بـــــژار حـــەکیم
ئەدەبی بەرگری، ڕەوتێکی ئەدەبیی هەرە گرینگ و هەرە زیندووە لە مێژووی گەلاندا، کە هاوشانی خەبات و قوربانیدانی مرۆڤەکان بۆ پاراستنی ناسنامە و خاك و ئازادی لەدایک بووە و گەشەی کردووە. ئەم جۆرە ئەدەبە تەنیا هۆکارێک نییە بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکان یان وەسفکردنی ئازارەکان، بەڵکوو خۆی لە خۆیدا چەکێکی کارامە و بەبڕشتە لە دژی داگیرکاری، ستەمکاری و چەوسانەوە. کاتێک گەلێک ڕووبەڕووی مەترسی سڕینەوەی شووناس یان داگیرکاری دەبێتەوە، نووسەران و شاعیران دەبنە دەنگی کپکراوی کۆمەڵگە و بە پێنووسەکانیان ڕاپەڕین و خۆڕاگری دادەگیرسێنن.
ئەدەبی بەرگری مێژوویەکی دێرینی هەیە لە هەر شوێنێک کە ستەم هەبووبێت ئەم ئەدەبە کەوتووەتە کار.
بۆ نموونە لە ئەدەبیاتی فەلەستینیدا بە ڕوونی ئەم ڕەوتە دەبینین کە چۆن شاعیران و نووسەران توانیویانە کێشەی نەتەوەکەیان بپارێزن و لەسەر ئاستی جیهان بیدەن بە گوێی مرۆڤایەتیدا. هەروەها لە ئەدەبیاتی کوردیشدا ئەدەبی بەرگری و بەرپەرچدانەوە، پێگەیەکی یەکجار گەورە و ستراتیژی هەبووە چونکە گەلی کورد بەردەوام لەژێر هەڕەشەی قڕکردن و توانەوەدا بووە و، شاعیرانی بە هۆنراوەکانیان گیانی شۆڕشگێڕییان لەناو جەماوەردا زیندوو هێشتووەتەوە.
ئەدەبی بەرگری تایبەتمەندی خۆی هەیە، کە جیای دەکاتەوە لە ڕەوتە ئەدەبییەکانی دیکە، لەوانە بەکارهێنانی زمانێکی بەهێز و ڕەوان و کاریگەر، کە ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو دڵی خوێنەرەوە و هەستی نیشتمانپەروەری و سەرپشکبوونی تێدا دەبووژێنێتەوە. لەم جۆرە ئەدەبەدا هێما و ڕەمزەکان ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن و زۆرجار سرووشت و چیا و دار زەیتون و خاک دەبنە هێمای خۆڕاگری و نەبەزین. لایەنی دەروونیی لە ئەدەبی بەرگریدا زۆر قووڵە، چونکە نووسەر هەوڵدەدات بێهیوایی و ڕەشبینی لە مێشکی مرۆڤەکاندا بڕەوێنێتەوە و هیوای سەرکەوتن و ئاسۆیەکی ڕوون بچێنێت.
ئەدەبی بەرگری تەنیا کورت نابێتەوە لە شیعری حەماسی یان حیکایەتی جەنگ، بەڵکوو ڕۆمان و چیرۆک و شانۆگەری و تەنانەت وتار و نامە مێژووییەکانیش دەگرێتەوە، کە هەموویان یەک ئامانج دەپێکن ئەویش پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و ناسنامەی نەتەوەییە. دەتوانین بڵێین ئەدەبی بەرگری ئاوێنەی ڕاستەقینەی ویژدانی گەلانە، تا ئەو کاتەی ستەمکاری لە جیهاندا بمێنێت ئەم ئەدەبەش وەک ڕووبارێکی خڕۆشان بەردەوام دەبێت، لە ڕژانی و بەخشینی هێز بەوانەی، کە خەبات بۆ ئازادی دەکەن، چونکە وشەی زیندوو قەت نامرێت و هەمیشە لە تفەنگی داگیرکەران بەهێزترە.
تێگەیشتن لە ئەدەبی بەرگریکاری وەک “دروستکردنی دەوڵەت لەسەر کاغەزدا”، یەکێکە لە قووڵترین و جوانترین خوێندنەوەکان بۆ ئەم ڕەوتە فیکری و ئەدەبییە، چونکە کاتێک داگیرکەرێک دێت و خاکت داگیردەکات، یەکەم کاری تێکدانی قەوارەی سیاسی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ئەو گەلەیە، لەم کاتەدا نیشتمان لەسەر زەوی ڕاستەقینەدا پێشێل دەکرێت، نووسەران و شاعیران دەستدەکەن بە ئاوەدانکردنەوەی ئەو نیشتمانە لە کایەیەکی پارێزراودا کە ئەویش “وشە و کاغەزە”.
لەم ڕوانگەیەوە، ئەدەبی بەرگری تەنیا گوزارشتکردن نییە لە ئازار، بەڵکو پرۆسەیەکی تەواوی دەوڵەتسازیی فیکرییە، کە لایەنە جیاوازەکانی لەسەر کاغەزدا ڕەنگ دەداتەوە. کاتێک داگیرکەر سنوورە جوگرافییەکان دەشێوێنێت یان ناوی شار و گوندەکان دەگۆڕێت، ئەدیبی بەرگریکار لە ڕێگەی دەقەکانیەوە نەخشەی ڕاستەقینەی نیشتمان دەپارێزێت. هێنانەوەی ناوی چیاکان، ڕووبارەکان، گەڕەکە کۆنەکان لەناو چیرۆک و شیعردا، وەک کێشانی سنوورێکی نەتەوەیی وایە لەسەر کاغەز، کە هیچ سوپایەک ناتوانێت ڕەشیبکاتەوە، ئەمە وادەکات جوگرافیای نیشتمان لە زەینی نەوەکاندا بە زیندوویی بمێنێتەوە.
