رۆژنامەی ھەولێر

دەمیرتاش لە نێوان ئازادی و لەسیاسەت‌وازهێناندا

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، دوپارتی دەكاتەوە پێویستە پەلە بكرێت لە دەركردنی یاسا بۆ چەكدارانی پەكەكە، تا بتوانن بگەڕێنەوە ناو ژیانی ئاسایی، بەتایبەت ئەو گەریلایانەی دەستیان نەبووە لە كوشتن و تاواندا، جیا لەوەش باس لەوە دەكات، دەبێت لێبوردنی گشتی بۆ ئەو كەسانە دەربكرێت كە ساڵانێكە بەهۆی پەكەكایەتیەوە دەستگیر كراون، ئایا ئەو لێبوردنی گشتییە ئەگەر دەربكرێت، سەلاحەدین دەمیرتاش دەگرێتەوە؟

پرۆسەی چەكدانانی پەكەكە و هەروەها پرسی چارەسەری كورد لە توركیا، زۆر بە خاوی بەڕێوە دەچێت، بۆیە لەلایەك دەم پارتی و لەلایەكی تر، دەوڵەت باخچەلی داوا دەكەن، پەلە بكرێت لە دەركردنی یاسایەكی تایبەت بەو پرسە.
دەم پارتی، داوا دەكات عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە ئازاد بكرێت و ببێتە هەماهەنگی نێوان پەكەكە و دەوڵەتی توركیا، ئەمەش لەسەر داوای باخچەلی، هەروەها داوا دەكەن، دەستووریی توركیا هەموار بكرێتەوە و دان بە زمانی كوردیدا بنێن، بەڵام هیچ هەنگاوێكی كرداری نەنراوە.
ئەوەی لەلایەن باكوورییەكانەوە زۆر قسەی لەسەر دەكرێت و بەشێك لە دەم پارتییەكانیش باسی دەكەن، ئازادبوونی دەمیرتاشە، كە زیاتر لە ١٠ ساڵە بە تۆمەتی تیرۆر و لێکترازاندنی خەڵك، دەستگیر كراوە.
ئەگەرچی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، سێجار داوای لە توركیا كرد دەمیرتاش ئازاد بكات، بەڵام توركیا هەنگاوی بۆ ئازادبوونی نەناوە، ئەمەش یاساناسانی هێناوەتە دەنگ و دەڵێن، توركیا ئەندامی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپایە و ئەگەر بڕیارەكانی جێبەجێ نەكات، دووچاری سزای توند دەبێتەوە، بەڵام توركیا گوێی پێنادات.
بەگوێرەی بۆچوونی چەند سیاسییەكی توركیا، رەنگە لە ماوەیەكی نزیكدا یاسای تایبەت بۆ چەكدارانی پەكەكە دەربكرێت، هەروەها رێگەش بدەن سەركردەكانی پەكەكە وڵاتی سێیەم هەڵبژێرن و بتوانن لەوێ بژین. هەروەها لێبوردنی گشتی سنوورداریش دەردەكرێت بۆ ئەو زیندانییانەی ساڵانێكی زۆرە بەهۆی پەكەكەبوون دەستگیر كراون.
باس لەوە دەكرێت، ئۆجەلان ئەوەی لەسەری بوو كردی و داوای لە پەكەكە كرد چەك دابنێت، بۆ ئەوەی چەكدانانی پەكەكەش ببێتە كردار، دەبێت ئۆجەلان ئازاد بێت، چونكە تا ئازاد نەبێت ناتوانێت كاریگەریی لەسەر سەركردایەتی پەكەكە هەبێت، بۆیە ئەگەر زۆرە ئۆجەلان ئازاد بكرێت، بەڵام بۆی نەبێت گەشتی هیچ وڵاتێك بكات.
بۆ ئازادبوونی دەمیرتاش دوو بۆچوون هەیە، یەكەمیان ئەوەیە بەر لێبوردنی گشتی بكەوێت و ئازادی بكەن، بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە، بەو مەرجە ئازادی بكەن دەستبەرداری سیاسەت بێت، چونكە ناكرێت ئۆجەلان ئازاد بێت و پرسی كورد لە باكووری كوردستانی بدەنە دەست و لەو لایشەوە دەمیرتاشیش ببێتە كارەكتەرێكی گرنگ، دەبێت دەمیرتاش دەستبەرداری سیاسەت بێت، یاخود بێتە ژێر ركێفی ئۆجەلان و بە هەموو بڕیارێكی ئۆجەلان رازی بێت.