رۆژنامەی ھەولێر

چەند سەرنجێکی کورت بەبۆنەی “نامەیەک لە شێتخانەی شارەوە”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

 

یەکێک لە بەها گرنگەکانی ئەدەبیات ئەوەیە کە دژ بە چوارچێوە و سنووردارکردنە. هەر نووسەرێکیش لە چوارچێوەیەکدا، یان سنوورێکی دیاریکراودا خۆی قەتیس بکات نووسەری هەموو زەمەنێک نییە، بەڵکو نووسەری سەردەمێکی دیاریکراوە. ئەوەی هەمیشە لە ئەدەبیاتدا سەرسامم دەکات ئەو فرەڕێگایی و فرەڕەهەندییەیە، کە لە هەناوییەوە هەڵدەقوڵێت، بۆیە خوێنەری ئەدەبیات هەمیشە لە گەشتی نوێ و سەفەری پڕ لە تەلیسم و ئەفسانەییدایە بۆ دۆزینەوەی واقیع و بەرکەوتنی ڕاستەقینەی بە واقیع.

کاتێک دەبیتە خوێنەرێکی سەودار و هەمیشەیی ئەدەبیات ئیدی زۆر شت لە دیدگاماندا دەگۆڕێت، یەکێک لەوانە تێدەگەین هەزاران ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی گوزارشت لە یەک خەم بکرێت، یان هەزاران ڕێگا هەیە بۆ ئەوەی بەختەوەری بدۆزینەوە. هەر کاتێکیش بەختەوەریمان لێ ون بوو لە جێگەی دیکە بۆی ناگەڕێین بەڵکو لەنێو دڵی خۆماندا بۆی دەگەڕێین. بۆ من ئەدەبیات هەم گەیشتن بوون بە ژیاندۆستییەکی ڕاستەقینە و هەم دۆزینەوەی ڕێگاکانی بەختەوەریی بوو، بەختەوەرییەک کە خولقێنەرەکەی خۆم بم، نەک لەوانی ترەوە بەدەستی بهێنم.
هەفتەی پێشوو کۆمەڵەچیرۆکێکی ڕیچارد پراتیگان-م بەناونیشانی “نامەیەک لە شێتخانەی شارەوە” خوێندەوە، کە جەبار سابیر کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی کتێبێکی 75 لاپەڕەییدا بە چاپی گەیاندووە. ئەم کتێبە زیاترە لەوەی تەنها کۆمەڵەچیرۆکێک بێت، بەڵکو وەکو پیشاندانی کۆمەڵێک ڕێگای نوێی چیرۆکنووسییە، کە بۆ من گەلێک نوێ بوون، چ وەکو شێوازی نووسین و چ وەکو تەکنیکی نووسین. نووسەر هەوڵی داوە بە ڕستەی کورت بە دیالۆگی چڕ لە بەشی زۆری چیرۆکەکاندا حیکایەت بخولقێنێت. گێڕانەوە لە ڕێی فلاشەوە، واتە نووسەر تەنها بە فلاشەوشەیەک دەیەوێت بگێڕێتەوە، یان بە ڕستەی گەلێک کورت، کە مەگەر لە توانای ئەم نووسەرەدا هەبێت بەم چڕییە حیکایەت بنووسێتەوە.
هەموو دەقێک بۆ ئەوەی بگاتە خوێنەر گرنگە سەرسامی دروست بکات، لەکاتی خوێندنەوەی ئەم دەقانەدا نەمتوانی سەرسامی شێوازی نووسین و گێڕانەوەی ئەم نووسەرە پۆستمۆدێرنە نەبم (لێرەدا باسی ناوەرۆکی چیرۆکەکان ناکەم). ئەگەرچی پێشتر چەند کارێکی دیکەییم خوێندوویەوە، بەڵام هەوڵی داهێنان و تەکنیک و شێوازی نوێی گێڕانەوەی پراتیگان لەم کۆچیرۆکە بچووکەدا دەگاتە ترۆپ. ڕەنگە خوێنەری ئاسایی چێژ لەم جۆرە لە چیرۆک و گێڕانەوە وەرنەگرێت، بەڵام گرنگە نووسەران و چیرۆکنووسان بیخوێننەوە و سوود لەم جۆرە لە تەکنیک لەنێو دونیای گێڕانەوەدا وەربگرن.
لەکاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا چەندین پرسیار دەهاتە بیرم، کە پانتایی ئەدەبیات چەندە فراوانە و سنوورەکانی تا کوێ ڕۆیشتووە و هێشتا ئێمە بە بەشی زۆری ئاشنا نین. ئەم کتێبە کۆمەکان دەکات بۆ ئەوەی ڕووبەری نوێی نێو دونیا بەرینەکەی ئەدەبیات ببینین و بە جیهانێکی نوێی پڕ لە تەلیسم ئاشنا بین. وەک گوتم لێرەدا نامەوێت باسی ناوەرۆکی چیرۆکەکان بکەم، بەڵام دەمەوێت بڵێم ئەم نووسەرە بە تەکنیکی رۆمان چیرۆکی نووسیوە، بە تەکنیکی شانۆیی چیرۆکی نووسیوە، بە تێکەڵکردن و کەڵوەرگرتنی هەموو تەکنیکەکانی گێڕانەوە چیرۆکی نووسیوە. سەرسامی من ئەوکاتە گەیشتە لوتکە، کە نووسەر بە لێزانییەکی بێوێنەوە هەوڵ بەکارهێنان و کەڵکوەرگرتنی ئەم تەکنیک و شێوازە نوێیانەی گێڕانەوە وەرگرتووە.
هەموو ئەوەی لەم کتێبە بچووکەدا هەیە بەرەوە ئەوە ئاراستەمان دەکات، کە هەمیشە ئەدەبیات شتی نوێی پێیە بۆمان، ئەدەبیات سنووری نییە، هەر ئەم بێسنووریەشە وامان لێ دەکات بە چێژی زیاترەوە هەمیشە چاوەڕوانی داهێنانی نوێ و گەشتی پڕ لە حیکایەت و مەعریفە بین لەو دونیا بەرینەی ئەدەبیات بۆمان دەخولقێنێت.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و ئەم هەوڵە گرنگە کە دەتوانێت ئاسۆی نوێ بەڕووی ئەدەبیاتی ئێمەدا بکاتەوە.