هەر دەوڵەتێک پێویستی بە دەستوور و ناسنامەیەک هەیە، کە هاووڵاتییانی لەدەوری کۆببنەوە، ئەدەبی بەرگری وەک ناسنامەی نەتەوەیی کار دەکات، مێژووی گەلەکە، قارەمانێتییەکان، بەها مرۆیی و کولتوورییەکان تۆمار دەکات، ئەم ئەدەبە بە خوێنەر دەڵێت “تۆ کێیت و بۆچی دەبێت شانازی بە خۆتەوە بکەیت”، ئەمەش ڕێک وەک پێدانی پێناس و پاسپۆرتی نیشتمانییە بەو کەسانەی کە لەسەر خاکی خۆیان بێبەش کراون لە مافی هاووڵاتیبوون.
زمان گەورەترین قەڵای هەر نەتەوەیەکی بێدەوڵەتە، کاتێک داگیرکەران هەوڵی قەدەغەکردن یان شێواندنی زمان دەدەن، نووسەرانی بەرگری بە نووسینی شاکارەکانیان بە زمانی دایک، سوپایەکی زمانەوانیی بەهێز دروست دەکەن، ئەوان وشەکان وەک چەک بەکاردەهێنن بۆ پاراستنی ڕەسەنایەتی گەلەکەیان، چونکە ئەدەبی بەرگری سنووری حیزبایەتی و ناوچەیی دەبەزێنێت و گوتارێکی گشتگیر پێشکەش دەکات، کە هەمووان لەژێر چەتری ەزلوومیەت و ئامانجی هاوبەشدا کۆدەکاتەوە، ئەوەش یارمەتیی دروستبوونی ئەو هاوسۆزییە نیشتمانییە دەدات، کە بنەمای سەرەکیی پێکهێنانی هەر کۆمەڵگەیەکی دەوڵەتمەدارە.
خوێنەر کاتێک دەقێکی هاوبەش دەخوێننەوە، هەست دەکات ئەندامی یەک قەوارەی گەورەن. کاتێک ئەدەبی بەرگری وەردەگێڕدرێتە سەر زمانەکانی دیکەی جیهان (وەکچۆن لە ئەدەبیاتی فەلەستینی، کوردی، یان گەلانی ئەفریقادا ڕووی داوە)، دەبێتە نوێنەرایەتییەکی بەهێزی دیپلۆماتیک بۆ دۆزی ئەو گەلە. ئەم دەقانە لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکانی جیهاندا دەبنە باڵیۆزی ڕاستەقینەی گەلێکی چەوساوە، داوای شەرعیەت و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دەوڵەتە ڕاستەقینەکەیان دەکەن کە هێشتا لەسەر زەوی دروست نەبووە.
دروستکردنی دەوڵەت لەسەر کاغەز، قۆناغی یەکەم و هەرە گرنگی ڕزگارییە، چونکە ئەگەر نیشتمانێک لەسەر کاغەز و لەناو مێشک و ویژدانی مرۆڤەکاندا بوونی نەبێت، هەرگیز ناتوانرێت لە ڕاستیشدا بنیاد بنرێت. فیشەکێک ڕەنگە جەستەیەک بکوژێت، بەڵام دەوڵەتێک کە لەسەر کاغەز و بە مەرەکەبی شاعیران دروستبوو، بە چەک لەناو ناچێت. داگیرکەر دەیەوێت ڕابردوو بکوژێت، بەڵام نووسەران لە دەوڵەتەکەی خۆیاندا لەسەر کاغەز، بنیادی نەتەوەیی ودەوڵەت دروست دەکەنەوە، بۆ ئەوەی لە مێژوودا بەزیندوویی بمێنێتەوە.
بەرهەمی ئەدەبیی سەلماندیان کە هێزی قەڵەم لە کێشانی نەخشەی نەتەوەییدا، کەمتر نییە لە هێزی چەک، زۆرجار دەوڵەتێک کە لەسەر کاغەز بنیاد دەنرێت، دەبێتە هەوێنی سەرەکی بۆ ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان مرۆڤەکان خەبات بکەن بۆ هێنانەدی هەقیەقەتی خەونەکانیان.
بۆ نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت، ئەدەبی بەرگریکاری تەنیا هونەر نییە، بەڵکوو ئامرازی مانەوە و خۆڕاگرییە، بایەخی ئەم ئەدەبە لە چەند خاڵێکی سەرەکیدا کورت دەبێتەوە، وەک پاراستنی ناسنامە و زمان، لە غیابی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەکاندا، ئەدەب دەبێتە پارێزەری زمانی دایک و کولتووری نەتەوەیی لە مەترسیی توانەوە و سڕینەوە لەلایەن داگیرکەرانەوە. هەروەها داڕشتنی جوگرافیای ڕووحی، کاتێک خاکەکە داگیر دەکرێت، ئەدەب سنوورەکان و نەخشەی نیشتمان لەسەر کاغەز و لە زەینی نەوەکاندا بە زیندوویی دەهێڵێتەوە. بە گشتی ئەدەبی بەرگری هۆشیاریی نەتەوەیی دروست دەکات و خەڵک لە دەووری ئامانجی نەتەوەیی و دەوڵەت دا کۆدەکاتەوە.

