ڕائیب جادر – هەولێر
بڕیارە لەسەرانسەری ھەرێمی کوردستان ٢٠ ھەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان دروست بکرێت، کە بە شێوەی قستی درێژخایەنی ١٥ ساڵ بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش دەکرێن.
سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی ھەولێر، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کۆی گشتی ئەو ٢٠ ھەزار یەکەی دروست دەکرێت، شەش ھەزار یەکەیان لە شاری ھەولێر دەبن، ئاماژەی بەوەش کرد، ھەرچەندە لە ئێستادا کارکردن لە پڕۆژەکەدا وەستاوە، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا دەستپێدەکاتەوە.
پڕۆژەکە بە ھاوبەشی لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت جێبەجێ دەکرێت، حکوومەت بەرپرسیار دەبێت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی وەک شەقام، قوتابخانە و مزگەوت، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت ئەرکی دروستکردنی یەکەکان دەگرێتە ئەستۆ.
سەبارەت بە جۆری یەکەکان، بەڕێوەبەری وەبەرھێنانی ھەولێر ڕوونی کردەوە، ئەو کەسانەی تازە ھاوسەرگیرییان کردووە زیاتر خواستیان لەسەر شوقەیە، بەڵام خێزانە قەرەباڵغەکان خانوویان پێ باشترە.
بەپێی بەدواداچوونەکان، ٨٠%ـی یەکەکانی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان بە شێوەی شوقە دروست دەکرێن، چونکە لە ڕووی ڕووبەرەوە سوودبەخشترن، بۆ نموونە لەسەر ڕووبەری یەک دۆنم زەوی دەکرێت نزیکەی ٢٠٠ شوقە دروست بکرێت، لە کاتێکدا ھەمان ڕووبەر تەنھا جێگەی ٢٠ خانووی تێدا دەبێتەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی سەرژمێری، لە ھەرێمی کوردستان ٢٠٢٨٩٣٧ یەکەی نیشتەجێبوون ھەن، کە بەشێکی زۆریان بەتاڵن و ڕێژەیەکی زۆری ھاووڵاتییانیش ھێشتا کرێنشینن، لە ئێستاشدا زیاتر لە ١٠٠ ھەزار یەکەی دیکەی نیشتەجێبوون لە قۆناغی جێبەجێکردندان.

