رۆژنامەی ھەولێر

دەسەڵات و بەڕێوەبردنی سامان

فازڵ میرانی
سامان بریتییە لە هەر شتێک کە بشێت نرخێکی هەبێت، ڕووەکانی فرەجۆرن و شیاوی هەڵسەنگاندن. سامان ئامانجێکە بۆ مرۆڤ کە بەبێ ئەو یان بەهۆی کەمبوونیەوە، زۆرێک لە پلانەکان دوادەکەون یان بە تەواوی پەکیان دەکەوێت، جا ئەو پلانانە هەرچییەک بن، چ سوودبەخش بن بە واتا ئەرێنی یان نەرێنییەکەی، چ تایبەت بن یان گشتی. سامان لە ڕووی خاوەندارێتییەوە دوو جۆرە کە بریتین لە تایبەت و گشتی؛ بنەڕەتەکە خاوەندارێتیی تایبەتە، بەڵام خاوەندارێتیی گشتی دوای سەرهەڵدانی بیرۆکەی دەسەڵات وەک قەوارەیەک لە ناو کۆمەڵگەدا هاتە ئاراوە؛ کۆمەڵگەیەک کە سەرەتا بە کۆبوونەوە و دەسەڵاتی خێڵەکی دەستی پێکرد و پاشان بوو بە سەرەتایەک بۆ دەرکەوتنی زنجیرەی ئەو قۆناغانەی کە دواتر بە دەوڵەت ناسرا.
سامان بابەتێکە جێگەی توێژینەوە و ڕەخنەشە؛ چ لەپێناو خودی خۆیدا، چ لە ڕووی شێوازی دەستڕاگەیشتن پێی و چۆنیەتیی بەکارهێنانیەوە. وەک چۆن سامان دەچێتە ناو زۆربەی بوارەکانەوە، بە هەمان شێوە دەکرێت بەرهەم بهێنرێت و گەشەش بکات؛ تەنانەت لە پیشەسازییە ئابوورییەکانیدا، چیتر تەنیا کۆڵەکەیەکی سەرەکی نییە بۆ دەوڵەت و تاک، بەڵکو دابینکردنی ئاسایشی هەڵگرتنی، بووەتە یەکێک لە بنەماکانی ئابووریی ئەو دەوڵەتانەی کە کار لەسەر پاراستنی دارایی ئەو کەسانە دەکەن کە لایان دایدەنێن، لە هەر نەتەوە و ڕەگەزنامەیەک بن. جا بە شێوەی نەختینە بێت، یان کاڵا، یاخود موڵک و خانوبەرە، بە هەر شێوازێک کە بشێت بنرخێنرێت و بگۆڕدرێت؛ سامان بەسەر دوو جۆر خاوەندارێتیدا دابەش بووە کە بریتین لە تاکەکەسی و گشتی.
زۆربەی یاسادانانەکان ئامانجیان لێکۆڵینەوەیە لە پاکیی سەرچاوە، شەرعییەتی خاوەندارێتی و دروستیی بەکارهێنانی سامان؛ بەڵام ئەم یاسایانە نە یەکگرتوون و نە بە هەمان توندی و پێداگریش جێبەجێ دەکرێن. گەورەترین کەموکوڕیش لەم بوارەدا دەگەڕێتەوە بۆ زاڵبوونی بەرژەوەندییەکان، چونکە دادپەروەری و دادگەری هێشتا لە گۆڕەپانی دەستکەوتە سەرنجڕاکێشەکاندا ئامادەبوونیان ڕەت دەکرێتەوە یان کۆتوبەند دەکرێن. بوونی سامان پەیوەندییەک لە نێوان خۆی و ئەو کەسەدا دروست دەکات کە لە گرنگییەکەی تێدەگات؛ ئەم بابەتەش پەرەی سەندووە و فراوان بووە بۆ دروستکردنی سیستەمێکی پەیوەندییە تێکەڵاوەکانی ڕەفتار و ئەخلاق. بەهۆی ئەوەشەوە کە ئەم پەیوەندییانە کۆنترۆڵ نەکراون و بە تەنیا یەک ئاراستەدا ناڕۆن، هەمیشە لەبەردەم مەترسیی بەریەککەوتندان. وەک چۆن ململانێ لەسەر سامان لەنێوان تاکەکاندا ڕوویداوە و ڕوودەدات، بە هەمان شێوە لەنێوان قەوارەکانیشدا ڕوویداوە؛ بێ گوێدانە ئەوەی ئەو