رۆژنامەی ھەولێر

میوزیک وا لە منداڵ دەکات ڕوونتر بدوێت و فێری وشەی تازە ببێت

دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی

 

هێمن محەمەد، ماستەر لە پەروەردەی میوزیک، مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی لە زانکۆی سەلاحەدین، ژەنیاری ئامێری عود، ئاوازدانەر بۆ گۆرانی و سرودی پەروەردەییی منداڵان، لە دیمانەیەکی رۆژنامەی هەولێر، تیشکی خستە سەر کاریگەریی میوزیک لەسەر پەروەردە و فێرکردن، و رۆڵی میوزیک لە کەمکردنەوەی سترێس و دڵەڕاوکێی قوتابیان.

بە گشتی میوزیک چۆن کاریگەری لەسەر پرۆسەی فێرکردن و وەرگرتنی زانیاری هەیە؟
میوزیک هاوکار و یارمەتیدەرێکی گرنگە بۆ منداڵان، بەتایبەت لە تەمەنی لەدایکبوونەوە تاکو تەمەنی شەش ساڵان، میوزیک یارمەتیی منداڵ دەدات ڕوونتر بدوێت و فێری وشەی تازە ببێت و، کارامەیی کۆمەڵایەتی سۆزداری بەهێز تر ببێت لەلای منداڵ، چونکە میوزیک توانای پتەوکردنی پەیوەندی نێوان جەستە و مێشکی هەیە، بۆ ئەوەی وەک تیمێک کار بکەن لەیەک کاتدا. بۆ نموونە منداڵ کاتێک لەگەڵ میوزیک سەما دەکات، هۆکاری جووڵانی جەستە و سەماکردنەکەی لەم دەنگە میوزیکیەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لە ڕێگەی مێشکەوە وەری‌دەگرێت و دەگوازێتەوە بۆ جەستەی و، هەموو یارییە میوزیکیەکان ئاسانکاری زۆر بۆ منداڵ دەکەن لەبارەی فێربوونەوە.
ئایا توێژینەوە زانستییەکان پشتگیری ئەوە دەکەن کە میوزیک یارمەتیدەری خوێندنە؟
دکتۆر (عزالدین دنشاری) کە مامۆستای زانکۆیە لە کۆلێژی دەرمانسازی قاهیرە دەڵێت ”کاریگەری میوزیک لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە منداڵ لە سکی دایکیدایە، زانست ئەوەی سەلماندووە کەوا گوێبیستی منداڵ لەسەرەتای سێ مانگ و چوار مانگی لە سکی دایکیدایە دەستپێدەکات زۆر بەجوانی دەتوانێت گوێی لە دەنگی گۆرانی و میوزیک بێت. و زاناکان کۆکن لەسەر ئەوەی کەوا لە منداڵدا یەکەم هەست لە سکی دایکیدایە هەستی بیستنە. دەرکەوتووە میوزیکی هێمن و لەسەرخۆ کاریگەری زۆری هەیە لە سکی دایکیدا، کاتێک تەمەنی منداڵ دەبێتە چەند ساڵێک کاریگەری ئەو میوزیکانەی پێشتر گوێی لێ بووە لە سکی دایکیدا، ڕەنگ دەداتەوە. لێکۆڵینەوە لەسەر (٥٩) منداڵدا کراوە لە کاتی لەدایکبوونیاندا ٩٤٪ یان لە دوای گوێگرتن لەو میوزیکەی پێشووتر گوێیان لێ بووە، ئەو منداڵانە زووتر فێر دەبن و چالاکترن، لە فێربونی خوێندنەوە و قسەکردن.
گوێگرتن لە میوزیک کاتێک قوتابی دەخوێنێت، باشترە یان دەبێتە هۆی تێکەڵاوبوون، ئاڵۆزبوونی هزری؟
ئەو پرسیارە بەگشتی خۆی لە دوو وڵامدا دەبینێتەوە، ئەویش لایەنی باش، لایەنی خراپ.
لایەنە باشەکانی هەندێک قوتابی، میوزیک وەک “قەڵغانێکی دەنگی” کار دەکات دژی ژاوەژاوی دەوروبەر.
کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ: میوزیکی ئارام دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی و باشترکردنی مەزاج.
