رۆژنامەی ھەولێر

دوازدە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا داعش دەستی بەسەر مووسڵدا گرت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێک دوازدە ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەڕێت کۆمەڵێک چەکداری تیرۆریست دەستیان بەسەر دام و دەزگا حکوومییەکانی مووسڵدا گرت و دواتر کەسێکی مەترسیداری توندئاژۆ خۆی بە خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی ناساند و سەردەمێکی ڕەش و پڕ لە ڕووداوی تاوانکاری و جینۆساید لە مێژووی ناوچەکە دەستی پێکرد. ئەم ڕووداوە بۆ ماوەیەک تەواوی وڵاتانی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەولەتی بەخۆیەوە سەرقاڵ کرد.

شەوی نۆ لەسەردەی مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ لە ماوەی چەند سەعاتێکدا تیرۆریستانی داعش توانیان دووەم گەورەترین شاری عێراق کۆنترۆڵ بکەن و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دەوڵەت ڕابگەیەنن و دژەمرۆڤانەترین یاساکان جێبەجێ بکەن. ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی ئەو شەوە هێرشیان کردە سەر مووسڵ چەند سەد کەسێک دەبوون کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مووسڵ وسەرجەم دام و دەزگا حکوومییەکان و بنکەکانی سەربازیی حکوومەتی عێراقیان کۆنترۆڵ کرد.
دواتر ڕووداوەکە وێڕای لێکەوتنەوەی زۆرترین قوربانی مرۆیی، هەموو وڵاتانیشی خستە ژێر کاریگەریی خۆی و خاکی عێراق و سووریا بووە مەیدانی نمایشی دڕندانەترین مرۆڤەکانی سەر ڕووی زەوی.
کەشی سیاسیی ئەوکاتی عێراق پێش سەرهەڵدانی داعش کەشێکی دوژمنکارانە بوو و حکوومەتی عێراق بە هەموو هەوڵێکەوە هەوڵی سڕینەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی دەدا و بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەیویست خۆی بەسەر یاسا و ماف و پڕەنسیپەکاندا بسەپێنێت.
کێشە و ناکۆکیی پەنگخواردووی ناوخۆیی و تایەفییەکانی عێراق و پێشێلکردنی مافی پێکهاتە سەرەکییەکانی عێراق لە لایەن پێکهاتەی زۆرینە کە بۆ ماوەی دە ساڵ بوو باڵی بەسەر عێراقدا کێشابوو هۆکاری سەرەکی بوو لەوەی بەشێک لە سوننە یاخیبووەکان و تەنانەت خەڵکی ئاسایی پێکهاتەی سوننە پێشوازی لە تیرۆریستانی داعش بکەن. حوکمی مووسڵ لە شەوێکدا گۆڕا و لە جیاتی سوپای عێراق تیرۆریستانی داعش بە شەقامەکانی شارەکەدا بڵاو بوونەوە و ئەبووبەکر بەغدادی لە مووسڵەوە خەلافەتەکەی خۆی ڕاگەیاند.
سوپای ئەوکاتی عێراق کە خاوەنی پێشکەوتوترین چەک بوو و بە ملیاران دۆلار بۆ پۆشتەکردنی خەرج کرابوو نەیتوانی دوو سەعات بەرگری لە شارەکە بکات و هەرچی جبەخانە هەیە ڕادەستی تیرۆریستانی داعشی کرد.
هەرسێ مانگ دوای داگیرکرانی مووسڵ بوو کە تیرۆریستانی داعش گەورەترین تاوانیی جینۆسایدیان دژی ئێزدییەکان ئەنجام دا و هەزاران کەسیان لێ کوشتن و بە هەزارانی تریان دەستبەسەرکرد. جگە لە ئاوارەکردنی سەدان هەزار کەس.
رووخانی مووسڵ تەنیا زیانی گیانی نەبوو بەڵکو بووە سەرەتای وێرانبوونی بەشێک لە شارستانییەت و کولتور و شوێنەواری ناوچەکە. مووسڵ بە گشتی و دەشتی نەینەوا بە تایبەتی کە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە خەڵكی جیا و ئاین و مەزهەب و نەتەوەی جئیاوازیان تێدا ژیاوە ئیتر ئەو پێکەوەژیانە نەما و لایەنێکی توندئاژۆی تیرۆریست بڕوای خۆی بەسەر هەموواندا سەپاند.
لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە ڕەشە دەکرێتەوە کە هێشتا خەسارناسی بۆ کارەساتەکە نەکراوە و کەم نین ئەو هێز و لایەن و کەسایەتییانەی بە هەمان ئاوازی ڕابردوو دژایەتی مافی پێکهاتەیەکی سەرەکیی وەکوو کورد دەکەن و دەخوازن قەوارەکەی لەناو ببەن، لە کاتێکدا پێویست بوو کار بۆ بنبڕکردنی ئەو جۆرە هزرە بکرێت کە دامەزراندنی داعش و نەهامەتییەکانی دواتری بەدواوە بوو، دەبوایە کار بۆ نەمانی گەندەڵی بکرێ و پشتی ئەو هێزانە قایم بکرێ کە پشتی داعشیان لە زەوی دا.
راستە لە ساڵی ٢٠١٧ لە عێراق و لە ساڵی ٢٠١٩ لە سووریا کۆتایی بە دەسەڵاتی داعش هێنرا بەڵام هێشتا هەزاران تیرۆریست هەن کە لەگەڵ داعش هاوسۆزن و بەشێک زۆر لەو تیرۆریستانە لە کەمپەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەستبەسەر بوون بەڵام لە ئاکامی ڕووداو و هێرشەکانی حکوومەتی ئەحمەد شەرع و کشانەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات سەدان کەسیان توانیان خۆیان ڕزگار بکەن.
بەشێک لەو زیندان و کەمپانە کەوتوونەتە دەستی حکوومەتی سووریا کە ئەوانیش پاشخانی ئیسلامی و داعشیان هەیە و بۆیەش هێشتا مەترسی تیرۆر و بووژانەوەی شانە نوستووەکانی داعش لە سووریا و عێراق و ناوچەکە لەئارادایە و پێویستی بەوە هەیە ڕێوشوێنی توند لە دژیان بگیرێتەبەر.