیە، بەڵکو بەجیهان دەڵێن، ژینگە ماڵی هەموومانە، لەهەر کوێ یەکی دنیا بین ژینگە خەمی لە پێشیینەمانە، گەرچی لەیاریگا کارمەندی پاککەرەوە هەن و بە ئەرکی خۆیان هەڵدەستن، بەڵام ئێمە نابینە بارگرانی و ماندوو بوونی کەسانی دیکە لە کاتێکدا خۆمان شوێنەکەمان پیس کردوە، بۆیە دەبێ هەرخۆشمان خاوێنی بکەینەوە.
ئەم ڕەوشت و کردارە ژینگەییەی ووڵاتی ژاپۆن کارێکی سەیر و نامۆ نیە، بەڵکو لە مۆندیال و یارییە پاڵاوتنەکانی ئۆلۆمپیاد بەدی کراوە، ئەمەش بۆ ئەو بناغەو بەرنامە پەروەردەییە دەگەڕێتەوە کە ووڵاتی ژاپۆن لە دەسپێکی ناوەندەکانی خوێندن دا منداڵ فێرە بەر پرسیاریەتی ژینگەیی دەکەن.
بۆیە ئەو وێنە جوانەی هاندەرانی ژاپۆن جوانترین پەیام بوو بۆ هاندەرانی هەر ٦٤ ووڵات، کە پێویستە ڕێز لە شوێن و ژینگە و ووڵاتی بەشداربووی مۆندیال بگرن، ئەمە ڕەوشتێکی جوانی ژینگە پارێزییە، گەرچی لە ژینگەی ووڵاتی خۆیان نین بەڵام چەندی لە زەوی و خاکی نیشتەجێی خۆیان دوور بکەونەوە، ئەوا دواجار لەکێشەی ژینگە و خەمی ژینگە هەمووان لەیەک نزیکن، چونکە پرسی ژینگە بابەتێکی جیهانی یە، دەبێ هەمووان لە خەمی دابن، ڕەنگە هاندەرانی ووڵاتانی دیکەش بەو بیرکردنەوە جوانە هەڵوێست نیشان بدەن، بەڵام ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شاشە و سۆشیال میدیا بینیمان ژاپۆنیەکان جوانترین ڕەوشتی ژینگەییان نیشان هەموو جیهان دا.