رۆژنامەی ھەولێر

ئەمڕۆ لە هەولێر فیلمی هەڵۆکانی جەنگ نمایش دەکرێت

شیڤان شێرزاد – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەرزی هاوینەی بەڕێوەبەرایەتی سینەما و شانۆی هەولێر کاتژمێر ٦ـی ئێوارە بە ئامادەبوونی دەرهێنەر و ئەکتەرانی نێو فیلمی سینەمایی “هەڵۆکانی جەنگ” لە ئێمپایەر سینەما نمایش بکرێت.

ئەو فیلمە لە نووسین و دەرهێنانی “کاروان ئاوات” و نواندنی ژمارەیەک لە فیلمسازانی سلێمانییە و ناوەڕۆکی بەرهەمەکەش باس لە شەڕی دەستە و یەخەی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و تیرۆرستانی داعش دەکات، کاتێک هەڵیان کوتایە سەر گوند و لادێکانی کوردستان.

بۆیە دەرهێنەر لەم بەرهەمە سینەماییەدا هەوڵیداوە ڕۆڵی جەنگاوەرانی نیشتمان بە دیکۆمێنت بکات و بە فیلمەکەیشی بەشداری لە فێستیڤاڵە جیهانییەکاندا بکات و بە هەموو دنیا بڵێت ئێمە خاوەنی پێشمەرگەین و سازش لەسەر مافەکانمان ناکەین و خەونی تاریکپەرستانمان لە گۆڕنا و تا دڵۆپێک خوێنی پێشمەرگەش مابێت کوردستان جوانتر و ڕازاوەتر دەبێت.