موزەفەر فەیلی
مۆدێرنی (Modernism) بزوتنەوەیەکی فەلسەفی و لە ھەمان کاتدا ھونەری ھاوشان لەگەل لایەنەکانی تری رۆشنبیری و گۆرانکارییەکان لە جیھانی رۆژئاوایی و لە کۆتایی سەدەی نۆزدەھەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم ھاتەدی. ئەم دەستەواژەیە لە کوردی مانای وەکو (نوێخوازی) دەدات، ئەم بیر و باوەڕە لەناو جەرگەی ئەورپا و بەتایبەت لە فەرەنسا و ھەروەھا بریتانیا سەری ھەڵدا و کەم کەم باڵی بەسەر ھەموو ئەوروپا و دواتر زۆربەی وڵاتانی جیھانی کێشایەوە. لە سەرەتا زیاتر وەکو بزوتنەوەیەکی ھونەری و ئەدەبی ھاتە کار وەکو شیعر و رۆمانی مۆدێرنیزم و ھەروەھا وێنەکێشانی نوێ و بەگشتی ھەوڵدان بۆ نوێخوازی و وازھێنان لە کۆن و پەیرەو کردنی شتی نوێ وەکو نوێخوازی لە بیرکردنەوە. دوای ئەم بیر و باوەرە لە ناو کات و ساتی سەدەکان وەکو بیری سەردەمیانە و نوێگەرایی (Modernity) پەرەی سەند و دواتر بۆ مەبەستی بەرێوەبردن و کارگیری وڵاتان ھاتە کار وەکو بەسەردەمیکردن و نوێکردنەوە (Modernization) بەکار ھات.
زۆر جار کە کەسێک دەبینین بە جل و بەرگی نوێ یان بە ئۆتۆمبیلێکی نوێ دەڵێن فلان کەس مۆدێرنیزمە، پێشکەوتووە بەبێ ئەوەی ھیچ شتێک لەو کەسە بزانین! بەداخەوە ھەمیشە سەیری لایەنی لاوەکی و دەرەکی شتەکان دەکەین بەگشتی نەک لایەنی بنەرەتی و دەرونی. بێگومان زۆر بابەت و شت لەراستیدا دوای ماوەیەک و ھەروەھا لە مەودای دووری کەم کەم مانا و بنەمای خۆی یان لەدەست دەدات یان دەگۆردرێت بەپێی شوێن و کاتی جیاواز! ئەمەش زۆر بەراستی و بە تەواوەتی لە عێراق و کوردستان روویداوە. زۆر جار ھەندێک بیر و باوەری سەردەمیانە یان نوێ بەھەڵە و ناتەندروستی تێدەگەینرێن و بڵاودەبن کە بێگومان ئەم رووداوە پەیوەندی راستەوخۆی بەو کەس یان لایەنانە ھەیە کە مانا و وەرگێرانی ھەڵە و نادروست بۆ ئەو بابەتە دەکەن بەپێی ئاستی تێگەیشتنیان و لە ھەمان کاتدا بەپێی پێگە و کاریگەرییان وەکو کەسێکی دەوڵەمەند یان بەرپرس بۆ نموونە و ھەروەھا وەکو لایەنێک کە پارت یان بزوتنەوە و یان رێکخراوێکی بەھێز و کاریگەر بێت، بەم شێوەیە بێگومان کاریگەری دەبێت و بەراستی زۆر مەترسی دار و خەتەرناکە لەسەر کۆمەڵگەکان. بۆ نموونەپووشینی ھەندێک مۆدێلی جل و بەرگی ناشیاو چ بۆ ئافرەتان و چ بۆ پیاوان و ھەروەھا دەرخستنی مۆدێل و ستایلی شاز و نارێک بۆ ھەر دوو رەگەز و ھەروەھا شێوەی ھەڵسەکەوت و رەفتارکردنی نادروستی ھەندێک لە تاکەکانی کۆمەڵگا لەراستیدا ھیچ مۆدێرنیزم نییە بەڵکو مۆدێل نزمە لەراستیدا! شێوەی ستایلی ژیان یان یاسا یان بیر و باوەر و ھەر شتێکی تری بریقەدار کە لە شوێنێکی تر ھەبێت مەرج نییە کە بۆ منیش ھەر بە ھەمان