رۆژنامەی ھەولێر

بێلینگهام: ئامۆژگارییەکانی دایکم خاڵی بەهێزی منە

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

ناسنامەی هەڵبژاردەکانی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026 یەکلایی بووەوە، ئەرجەنتین بە سەرکردایەتی مێسی و ئینگلاند بە قاچە جادووییەکانی بێلینگهام بلیتی یاریی پێشکۆتاییان بڕی، بەڵام، تۆماس توخێل نیگەرانە و دەڵێت: ناکرێت لە هەموو یارییەک بە هەوڵی تاکەکەسی بێلینگهام سەربکەوین. لە لایەکی دیکەوە بێلینگهام رایگەیاند لە مۆندیال گوێرایەڵی ئامۆژگارییەکانی دایکم بووم و زۆر سوودم وەرگرتووە.

توخێل: لە ئاست و ئەنجامی هەڵبژرادەکەم رازی نیم
دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئینگلاند لە چارەکی کۆتایی مۆندیالی 2026 شکستی بە هەڵبژاردەی نەرویج هێنا و یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و گۆڵەکانی ئینگلیزەکان بە قاچەکانی ناوەراستکارەکەی ریال مەدرید جوود بێلینگهام تۆمار کران.
تۆماس توخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلاند لە پرێس کۆنفرانسێکدا دوای یارییەکە گوتی: “سەرسامم بەو توانایەی یاریزانەکان پێشانیاندا، هەروەها رۆحی یاریی بەکۆمەڵ و بڕوابەخۆبوون و توانای تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان و جەنگان لە یارییەکەدا لەپێناو دۆزینەوەی رێگای سەرکەوتن، ئەوان لەو لایەنەوە جێگای دەستخۆشین”.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە زیاتر دەڵێت: “بەڵام منیش وەک راهێنەری تۆپی پێ، پێموایە ئێمە دەتوانین ئاستی باشتر پێشان بدەین. بەشێوەیەکی گشتی پێموانییە یارییەکی ئاستبەرزبووبێت. پێموایە ئێمە پێشتر یاریی لەوە باشترمان ئەنجامداوە، لەبەرئەوە لەناوەوەی خۆمدا، کاتێک بیری لێدەکەمەوە، پێموایە دەکرا زۆر باشتر بین”.
هاری کەین و جود بێلینگهام، کۆنترۆڵی گۆڵەکانی هەڵبژاردەکەیان کردووە لە مۆندیالدا و لە کۆی 13 گۆڵی هەڵبژاردەکە، 12 گۆڵ لەلایەن ئەو دوو یاریزانەوە تۆمارکراون.
توخێل دەشڵێت: “پێویستمان بەو دوو یاریزانە یەکلاکەرەوەیە هەیە، ئەوان حەزیان لە ئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتییەکەیە، کوالیتییان بەرزە و لە ساتی هەستیاردا دەردەکەون، لەبەرئەوە هیچ کێشەیەک نییە لە درەوشانەوەی زیاتریان، نابێ بەداخ بین لەوەی ئەو دوو یاریزانە یارییەکانمان بۆ یەکلایی دەکەنەوە، ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە، هەردووکیان لە باشترینەکانن، رێگای خۆیان دۆزیوەتەوە”.
توخێل جەخت لەوەش دەکاتەوە لە ئاست و لە ئەنجامی هەڵبژاردەکەی رازینییە، دەشڵێت: گومانم لەوە نییە کە هەست بەپەیوەستییەکی گەورە دەکەم لە تیپەکەدا، لەبەرئەوەی یاریزانەکان ئەوە دەکەن کە پێویستە بیکەن، ئەوان شکست رەتدەکەنەوە، زەحمەتی و بەربەرستەکان تێدەپەڕێنن”.

بێلینگهام: دایکم فێری کردم ئارام و وریا بم
جوود بێلینگهام، ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگلاند لە نوێترین لێدوانی دا رایگەیاند هەمیشە یارییەکان دابەش دەبێت بەسەر چەندین لایەنی جیاوازدا، کە هەندێکیان هونەری و هەندێکیش تاکتیکین، دەشڵێت: بۆ من گەورەترین لایەن لایەنی دەروونییە، بەوەی کە چۆن دەتوانیت خۆت راست بکەیتەوە و شکستەکان بەرەو سەرکەوتن بگۆریت، چۆن دەتوانیت بەرگەی سەختییەکان بگریت، خۆشبەختانە هەڵبژاردەکەم جارێکی تر نیشانی دایەوە کە دەتوانێت ئەم کارە بکات. ئەمەش کارامەیی و تایبەتمەندییەکی بەڕاستی بەنرخە بۆ چوونە ناو ئەم قۆناغەی ڕکابەرییەکانەوە.
بێلینگهام گوتیشی: دایکم تەواوی هەفتە پێی دەوتم کە ئاگام لە زمانم، ئاگام لە خۆخشاندنەکانم و ئاگام لە دەربڕینی ڕوخسار و کاردانەوەکانم بێت. بۆیە بەڵێ پێموایە ئەو تەواوی هەفتەکە منی تێگەیاند کە پێویستە وریابم و لە کارتە زەردە بەدوور بم. کاتێک بە شێوازێکی دروست یاری بەڕێوەدەبەیت، پێویستە دەستخۆشی لە ناوبژیوانەکەش بکرێت، چونکە ئەو نایاب بوو و ڕێگەی پێدەدام بە ڕێزەوە پەیوەندیی لەگەڵدا ببەستم، لە کاتێکدا زۆرێک لە ناوبژیوانان ئەم کارە ناکەن.

