بە بەشداریی نوێنەرانی 52 وڵات، لە کۆڕبەندێکی نێودەوڵەتید، د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، گرنگیی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانی بۆ کیشوەری ئەوروپا خستەڕوو، جەختیی لە پێویستیی پتەوکردنی پەیوەندی و هاوبەشییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا کردەوە.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد، تێیدا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە گرنگیی سیاسی، ستراتیژی، ئابووری، ئەمنی و جیۆپۆلیتیکی هەرێمی کوردستانی بۆ ئەوروپا روونیکردەوە، جەختیشی لە پێویستیی پتەوکردنی پەیوەندی و هاوبەشییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی یەکێتیی ئەوروپا کردەوە.
دلاوەر ئاژگەیی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە پێگەی جوگرافی و ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کرد، روونیکردەوە، هەرێمی کوردستان بەهۆی تایبەتمەندییە سیاسی و ئەمنییەکانی، دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەکە و فراوانکردنی هاوکارییە هاوبەشەکان لەگەڵ ئەوروپادا بگێڕێت.
رۆڵی هەرێمی کوردستانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هەڕەشە ئەمنییەکان، پاراستنی سەقامگیری و پشتیوانیکردن لە ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە خستەڕوو، جەختیشی لە گرنگیی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکارییە ئەمنی و ستراتیژییەکان لەگەڵ هاوبەشە ئەوروپییەکان کردەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر رەهەندە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەزموونی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لە پێشوازیکردن و پەنادانی ئاوارە و پەنابەران و پاراستنی فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و بنەماکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە، گرنگیی بەردەوامیی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ ئەم بوارانە دووپاتکردەوە.
باسی لە پەرەپێدانی هاوکارییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا کرد، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وزە، وەبەرهێنان، کشتوکاڵ، پیشەسازی، ژێرخان و تەکنەلۆژیا، ئاماژەی بە پێویستیی سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکانی هاوبەشیی ئابووری و گەشەپێدانی بەردەوام دا.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، داوای لە وڵاتان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ئەوروپا کرد، پشتگیرییە سیاسی، دیپلۆماسی، ئابووری و مرۆییەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان زیاتر بکەن و بایەخی زیاتر بە پاراستنی سەقامگیری، پەرەپێدانی دامەزراوەکان و فراوانکردنی هاوبەشییە ستراتیژییە دووقۆڵییەکان بدەن.
نوێنەرەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەختیشی کردەوە، پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا، رۆڵێکی بەرچاو لە چەسپاندنی ئاسایش، سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگێڕێت و خزمەت بە بەرژەوەندییە درێژخایەنەکانی هەردوولا دەکات.
پێداگریی لەسەر بەردەوامیی گفتوگۆ و راوێژە سیاسی و دیپلۆماسییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگییەکان کردەوە، بە ئامانجی بنیاتنانی هاوبەشییەکی ستراتیژی، دامەزراوەیی و درێژخایەن لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و رێزگرتنی دوولایەنە.
بەشداریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەدا، لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستانە لە یەکێتیی ئەوروپا بۆ ناساندنی پێگەی ستراتیژیی هەرێم، فراوانکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و خستنەڕووی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان.
