ئەحمەد شاکر
لە سەرجەم کابینەکانی حکوومەتی کوردستان تا ئەمڕۆ، سەرباری تەنگەژە و قەیرانە جۆراوجۆرەکان، هیچ دەڤەر و ناوچەیەک لە هەرێمی کوردستان نەماوە دەستی ڕووناکی و ئاوەدانی پێ نەگەیشتبێت و ئەگەر بە ئەرشیفی پرۆژە و کارە خزمەتگوزارییەکانی چەندساڵی ڕابردووی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بگەڕێین، شاهێدی ئەوە دەدەیت هیچ دەڤەرێک نییە لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە بەرەو پێش نەچووبێت و لە کەرتی ڕێگابانەوە بگرە تا پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی ئاو و کارەبا کاری جیددی بۆ نەکرابێت.
ئەوە دەزانین کە خزمەتکردنی هاووڵاتی ئەرکی سەرەکی حکوومەت و دامەزراوەکانییەتی و فەرمانگەکانی حکوومەت لەو پێناوەدا دامەزراون، بەڵام کارەکانی کابینەی نۆیەم لە خزمەتگوزارییەوە پەڕینەوە بۆ دەستکەوتی نیشتیمانی و پێویستە ئەو ڕاستییە باس بکرێت و لەبیر نەکرێت، پرۆژەی ڕووناکی، کە هەموو جیاوازییەکی لە نێوان شار و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان سڕییەوە، تەنیا پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری ئاسایی نەبوو، بەڵکو ئەم پرۆژەیە لە پاڵ سوودە نەبڕاوەکانی بۆ ژینگە و ڕەچاوکردنی دۆخی دارایی هاووڵاتیان و دابینکردنی کارەبای پێویست و بەردەوام بۆ هەمووان، ئەوە نیشان دەدات کە حکوومەت، حکوومەتی تەواوی خەڵکی کوردستانە و لە بنەڕەتەوە بڕوای بە جیاکردنەوەی هیچ ناوچە و زۆنێک نییە و هاووڵاتیانیشی پێویستە بێ هیچ جیاوازییەکی ناوچەیی لە خزمەتگوزارییەکانی سوودمەند بن.
هەوڵدان بۆ دابینکردنی ئاوی پاکی ماڵان، لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، هەوڵێکی دیکەی نیشتیمانی بوو، کە بێگومان بە تەواوبوونی سەرجەم پرۆژەکانی ئاو گرفتی کەمئاوی بە تەواوی بەرۆکی هاووڵاتیانی کوردستان بەردەدات.
هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی سەرچاوەکانی داهات و بە یاسا و ڕێنمایی کارئاسانی بۆ وەبەرهێنەران لەپێناو ڕەخساندنی هەلی کار بۆ هاووڵاتیان دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو ناوچەکانی کوردستان، هەوڵێکی دیکەی نیشتیمانی بوو کە هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ و ڕەخنەگرتن ناهێڵێتەوە.
لە پەنای هەموو ئەوانەدا هەوڵدان بۆ شەفافکردنی داهات و خەرجییەکان و بە ئەلیکترۆنی کردن و پێکەوە بەستنەوەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە سەردەمیانەترین هەنگاوەکان بوو کە کابینەی نۆیەم بوێرانە دەستی بۆ برد و تیایدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە، ئەم هەنگاوە نیشتیمانییە بۆ بە دیجیتاڵیکردنی کارگێری تەنیا خزمەتگوزارییەک نییە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین لە فەرمانگەکانی حکوومەت، بەڵکو لە پاڵیدا بەدیهێنانی خەونی گەورەی نیشتیمانییە کە هەرێمی کوردستان بەرەو یەکگرتوویی و شەفافی و ئیدارەدانێکی سەردەمیانە دەبات و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش وەکو هاووڵاتیانی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان بەرەو قۆناغێکی نوێی ئابوری دەبات لە مامەڵە داراییەکان.
هەموو ئەو هەنگاوانە، وامان لێدەکات بڵێین، کار و پرۆژەکانی چەند ساڵی ڕابرووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێویستیان بە پاڵپشتی و کۆدەنگی هەموولایەنەکان و خەڵکی کوردستانە بۆ ئەوەی لە ئایندەی نزیکدا بەرهەماکانی بە ئاکام بگات و ئەو پرۆژانەی هێشتا بە تەواوی جێبەجێ نەکراون لە ئایندەدا جێبەجێ بکرێن و ئەنجامەکانی بچێتە سەر هەگبە و دەستکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