توخێل توڕەیە و رەخنە لە بەرپرسانی تۆپی پێی ئینگلاند دەگرێت
تۆماس توخێل، راهێنەری هەڵبژاردەی ئینگلاند رایگەیاند کە یەکێتیی تۆپی پێی ئینگلاند تاوەکو ئێستا هیچ روونکردنەوەیەکی سەبارەت بە تووندکردنی سزای راگیرانی بەرگریکارەکەی، جارێل کوانسا بۆ 2 یاری لە جامی جیهانی 2026 پێ نەگەیشتووە، ئەمەش دوای ئەوەی لە یاریی رابردوو بەرامبەر مەکسیک دەرکرا.
کوانسا بە کارتی سووری راستەوخۆ دەرکرا دوای پێداچوونەوەی ڤار لە سەرەتای گێمی دووەم لە یاریگای ئازتێکا، بەهۆی لێدان لە پاژنەی پێی یاریزان خیسوس گالاردۆ.
حاڵەتەکانی دەرکردن لەم جۆرە بەزۆری دەبنە هۆی راگیران بۆ یەک یاری، بەڵام سزاکە بۆ 2 یاری زیادکرا دوای ئەوەی دەستوەردانەکە وەک ‘یارییەکی تووندوتیژ و مەترسیدار’ هەژمارکرا.
تۆخێل دوای یارییەکە رەخنەی تووندی لە ستافی ناوبژیوانی گرت و جەختی کردەوە کە “ناوبژیوانان بەو راددەیە باش نین کە پێویستە”.
تووندکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) رووبەڕووی رەخنەیەکی فراوان بووەتەوە، دوای ئەوەی بڕیاریدا سزای راگیرانی هێرشبەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، فۆلارین بالوگۆن بۆ 1 یاری بۆ ماوەی ساڵێک هەڵپەسێرێت دوای ئەوەی بەرامبەر بۆسنە دەرکرا، ئەمەش وایکرد یاریزانەکە دواتر بتوانێت بەشداری بکات لە دۆڕانەکەیان بەئەنجامی 1-4 بەرامبەر بەلجیکا.
پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لێدوانە تووندەکانی تۆخێل دژی ناوبژیوانی رەنگە هۆکاری پشت بڕیاری درێژکردنەوەی راگیرانی کوانسا بن، بەڵام راهێنەرە ئەڵمانییەکە ئاشکرایکرد کە ئاگاداری هیچ هۆکارێک نییە کە دروستی ئەم بابەتە بسەلمێنێت.
تۆخێل کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا لێدوانەکانی کاریگەرییان لەسەر ماوەی راگیرانەکە هەبووە، گوتی: “پێناچێت وابێت، هەروەها هیچ روونکردنەوەیەەکیشمان لەبەردەستدا نییە”.
هەڵبژاردەی سێ شێرەکە بە ئازایەتییەکی زۆرەوە لە کەشوهەوایەکی جەماوەریی نەیارانە لە یاریگای ئازتێکا جەنگا، سەرەڕای ئەوەی نزیکەی تەواوی گێمی دووەم بە 10 یاریزانەوە یاریی کرد، توانی بگاتە قۆناخی چارەکی کۆتایی.
تۆخێل گوتیشی “پێموایە لە دوا یاریی خۆماندا هەنگاوێکی گەورەمان نا، بەڵام ئەوە تەنیا هەنگاوێک بوو”.
ئەو راهێنەرە ئەڵمانییە بەردەوام بوو و گوتی: “بەرامبەر ئەرجەنتین دەبێت هەموو لایەک بزانێت ئێمە هێشتا برسین، هێشتا خەونمان هەیە، ئامانجێکی گەورەمان هەیە کە بۆی یاریی دەکەین، هەنگاوی داهاتووشمان گەیشتنە بە یاریی کۆتایی مۆندیال”.
لە کۆتاییدا تۆخێل گوتی: “ئێمە ئەو یارییەمان لەبیرکردووە، شتە پۆزەتیڤەکان و متمانەکە لەگەڵ خۆمان هەڵدەگرین، بەڵام ئێستا هەموو ئەوەی بۆمان گرنگە ئەوەیە کە لە داهاتوودا چاوەڕێمان دەکات”.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بەبردنەوە لە نەرویج، گەیشتە چوارگۆشەی زێڕینی مۆندیال و رووبەڕووی ئەرجەنتین دەبێتەوە.

