رۆژنامەی ھەولێر

کۆمەڵکوژیی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣ لە سلێمانی

کۆمەڵکوژیی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣ لە شاری سلێمانی یەکێکە لە ڕووداوە دڵتەزێنەکانیمێژووی هاوچەرخی گەلی کورد، کە تێیدا سوپای ئەوکاتی عێراق بە فەرماندەیی زەعیم سدیق ڕەشبگیری و کوشتارێکی بەفراوانی دژی هاووڵاتیانی بێتاوانی ئەم شارە ئەنجام دا.

سەرەتای ئەم کارەساتە بۆ ٨ی حوزەیرانی هەمان ساڵ دەگەڕێتەوە، کاتێک لیوای ٢٠ی سوپای عێراق هێرشی کردە سەر چیای گۆیژە و ئەزمەڕ بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ناوچەی چوارتا،
بەڵام لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگە بە فەرماندەیی عەلی عەسکەری تووشی شکستێکی گەورە بوون و ناچار بە پاشەکشە کران. لە تۆڵەی ئەم شکستەدا، ڕۆژی دواتر لە ٩ی حوزەیراندا سوپای عێراق گەڕایەوە ناو شاری سلێمانی و دەستبەجێ قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاند و کەوتە بۆسەنانەوە و پشکنینی ماڵان. لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا، نزیکەی ١٨٠ هاووڵاتیی مەدەنی بە شێوازی جۆراوجۆری دڕندانە شەهید کران و زیاتر لە ٥٠٠٠ کەسیش دەستگیر کران، کە سەدانی تریان لەناو زیندانەکان و لەناو تەوێڵەی ئاژەڵاندا بەهۆی ئەشکەنجە و بێبەشکردنیان لە ئاو و خۆراک گیانیان لەدەستدا. ئامانجی سەرەکیی حکوومەتی عێراق لەم تاوانە، سەرکوتکردنی خەڵکی ئازای سلێمانی و ترساندنیان بوو بۆ ئەوەی دەست لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە هەڵگرن. لەم پێناوەشدا سەربازان هەموو شێوازێکی بێڕێزیکردنیان بەکارهێنا، لەوانە ناچارکردنی هاووڵاتیان بە سوکایەتیکردن بە سیمبولە نەتەوەییەکان، لە کاتی ڕەتکردنەوەشدا دەستبەجێ گوللەباران دەکران یان بە دوای ئۆتۆمبێلی سەربازیدا کێش دەکران. لە کۆتاییدا تەرمی شەهیدەکان و تەنانەت بەشێک لە زیندانییەکانیش بە زیندوویی لە حامیەی سلێمانی، کە ئێستا ناسراوە بە پارکی ئازادی، لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا بە شۆفڵ داپۆشران، بەڵام ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی ٦٣ ساڵ بەسەر ئەو کارەساتەدا، سلێمانی هێشتا پێداگیرە لەسەر بەدەستهێنانی ئازادی و مافەکانی خۆی.