ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
ڕاپۆرتێکی هەواڵگری لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە خراوەتە بەردەم سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، کە پڕە لە بەڵگە و وێنە؛ وێنەکان لە ڕێگەی جیۆفیزیایی و مانگە دەستکردەکانەوە تۆمار کراون و تێیدا حیزبوڵڵای عێراقی بە بەهای نزیکەی (٢) ملیار دۆلار نەوتی تانکەر بەقاچاخ بردووە بۆ ئێران و لەوێشەوە بەرەو ئەفغانستان.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بە شێوازی دزیکردنەکە کراوە، لە ڕێگەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی کونکردنی بۆڕییە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، کە لە نزیک چوارڕێیانی ئەلبەهبەهانی لە جورف سەخر (حیزبوڵڵا ناوی ناوە جورف ئەلنەسر) تێدەپەڕن. جورف سەخر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا و باکووری پارێزگای بابل؛ ناوچەیەکی دارستاناوی و داخراوە و بەگشتی ماوەی نزیکەی (٢٠) ساڵە، بەتایبەتی لە دوای ساڵی (٢٠١٤)ەوە، کەس و هیچ لایەنێکی حکومی و مەدەنی نەیتوانیوە توخنی ئەم ناوچەیە بکەوێت، چونکە مۆڵگەی سەرەکیی حیزبوڵڵای عێراقییە.
* بەهرۆز جەعفەر، بەرپرسی ئینستیوتی مێدیتریانە، لە تازەترین توێژینەوەی خۆیدا نووسیویەتی: “ئێمە نابێت تەنها مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیارییە ورد و درشتەکەدا بکەین، کە ئەمەیە: لە جورف سەخر بۆڕییەک نەوت کون کراوە و ڕۆژانە (٢٠) هەزار بەرمیلی لێوە براوە، بەڵکو پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە؛ ئایا کۆنترۆڵی نەوت لە عێراقدا لە دەستی دامەزراوە فەرمییەکانە، یان دەسەڵاتە ناڕەسمییەکانیش بەشێکیان لە کۆنترۆڵی ئەم سامانەدا بەشدارن؟”
بەقاچاخبردنی نەوت لە عێراق بابەتێکی نوێ نییە و ڕۆژانە لە ڕێگەی جیاجیاوە ئەنجام دەدرێت؛ تەنها لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٦ لە دەستەی نەزاهەی عێراقدا (٢٢٨) جار هەواڵ و هەوڵی بەقاچاخبردنی نەوت تۆمار کراوە. هەوڵەکان زۆر لەوە زیاترن، تەنانەت لە خاڵە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریاوە هەفتانە بە تانکەر نەوتی ڕەش، گازوایل بە کوالێتیی جیاجیا، ڤی-ئار، و چەند جۆرە قیڕێکی پاڵێوگەکانی نزیک لە گرووپ و حیزبەکان ئاودیوی ئەوی دەکەن بە ناوی ئەوەی کە گوایە ئەوە بەرهەمێکی دیکەی نەوتییە.
ئەمجارەیان بابەتەکە هەستیارتر دەردەکەوێت
یەکەم: گرووپێکی چەکدار لە ئارادایە و تۆمەتباری سەرەکییە؛ حیزبوڵڵا یەکێکە لە کاریگەرترین گرووپە ئایدۆلۆجیی-چەکدارە بەئەزموونەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق. هەر لە ساڵی ٢٠٠٩شەوە حیزبوڵڵا لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە لە لیستی گرووپە تیرۆریستییە بیانییەکاندایە. ئێستاش بە درووشمی ئەوەیان بەرامبەر کابینەکەی زەیدی بەرز کردووەتەوە کە: نە چەک دادەنێن و نە جورف ئەلنەسریش چۆڵ دەکەن! ئیتر عێراق دەمێکە لەسەر پێیە بۆ ئەوەی شەڕ و پێکدادانێکی شیعی-شیعی تێدا ڕووبدات و جاری دایکیش ئەم پرسە ناکۆکییەکەی زەقتر کردووەتەوە.
دووەم: حکوومەتی عێراق و ئیدارەی حەشدی شەعبی بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە هەموو گرووپەکان ڕێکخراونەتەوە لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا؛ لەو نێوەندەشدا حیزبوڵڵا هەردوو لیوای (٤٥) و (٤٦)ی هەیە و ڕاستەوخۆ لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە مووچەیان پێ دەدرێت! مووچە لە کوێوە دێت؟ لە داهاتی نەوتەوە، واتە بە دۆلار و لە ئەمریکاوە دێت!
سێیەم: ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکە وردە و تەنانەت جووڵەی تانکارەکان و کونکردنی بۆڕییەکەش نیشان دەدات؛ ئەمەش مانای ئەوەیە بە هاوکاریی ئەمریکییەکان ئەم ڕاپۆرتە ئامادە کراوە و خراوەتە ڕۆژەڤەوە.
چوارەم: ئەمە ڕاستەوخۆ هەڕەشەیە لەسەر سەروەری و ئابووریی عێراق و بوونی درزێکی گەورەیە لە کەسایەتیی مەعنەویی دەوڵەتدا، بەتایبەتی بە پاڵپشتیی ئیدارەی ئەمریکا، ئیدارەی زەیدی بەڵێنی داوە ئابووریی نەوتیی عێراق ڕێکبخاتەوە. لە باشووری عێراق شیڤرۆن، ئێکسۆن مۆبێل و چەندین کۆمپانیای دیکەی ئەمریکی و ڕۆژئاوایی هەن و لە کەرکووکیش بەتەواوی (بریتیش پێترۆلیۆم – بی پی) دۆخی نەوتیی کۆنترۆڵ کردووە.