شێوە سەرکەوتوو و بە نرخ بێت! دەبێت بزانین کە نە ھەر شتێک کە دەدرۆشێتەوە زێرە! زۆر گرنگە لەوە تێبگەین کە دەبێت لەناخەوە گۆرانکاری و نوێخوازی لە خۆمان و کۆمەڵگەمان بکەین نەک تەنھا لە رووکەش و دەبێت ببینە نموونە بۆ دەوروبەرمان. نوێخوازی واتا دژایەتی کۆنەپەرەستی و دواکەوتوویی لە ھەموو بوارەکانی سەرەکی ژیان وەکو چوونیەتی رێکخستنی سیستەمی خوێندن لە ھەموو ئاستەکان کە تەنھا ژمارە ھەموو شتێک نەبێت بۆ دیاری کردنی ئاستی خوێندن و ئایندەی فێرخواز، کە بێگومان دەبێتە ھۆی ھاندان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و کارا بەپێی خولیا و تواناکانی تاک لەناو کۆمەڵگا، نەک دوورخستن و بێبەش کردنی ھەندێک فێرخوازی خاوەن بەھرە بۆ شوێنی نەگونجاو و نادروست تەنھا لەسەر لاپەرەیەکی ئەزموون یان تەنھا لەسەر ژمارەیەک! ھەروەھا رێکخستنی باری خانەوادەی دروست و بەختەوەر ھەر لە سەرەتای دروست بوونی و چوونیەتی بەرەنگاریکردن و پاراستنی ژیانی ھاوسەرایەتی لە ئالنگارییەکانی ناو ژیان و بە سیستەم کردنی پرۆسەی تەلاق بۆ پاراستنی منداڵ و ژن و پیاو و بەگشتی خانەوادە وەکو یەکەمین خانەی پێکھێنەری کۆمەڵگە. ئەمە نوێخوازییە نەک تەلاقدانی ئافرەتان لەلایەن پیاوان و ھەروەھا داوای تەلاقکردن لەسەر پیاوان لەلایەن ئافرەتان لەسەر ھەندێ بابەتی نابەجێ و بێ بنەما. بێگومان نوێخوازی و پێشکەوتن زۆر گرنگ و پێویستن بۆ مرۆڤـ و کۆمەڵگە بەڵام دەبێت لەسەر بنەماکانی بنەرەت و دروست بنیات بنرێن تاکو سەرکەوتوو و سوودبەخش بێت. مۆدێرنیزمی واتا بنیاتنان و دروستکردن نەک رووخاندن و تێکدان! دەبێت ھەموومان بە تاک و کۆ و پارت و رێکخراوەکان بنیاتنەر بین بۆ کۆمەڵگە و وڵاتەکەمان ئەوەش بە بەلاوەنانی ھەموو بەرژەوەندییەکانی تایبەتی کەسێیەتی و حیزبی بۆ سەرخستنی پەرلەمان و حکومەت بە دەرکردن و ھەموار کردنی یاسای سەردەمیانەی کە بگونجێت لەگەل بنەما سەرەکییەکانی خاک و نشتیمانمان نەک تەنھا لاساییکردنەوەی شتەکان لە دەرەوە بۆ ناوەوە بەبێ تێگەیشتن و خوێندنەوەی! ھەروەھا بە براند کردنی کاڵاکانی ناوخۆیی بۆ دەرەوەی وڵات و ناساندنیان بۆ جیھانی دەرەوە و پشت بەستن بە خۆمان بۆ دابینکردنی نیاز و پێداوێستییەکانمان. ئەمانە ھەمووی لە جۆرەکانی نوێخوازی و مۆدێرنیزمییە. زۆر پێویستە کە لە مۆدێل نزمی دەربچین بەرەو مۆدێرنیزمی راست و دروستی راستەقینە کە لەگەل منی کوردی، کوردستانی و موسەڵمان رێک و گونجاو بێت لەپێناو شکۆ و بەھا بەرزەکانمان. دەبێت بۆ خۆمان بژین نە بۆ خەڵکانی تر و مۆدێرنیزمانە و نوێخوازانە لە ئاستی بەرپرسیارێتی بیر و ھەڵسوکەوت بکەین. دەبێت مۆدێرنیزمانە بیر لە کۆزمۆپۆلیتیزمی کوردستان بکەین.