مێسی دیسان بە قاچە جادووییەکانی هەمووانی شۆ کرد
لیۆنێل مێسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەرامبەر سویسرا ئەگەرچی گۆڵی نەکرد، بەڵام بە ئەسیستێک کلیلی سەرکەوتنی دۆزییەوە و سویسرای ڕەوانەی ئەورووپا کردەوە و تانگۆی گەیاندە یاریی پێش کۆتایی مۆندیال.
مێسی پێش ئەم یارییەش ئەزموونی یارییکردنی بەرامبەر سویسرا هەبووە و لە مۆندیالی 2014، بە ئەسیستێکی هاوکاریی دیماریای کرد بۆ تۆمارکردنی گۆڵی بردنەوە و پەڕینەوە بەرەو قۆناخی هەشت، ئەمجارەش لیۆ هەمان شتی کرد و بە ئەسیستێک بۆ ماک ئالیستێر سەرکردایەتی سەرکەوتنی هەلىژاردەکەی کرد بەرامبەر سویسرا.
لیۆ 8 گۆڵی لە، مۆندیالەدا تۆمارکردووە، ئەو گۆڵکاری مێژوویی مۆندیالە و تاکە یاریزانە لە مێژووی مۆندیال 10 ئەسیستیە کردووە و هەنگاوێکی دیکە لە وڵاتەکەی لە گەیشتن بە دووەم نازناوی لەسەریەک نزیک کردەوە.
هەڵبژاردەی سویسرا هەوڵەکانی چڕکردبووە وە بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە پاڵەوانی مۆندیال بکاتە دەرەوە.
سویسرا لە دوایین یاریی قۆناخی هەشتدا بەرامبەر ئەرجەنتین یارییان کرد، ئەوان هەرگیز لە تانگۆیان نەبردووەتەوە و هەرگیز نەگەیشتوونەتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، ئەمجارە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە و هەلێکی مێژووییدا بوون بۆ ئەوەی ئەو کارە بکەن کە هاندەرانیان چاوەڕێی دەکەن.
سویسرا جاری دووەم بوو لە قۆناخی هەشتی مۆندیالدا یاریی بکات، ئەوان پێشتر 1954 سەرکەوتبوون، ئەمجارە ویستیان قۆناخێکی نوێ بە خۆیانەوە ببینن، بەڵام ئەرکیان زۆر زەحمەت بوو.
لە یارییەکەی بەرامبەر ئەرجەنتین، جوان مانزامبی، یەکێک لە کاریگەرترین یاریزانەکانی سویسرا بەهۆی پێکانەوە یاریی نەکرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا مورات یاکن و تیپەکەی چاویان لەوە بوو بە سوپرایزێک جیهان سەرسام بکەن.
بەڵام بەرامبەر ئەرجەنتین هەموو خەون و خەیاڵەکانیان لە بەردەم قاچە بێ بەزەییەکانی مێسی پوچەڵ بووە و یارییەکان بە 3 گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دۆڕاند.
ئەرجەنتین بەشێوەیەکی گشتی 8 یاریی بەرامبەر سویسرا کردووە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 6 یاریی بردووەتەوە و 2 جار هەردوولا یەکسانبوون.
سویسرا ماڵئاوایی لە مۆندیال کرد و ئینگلتەرا و ئەرجەنتین رۆژی چوارشەممە لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالدا لە کاتژمێر 10:00ـی شەو رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.

لیۆنێل مێسی سەرسامە بە هاوڕێیەکانی
لیۆنێل مێسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دوای گەیشتنیان بۆ یاریی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026 رایگەیاند سەرسامە بە یەکریزی و یەکگرتوویی هەڵبژاردەکەی، دەشڵێت: ئێمە هەمیشە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ یارییەکان دەکەین، کاتێک سویسرا یاریزانێکی بە کارتی سوور دەرکرا بەتەواوەتی کۆنترۆڵی یارییەکەمان کرد. ئەوان بە 10 یاریزان نەیانتوانی بەرگەی فشارەکانی ئێمە بگرن.
لیۆنێل مێسی گوتیشی: لە نیوەی دووەم دەستمان بە دۆزینەوەی بۆشاییەکان کرد و سوودمان لە هەموو خاڵە لاوازەکانی سویسرا وەرگرت و یارییەکەمان بردەوە.
مێسی هێمای بۆ ئەوەش کرد ئەو تیمە هیچ کاتێک بێهیوا نابن و تا دوایین سات هەوڵی سەرکەوتن دەدەن. خۆشبەختم لەگەڵ ئەو هاوڕێیانە بەرگری لە درێسی نیشتیمانەکەمان دەکەین.