هەموو ئەوانەی سەروکاریان لەگەڵ بازاڕی بەرهەمە نەوتییەکان هەیە و بە فەرمی و بەگشتی لە بارستەی بازرگانی، گواستنەوە و هەناردەکردنی هەر بەرهەمێکدا کار دەکەن، دەزانن تەنانەت گواستنەوە لە باشوور و ناوەڕاستەوە بۆ سلێمانی یان هەولێر پێویستی بە مۆڵەتی ڕێگا هەیە، هەروەک هەر بارێک پێویستی بە دۆکیۆمێنت (کاغەز)ی پاڵێوگەکان هەیە. بۆیە ئەمە کارێک نییە بێ پاڵپشتی و دەست و پێوەندیی کەسانی دەسەڵاتدار بەڕێوە چووبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو نەوتە، نەوتی خاو بێت؛ ئەوا تاوانێکی ئاشکرا و کارەساتێکی تەواوەتییە بۆ حکوومەت و شان و شەوکەتی کابینە وەزارییەکانی حکوومەت!
لە کاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتەکە لە ساڵی (٢٠٢١)ەوە ئەم گرووپە خەریکی بردنی نەوتەکەیە و بۆڕییەکەیان کون کردووە، حکوومەت و وەزارەتی نەوت لە کوێ بوون!؟ بێگومان وەزارەتی نەوت و لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بوون؛ بەدرێژایی مێژوو نەوت توانای فڕینی نەبووە و ئەم نەوتە خۆی نەفڕیوە لە عێراقەوە بۆ ئەفغانستان. لە هەر ڕۆژێکی کارکردندا، هیچ بیرێک نییە لە هیچ کێڵگەیەکی عێراقدا کە نەوتی لێ دەربێت و دەمەو ئێوارە پێش کۆتاییهاتنی کاتی دەوامی فەرمی، ڕاپۆرت و داتاكانی نەگاتە وەزارەت. وەزارەت و کۆمپانیاکان دەزانن چەند پەمپ دەدرێت لە بیرەکانەوە، لە خەزانەکانەوە بۆ ناو بۆڕییەکان، و ئەو خاڵەی نەوتەکەی بۆ دەچێت (تەنانەت بۆ جەیهانی تورکیاش وایە) ڕۆژانە دڵنیایی دەنێرێت کە ئەوەندە بڕە گەیشتووە.
بەهرۆز جەعفەر دەڵێت: «ئەم دێڕانەی سەرەوە گرنگن، بەڵام لای من گرنگییەکانی لە شوێنێکی ترەوەن:
یەکەم: ئەو چاکسازییانەی حکوومەتی عێراق بانگەشەی بۆ دەكات لە کەرتی نەوت و غازدا کردوویەتی، پێشتر گومانێکم لێی هەبوو و ئێستا گومانەکە تۆختر بووەتەوە؛ بەتایبەتی لە بابەتی بەهەدەردانی غازدا، وەک هەمووان دەزانن بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو عێراق غازی هاوەڵی خۆی بەخۆڕایی سووتاندووە، بەهەدەری داوە و ژینگەی پیس کردووە، لە بەرامبەردا ساڵانە هاوردەکردنی غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئێران و شوێنەکانی دیکەوە نزیکەی (٧) ملیار دۆلار لەسەر عێراق کەوتووە. ئەوە ماوەی ساڵێکە لەپڕ (لەناکا و) پەیتا-پەیتا بەرپرسانی عێراق دەڵێن بە ڕادەی (٧٥٪) بەهەدەردانی غازی سووتاومان کەم کردووەتەوە!
دووەم: بەدرێژایی سەدەی بیستەم ترس و کێشەی ئیمپریالیزم و حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و ناوچەکە لەگەڵ کورد ئەوە بووە و ئەوەیە کە کەرکووک و ناوچە کوردییەکانی باکووری وڵات بەگشتی خاوەنی نەوت و غازن. ئێستا وا هێدی-هێدی ئەم گرووپانە و حکوومەتی عێراق بە ڕێگەی جیاجیا کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستانیان خستووەتە ژێر ڕکێفی حکوومەتی فیدراڵی عێراقەوە. ئەوە لە کەرکووک و لە کۆمپانیای نەوتی باکوور هەموو شتێک لە دەستی کورد دەرچووە، بە ڕێژەی (٩٨٪) فەرمانبەرانی نەوتی باکوور و غازی باکوور عەرەب و تورکمانن. ڕەنگە چی دیکە بکەن لە ڕووی ئەندازەی نەوتی و جیۆلۆجییەوە ئەگەر کێڵگەکانی کوردستان بکەوێتە بەردەستیان!؟
لە کاتێکدا بەرامبەر بە جەستەی خۆیان و لە پارێزگاکانی باشوور و ناوەڕاست زۆر بەخراپی مامەڵەیان لەگەڵ بیرە نەوتییەکان و بۆڕییەکان کردووە کە پێویستییان بە نۆژەنکردنەوە هەیە.