تاک یان قەوارانە سەر بە چ شارستانییەت و کلتوورێکن هێزی دەستکەوتەکان وا گۆڕاوە کە سامان سیفەتی ماف وەربگرێت لە کۆمەڵێک مامەڵەدا کە بەشێکیان نە شەریعەت و نە یاسای دروست پەسەندی ناکەن؛ بەمەش چەمکی ماف لە ناوەڕۆکە دادپەروەرانەکەی خۆی لادراوە. لێرەدا سێ ئاستی کۆمەڵایەتی هەن کە هەمیشە لە پەیوەندیی بەردەوامدان لەگەڵ سامان، ئەوانیش هەژاری، خۆبژێوی، دەوڵەمەندین. ئەم ئاستانە گۆڕەپانی کارکردنی هزری مرۆیین؛ ژینگەیەکی دیارن و هاوكات ئامانجێکی ڕوونیش بوون کە ئایین و بیروباوەڕەکان لە شیکردنەوە و ململانێی دادپەروەریدا سەرنجیان خستووەتە سەر. ململانێی نێوان ئەم دژانەش قوربانییەکی یەکجار زۆری لێ کەوتووەتەوە کە ناتوانرێت بەراورد بکرێن، لەگەڵ زیانێکی زۆری و سەرکەوتنێکی کەم.
لە ناوچەکانی ئێمە و لە سیاسەتەکانی فەرمانڕەوایی ڕۆژهەڵاتدا، نموونەی بەڕێوەبردنی سامانەکان لەسەر بنەمای باڵادەستیی تەواوی حکومەت جێگیر بووە، لەگەڵ هاوبەشکردنێکی قازانجخوازانەی سامانی تایبەتی تاکەکان و قەوارە بازرگانییەکان. بۆ سادەکردنەوەی وێنەکە: دامەزراوەیەکی حکومیی هەمووکارە، لەگەڵ بوونی کەرتی تایبەتدا هەیە، کە بریتین لە هەرەمی حکومی و هەرەمی دارایی تایبەت، جا نیشتمانی بێت یان بیانی. هەردوولایان لەبەردەم مەترسیی گەندەڵیدان، پەیوەندیی نێوانیشیان بە هەمان شێوەیە؛ جا بە جیا کار بکەن یان هاوکاریی یەکتر بکەن لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجێکدا کە نەدەهاتە دی ئەگەر پێگە، توانا و دەسەڵاتی هەردوولایان نەبووایە. چیرۆکی گەندەڵی، پەردەپۆشکردن و بەرتیل نە شتێکی نوێیە و نە تایبەتە بە کۆمەڵگەیەک بەبێ کۆمەڵگەیەکی تر، وەک چۆن دەستپاکیش قۆرخ نەکراوە بۆ خاوەن بیروباوەڕێکی دیاریکراو.
لە بنەڕەتدا، بازرگانیکردن قەدەغە نییە مەگەر بە دەقێکی شەرعی یان یاسایی دروست نەبێت، هەروەها داهاتی فەرمانبەری و پیشەش قەدەغە نییە مەگەر بە دەقێک کە مرۆڤ دڵنیا بکاتەوە. لەبەر ئەوە، جێی سەرسوڕمان نییە کە عەقڵی بازرگانی وەک کارەکتەرێکی ۆکاریگەر بچێتە ناو کایەی سیاسەتەوە نەک تەنیا وەک پارەدارکەرێک، وەک چۆن جێی سەرسوڕمانیش نییە کە عەقڵی ئیداریی فەرمی بێتە ناو بازرگانییەوە، چونکە ئەم ڕەوتە لە واقیعدا بوونی هەیە. بەڵام کێشەکە لێرەدایە کاتێک دامەزراوەیەک کە بۆ خزمەتگوزاریی گشتی دروستکراوە، بگۆڕدرێت بۆ شوێنێک کە بۆ قازانجی تاکەکەس بەڕێوەببرێت؛ ئەمەش کاتێک ڕوودەدات کە عەقڵییەتێکی هاتووی ناو بازاڕ، بەڕێوەبردنی دامەزراوەیەکی حکومی بگرێتە دەست. لێرەدا، ئێمە لە پرسی تاوانبارکردنی بەرژەوەندیی دوولایەنە دەردەچین و دەچینە ناو کایەی بەرژەوەندییە شاراوەکانەوە.
