بەھۆی جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەسەرجەم شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە لە سنووری دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جووڵەی تێ کەوتووە. بەگوتەی شارەزایانی بواری ئابووری، لەبەر باشتربوونی دۆخی دارایی ھەرێم و جێبەجێکردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، ڕۆژبەرۆژ نرخی زەوی و خانووبەرە بەرزتر دەبێتەوە.
ئابووری و سیاسەت، پەیوەندییەکی چڕوپڕیان بەیەکەوە ھەیە، ھەر کاتێک بارودۆخی سیاسی باش بێت، بازاڕیش ڕوو لە باش بوون دەکات، لە ھەندێک شوێنی خۆش، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە پڕۆژەی خزمەتگوزارییان پێ گەیشتووە و خەڵک ڕووی تێ دەکەن پارچە زەوی ھەیە نزیکەی ١٠ ھەزار دۆلاری چووەتە سەر، نرخی خانووش بە ھەمان شێوە بەرز بۆتەوە.
بەگوتەی شارەزایانی بواری ئابووری کە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” قسەیان کردووە، کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە و دەبنە ھۆکارێکی باش کە ھاووڵاتییان متمانە و خواستی زیاتریان لەسەر کڕینی زەوی و خانووبەرە بۆ دروست بێت، بەتایبەتیش دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ھەر ناوچەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بچێت، خەڵک ڕاستەوخۆ ڕوو لەم شوێنانە دەکەن و پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی خانوو، بەوەش نرخی زەوی و خانوو بەرزدەبێتەوە.
دڵشاد فریاد، شارەزای بواری ئابووری، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ڕوونیکردەوە: ئەو پارچە زەویانەی کە لەلایەن حکوومەتی ھەرێم دابەشکراون، بازاڕی زەوی و خانووبەرەی خۆش کردووە، ئەگەر بارودۆخی ھەرێم باش بێت و ئەو جموجۆڵە سیاسییەی کە ھەیە بەتایبەتی پاش پەیامەکەی سەرۆک بارزانی ئەگەر کابینەی دەیەم پێک بێت بارودۆخ و ژیان و گوزەرانی خەڵکیش خۆشتر دەبێت و بازاڕ دەبووژێتەوە.
بەبۆچوونی ئەو شارەزایەی ئابووری، جووڵەی زەوی و خانوو ھۆکارێکی باشە بۆ دووبارە دەستاودەستکردنی پارە لای ھاووڵاتییان، بەڵام تا ڕادەیەک ئەو جووڵەیەی ئێستا ھەیە، لەوانەیە توێژێکی دیاریکراوی نێو کۆمەڵگە سوودی لێ وەربگرێت و ناتوانێ کاریگەریی فراوان بۆ سەر بازاڕ دروست بکات.
سەرمەد حوسێن، لە یەکێک لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە خەریکی کڕینی پارچە زەوییەکی ٢٠٠ مەتری بوو، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێم دەستی ئاوەدانی بۆ ھەموو ناوچەکان درێژ کرد و پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرد، تا ئێستاش بەردەوامە، ڕۆژبەڕۆژ نرخی زەوی و خانووبەرە بەرز دەبێتەوە.
نووسینگەکانی خانووبەرە قەرەبالغتر دەبینرێن و زیاتر لە جاران خواست لەسەر کڕین و فرۆشتنی پارچە زەوی ھەیە. خاوەنی بەشێک لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانوو، دەڵێن، پاش ئەوەی حکوومەتی ھەرێم لە ھەموو شار و شارۆچکەکان پارچەزەوییەکی ٢٠٠ مەتری بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکرد، تا ئێستاش دابەشکردنەکە بەردەوامە، بازاڕ جموجۆڵێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، جاران خراپترین پارچە زەوی ١٢ ھەزار دۆلاری دەکرد، ئێستا زیاتر لە ٢٠ ھەزار دۆلار دەکات، ئەوانەش ئەو پارچە زەوییانەن کە بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون، ڕۆژبەڕۆژیش نرخی ئەو پارچە زەویانە گرانتر دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر دەستی ئاوەدانی گەیشتە ئەو شوێنانە نرخیان ھەر دەفڕێت و بەلایەنی کەمەوە ٣٥ ھەزار دۆلار دەکەن.
ھەژار مەھدی، ئەویش خاوەنی یەکێک لە نووسینگەکانی کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ماوەیەک دەبێت نرخی زەوی و خانووبەرە بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە حکوومەت دەستی ئاوەدانی گەیاندۆتە ھەموو ناوچەیەک، ھەندێک ناوچە ھەبووە، پێشتر خەڵک یەک دیناری پێ نەدەدا، بەڵام ئێستا دوای دروستکردنی ڕێگەوبانەکان و گەیاندنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری و دابەشکردنی پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا نرخی زەوییەکی ٢٠٠ مەتری ٥٠% بەرز بۆتەوە.
خاوەنی ئەو نووسینگەیە، دەشڵێ: ئەگەر بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان باشتر ببێت و کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکرێن و حکوومەتی نوێ پێک بێت، کڕین و فرشتنی خانووبەرە بەرزبوونەوەیەکی تر بەخۆیەوە دەبینێت.
ئازاد عادل، خاوەنی نووسینگەی ئازاد، بۆ کڕین و فرۆشتنی زەوی و خانووبەرە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئاشکرای کرد: حکوومەتی ھەرێم بڕیاری داوە زەوییە کارتەکان و زێدەڕۆییەکان تاپۆ بکات، واتە ئەگەر پێشتر نرخی زەوییەکی ٢٠٠ مەتری بە ١٥ ھەزار دۆلار بێت، ئێستا نرخەکەی بۆتە ١٨ ھەزار دۆلار بگرە زیاتریش، ڕۆژبەرۆژیش نرخی زەوی و خانووبەرە بەرز دەبێتەوە.
خاوەنی ئەو نووسینگەیە لە دھۆک، دەشڵێ: ئێستا داواکاری زۆرە و ئەو ھاووڵاتییانەی پارەیان ھەیە ئەو زەوی و خانووبەرانەی کە نرخەکەیان گونجاوە دەکڕن، بۆ ئەوەی بەیانی بە قازانج بفرۆشنەوە، چونکە دەزانن ڕۆژبەرۆژ نرخی زەوی و خانووبەرە بەرز دەبێتەوە، لەگەڵ ئەوەی یەکەم وەجبەی دابەشکردنی پارچە زەوی نرخیان ڕۆژبەڕۆژ بەڕز دەبێتەوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ھەر پارچە زەوییەک بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت نرخیان دووقات زیاتر دەبێتەوە، ئەوەش وای کردووە کە چاوی وەبەرھێنەران لەسەر بێت.
بە گوتەی بەرپرسانی حکومی لە شاروشارۆچکەکانی ھەرێمی کوردستان کە بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” قسەیان کردووە، حکوومەتی ھەرێم دەستی ئاوەدانی گەیاندووەتە ھەموو ناوچەکانی کوردستان، ھەتا لە گوندە دوورەدەستەکان کە وەرزین پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ کراوە، پڕۆژەکانی ساڵانی ڕابردوو کە ڕاگیرابوون ئەوانیش تەواو کراون و ئەوانەی ماویشن لە قۆناغی جێبەجێ کردندان، ئەوەش وا دەکات خەڵک ئومێد و متمانەی زیاتری بۆ دروست ببێت و نرخی زەوی و خانووبەرە دووبارە بەرز ببێتەوە.

