ڕائیب جادر – هەولێر
کەرتی بەخێوکردنی پەلەوەر لە سنووری پارێزگای دھۆک بەشێوەیەکی بەرچاو گەشەی کردووە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەموو ئاسانکاریەکی بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان کردووە، ئێستا بەرھەمی پەلەوەر تەنیا پێداویستی ناوخۆی دھۆک پڕ ناکاتەوە، بەڵکو بەشێکی زۆر لە پێداویستی بازاڕەکانی عێراقیش دابین دەکات.
لە پارێزگای دھۆک ٣٣٢ کێڵگەی پەلەوەر ھەن، ساڵانە زیاتر لە ٤٠ ھەزار تۆن گۆشت بەرھەم دێنن، لەبەرئەوە ئەو ڕێژەیە لە پێداویستی ناوخۆ زیاترە، ٦٠% بە سەرەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق ڕەوانە دەکرێت، حکوومەتیش ئاسانکاری بۆ پێدانی مۆڵەتی بەو پڕۆژانە کردووە.
پڕۆژەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر لە پارێزگای دھۆک توانای بەخێوکردنی زیاتر لە ٧ ملیۆن مریشکیان ھەیە، ئەو بەرھەمە سەرەڕای ئەوەی داواکاریەکی زۆری لەسەرە، لە ناوچەکانی دیکەی عێراقیش ناوبانگییەکی باشی ھەیە، ئەوەش لە ئەنجامی گرنگی دانی حکوومەتە بەو کەرتە کە ڕۆژبەڕۆژ ژمارەی کێڵگەکانی بەخێوکردنی پەلەوەر زیاتر دەبن.
ئەگەر جاران بینینی بەرھەمی ناوخۆ لە بازاڕەکانی کوردستان تەنیا ھیوایەک بووبێت، بەڵام ئێستا حکوومەتی ھەرێم ئەو ھیوایەی کردووەتە ڕاستی و لە ھەموو بازاڕەکاندا بەرھەمی ناوخۆ ھەیە، ھەتا بەشێکی زۆری ئەو بەرھەمانە ھەناردەی دەرەوە دەکرێن. لە پێناو گەشەسەندنی ئابووری لە کەرتی پەلەوەر حکوومەتی ھەرێم ھەوڵی داوە سوود لە ئەزموونی وڵاتانی پێشکەوتوو وەربگرێت، بەمەبەستی وەبەرھێنان و بەرەو پێشبردنی کەرتی پەلەوەر لە ھەرێمی کوردستان.
وەکو بەشێک لە خاوەنی پڕۆژەکانی پەلەوەر، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن: داوا لە حکوومەت دەکەین وەکو چۆن لەو چەند ساڵەی ڕابردوو گرنگی بە کەرتی پەلەوەر داوە، لە داھاتووشدا زیاتر گرنگی بەو کەرتە بدات، بۆ ئەوەی زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ پێویستیی ساڵانەی تاکی بۆ گۆشتی مریشک بە ٢٣.٩ کیلۆ دیاریکردووە، ساڵانە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان سەد و چل و حەوت ھەزار تۆن گۆشتی مریشک دەخۆن، بەم پێوەرە بێت ھەرێمی کوردستان پێویستی بە مریشکی ھاوردە نییە. لە کەرتی پەلەوەر جگە لە کردنەوەی پڕۆژەی نوێ بەو پشتگیرییەی حکوومەتی ھەرێم وایکردووە بەرھەمی پەلەوەر بگاتە خۆبژێوی و تەنانەت ھەناردەی دەرەوەی ھەرێمی کوردستانیش بکرێت، بەگوتەی بەرپرسانی ئەو کەرتە ئێستا پڕۆژەکانی پەلەوەر ژمارەیان بەرزبووەتەوە بۆ ھەزار و نۆسەد و ھەشت پڕۆژە، توانای بەرھەمھێنانی ساڵانەیان لە سەد و سی و پێنج ھەزار تۆنەوە بۆ دوو سەد و شەست و پێنج ھەزار تۆن زیادی کردووە، لە کاتێکدا ھەرێمی کوردستان پێویستی بە سەد و چل و حەوت ھەزار تۆنە، بڕی بەرھەمی زیادە ڕەوانەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکرێت، ئەمەش جووڵەیەکی بازرگانی باشی دروست کردووە، بۆ سنووردارکردن یان قەدەغەکردنی ھاوردەی پەلەوەر لە وڵاتانی دراوسێوە، ھۆکارێکی تری گرنگ بوون بۆ بووژانەوەی کێڵگە ناوخۆییەکان و ڕەخساندنی دەرفەتی زیاتر بۆ بەخێوکاران.
حەسەن کەریم، ١٢ کێڵگەی بەخێوکردنی پەلەوەری ھەیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: ساڵانە کێڵگەکانی من زیاتر لە ٢٥٠ ھەزار کیلۆ گۆشتی مریشک بەرھەم دێنن، لەگەڵ ئاسانکاریکردنی حکوومەت داوا دەکەم بازاڕی زیاترمان بۆ پەیدا بکات، لەجیاتی ئەوەی مریشکی ئێمە ڕەوانەی دەرەوە بکرێت، با ھەر لە کوردستان بازاڕمان بۆ پەیدا بکات و مریشی بەستوو کە لە دەرەوە دێن بە تەواوەتی قەدەغە بکات.
جێی ئاماژەیە کە بەشی زۆری پڕۆژەکانی بەخێوکردنی مریشک لە سنووری پارێزگای دھۆک دەکەونە سنووری شارۆچکەی ئامێدی، زاخۆ و ئاکرێ.

