هاودەنگ فارووق
لە بیرم دێ سولەیمانی کە دارولمولکی بابان بوو
نە مەحکوومی عەجەم نە سوخرەکێشی ئالی عوسمان.
و نەڕازی حاڵی ئێستا بوو
ڕۆژی ٩ی حوزەیرانی ١٩٦٣، هەر تەنها لاپەڕەیەکی کەونارا نییە لە مێژوویەکی کۆندا، بەڵکوو برینێکی قووڵ و هێمایەکی دیاری خۆڕاگرییە لە ویژدانی زیندووی شاری سلێمانیدا.
لەو ڕۆژەدا، کاتێک سوپای ئەوکاتی عێراق بە فەرماندەیی زەعیم سدیق، لە بەردەم بەرگریی لێهاتووانەی پێشمەرگەدا لە چیای گۆیژە و ئەزمەڕ شکستی هێنا، کینە و هێزی تۆڵەکردنەوەی خۆی بەسەر کوچە و کۆڵان و هاووڵاتیانی بێتاوانی ئەم شارەدا ڕشت.
سەرەتای کارەساتەکە بە سەپاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و ڕەشبگیرییەکی بەرفراوان دەستی پێکرد. زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی ڕووبەڕووی گرتن، برسییەتی و ئەشکەنجەی توند بوونەوە. لە حامیەی سلێمانیدا (کە ئێستا پارکی ئازادییە)، دەیان مرۆڤی نیشتمانپەروەر کۆمەڵکوژ کران و لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژران. لە گوندی خەراجیانیش، لاپەڕەیەکی دیكەی تراژیدیا نووسرایەوە؛ کاتێک چوار خوشکی باوەڕبەخۆبوو، لەپێناو پاراستنی شکۆ و کەرامەتیاندا، تەسلیمی ویستی سەربازەکان نەبوون؛ دووانیان لە ناو ماڵەکەی خۆیاندا سووتێنران و بوونە خۆڵەمێش، دووانەکەی دیەكەیش زیندەبەچاڵ کران.
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە شەش دەیە، مۆنۆمێنتی شەهیدانی ٩ی حوزەیران لە دڵی سلێمانیدا، تەنها بیرهێنانەوەی ئازارەکان نییە، بەڵکوو گەواهی دەدات لەسەر شکستی ئەو بیرکردنەوەیەی کە پێی وابوو بە زەبروزەنگ دەتوانێت ناسنامە و باوەڕی گەلێک بشێوێنێت. سلێمانی بەو خوێنە گەشەی بەخشی، نیشانیدا کە مێژووی مرۆڤە ئازادەکان بە ترس و تۆقاندن نانووسرێتەوە، نە دوێنێ و نە ئەمڕۆ و سبەی، بەڵکوو بەو کەرامەتە دەنووسرێتەوە کە هەرگیز لەبەرانبەر ستەمدا، ئەوجا ستەمی هەر ستەمكارێك بێت، چۆک دانادات. دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ٩ی حوزەیرانی سلێمانی و هەموو قوربانیانی ڕێگای ئازادیی و سەربەخۆیی کوردستان.

