ڕائیب جادر – هەولێر
لە مانگی حوزەیرانەوە لە ناوچە کوێستانییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران شەتڵی تەماتە دەچێندرێت و مانگی ٩ بەرھەمەکەی پێدەگات. بەگوتەی بەرپرسانی کشتوکاڵ لە سنوورەکە، ساڵانە لەو ناوچانە بە سەدان تۆن تەماتە ڕەوانەی بازاڕەکانی کوردستان و عێراق دەکرێت.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەو تەماتەی بەرھەم دێت، زیاتر لە ٦٠ جۆری ھەیە، بەڵام سێ جۆریان ڕەواجی زۆری لەسەرە، ئەوانیش جودی، زەھەبی و ڕیجتۆرم، جۆری زەھەبی بەرھەمەکەی دوو ھێندەی بەرھەمەکانی دیکەیە، بۆیە بەشی زۆری جووتیارەکان ئەو جۆرە دەچێنن.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە ھەریەکە لە حاجی ئۆمەران، بناری حەسەن بەگ، کوێستانەکانی ھۆڕنە و ڕەشکین و ناوچەی کۆدۆ تەماتە دەچێندرێت، کە لەسەر ئاستی کوردستان ئەو ناوچانە بەرھەمھێنەری یەکێک لە باشترین جۆرەکانی تەماتەی کوردییە.