لە نموونە هاوچەرخەکانی ئێستادا و بەبێ ناوهێنان، قەبارەی تێکەڵاوبوون و تێوەگلان لە نێوان بازاڕ و جومگەکانی دەسەڵاتدا دەبینین کە گۆڕدراون بۆ سەرچاوەی قازانی تاکەکەسی؛ ئەمەش بە شێوازێک کە بازنەی هەژاری فراوانتر بووە، بازنەی خۆبژێوی بەرتەسک بووەتەوە سامانی تاقمێک یان چینێک بەهێزتر بووە؛ سامانێک کە لە بنەڕەتدا دەبوو بە جۆرێک بەڕێوەببرێت کە هاوسەنگیی کۆمەڵایەتی بپارێزێت، ڕووبەری هەژاری کەم بکاتەوە و دۆخی خۆبژێوی ببوژێنێتەوە. دەسەڵاتەکان لە داڕشتنی سیاسەتە ئابوورییەکاندا تەواو ئازاد نین، هەرچەندە لە ئاراستەی ئامادەکردنی ئەو سیاسەتانەشدا ڕاستگۆ بن؛ بەمەش بارودۆخێکی سەخت بەسەر زۆربەی هاووڵاتیاندا دەسەپێنن کە پێشتر بەهۆی سیاسەتە ئابوورییە هەڵە، بۆ ماوەییەکان یان بەردەوامەکانەوە ژیانیان بەڕێوە براوە گۆڕانی بارودۆخەکە بەرەو کۆنترۆڵکردنی عەقڵییەت و ئامرازەکانی بازاڕ، بۆ ئەوە نییە کە دەسەڵات بەرەو بەهێزکردنی بازاڕ بڕوات، بەڵکو نیشانەی لاوازیی دەسەڵاتە، یان لادانیەتی بەرەو قازانجی تاکەکەسی بە بەکارهێنانی پێگە فەرمییەکەی خۆی. گۆڕانکارییەکی لەم شێوەیە کە بێئاگا بێت لەو ژینگەیەی کە دروست دەبێت و لەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ڕەفتارییە خراپانەی کە لێی دەکەوێتەوە، دەبێتە هۆی خێراکردنی پێکدادان و بەریەککەوتنی نێوان هێزەکان. نە قەبارەی نەختینە و نە پاڵپشتەکانی لە سەرمایە، ئەو بابەتانە نین کە ئەگەر یارییان پێ بکرێت لەپێناو پڕۆژە لێکۆڵینەوە نەکراوەکاندا، بتوانرێت گەرەنتی ئەوە بکرێت کە کاریگەریی خراپیان نابێت؛ لێرەدا دەڵێم کە ئەنجامدەری ئەم کارە لە لێپرسینەوە ڕزگاری نابێت تەنانەت ئەگەر دواش بکەوێت، بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نییە لە بەرامبەر ئەو زیانە کۆمەڵایەتییانەی کە دروستی دەکات، هەروەها ئەمەش لایەنە چاودێرییەکان لە کەمتەرخەمییان نابەخشێت و پێویستە ئەوانیش ڕووبەڕووی لێپرسینەوە بکرێنەوە.
بە درێژایی بیست ساڵی ڕابردوو، بەفیڕۆدانی پارە و یاریپێکردنی لە نێوان تاڵانکردن و بەهەدەرداندا کە هیچ بەهەدەردانێک بە مانایەکی بێتاوان بوونی نییە، بووەتە هۆی کارەسات و نەهامەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسی، کە ئێستا بەرهەمە تاڵەکەی دەدوورینەوە و لە داهاتووشدا دروێنەکردنی بەردەوام دەبێت. پشتگوێخستنی ڕێکخستن و پلاندانانی دروست، هەمیشە وەک لادانی دوگمەی دڵنیایی بووە لەسەر تەقەمەنییەکی شاراوە لەناو ناخی کۆمەڵگەدا.