زیادکردنی تەرکیز لە کارە دووبارەبووەکاندا ئەگەر خەریکی کارێکی وەک نووسینەوە یان ڕێکخستن بیت، میوزیک دەتوانێت وات لێ بکات درەنگتر ماندوو ببیت.
شاردنەوەی دەنگی دەوروبەر، ئەگەر ژینگەی خوێندنەکەت پڕ بێت لە دەنگی قسەکردن، میوزیک یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی گوێت لەوان نەبێت.
زۆرجار میوزیک دەبێتە هۆی ئەوەی مێشک نەتوانێت زانیارییە نوێیەکان وەربگرێت؟
میوزیکی پڕ لە گۆرانی (تێکست): گەورەترین دژمنی خوێندنە. کاتێک مێشک خەریکی خوێندنەوەی دەقێکە، ناتوانێت لە هەمان کاتدا پرۆسەی وشەکانی ناو گۆرانییەکەش بکات. ئەمە دەبێتە هۆی تێکەڵاوبوونی هزری.
جیاوازی چییە لەنێوان میوزیکی (بێ گۆرانی) و میوزیکی بە گۆرانیەوە لە کاتی خوێندندا؟
بێگومان میوزیک بە تەنها واتا بەبێ وشە، چونکە میوزیکی بە گۆرانی، کاتێک تۆ دەخوێنیتەوە (کە زمانە) و لە هەمان کاتدا گوێ لە گۆرانی دەگریت (کە ئەویش زمانە)، مێشک تووشی ململانێ دەبێت. مێشک ناتوانێت لە یەک کاتدا دوو سەرچاوەی زمانی جیاواز بە تەواوی لێک بداتەوە، بۆیە تەرکیزت لەسەر یەکێکیان کەم دەبێتەوە.
میوزیکی بێ وشە: چونکە هیچ وشەیەکی تێدا نییە، ئەو بەشەی مێشک کە بەرپرسە لە زمان بەتاڵ دەمێنێتەوە بۆ خوێندنەکەت و، میوزیکەکە تەنها وەک “پاشبنەمایەکی ئارامکەرەوە” دەمێنێتەوە.
میوزیک چۆن دەتوانێت ئاستی خەم و دڵەڕاوکێی قوتابیان کەم بکات؟
میوزیک تەنها بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو وەک “دەرمانێکی دەروونی” کار دەکات بۆ مێشکی قوتابی. کاتێک قوتابیەک لەژێر فشاری تاقیکردنەوە یان کەڵەکەبوونی وانەکاندایە، میوزیک بە چەند ڕێگەیەکی بایۆلۆژی و دەروونی کار دەکات بۆ کەمکردنەوەی سترێس ئەمەش لەڕێگەی کاریگەری لەسەر هۆرمۆنەکان.
کاتێک گوێ لە میوزیکێکی ئارام دەگریت، گۆڕانکاری لە کیمیای مێشکتدا ڕوودەدات:
• کەمکردنەوەی کۆرتیزۆڵ (Cortisol): کۆرتیزۆڵ هۆرمۆنی سەرەکی سترێسە. میوزیک ئاستی ئەم هۆرمۆنە دادەبەزێنێت، ئەمەش وا دەکات جەستە هەست بە خاوبوونەوە بکات.
زیادکردنی دۆپامین (Dopamine): میوزیک دەبێتە هۆی دەردانی دۆپامین، کە هۆرمۆنی “خۆشی و پاداشت”ە. ئەمەش مەزاجی قوتابی چاک دەکات و هانی دەدات بەردەوام بێت لە خوێندن
ئایا بەکارهێنانی میوزیک لە پۆلدا دەتوانێت هاندانی زیاتر بۆ فێربوون دروست بکات؟
بەکارهێنانی میوزیک لەناو پۆلدا دەکرێت ببێتە بزوێنەرێکی بەهێز بۆ فێربوون، بەڵام بە مەرجێک بە شێوازێکی زانستی و پلان بۆ داڕێژراو بەکاربهێنرێت. مامۆستا لێهاتووەکان میوزیک وەک ئامرازێکی پەروەردەیی بەکاردەهێنن، نەک تەنها بۆ کات بەسەربردن.
کاریگەری میوزیک لەسەر منداڵان جیاوازە لەگەڵ گەنجان و قوتابیانی زانکۆ؟
بەڵێ جیاوازە هەرچەندە میوزیک بۆ هەموو تەمەنەکان سوودی هەیە، بەڵام کاریگەرییەکەی لەسەر مێشکی منداڵێک کە هێشتا لە قۆناغی گەشەکردندایە، زۆر بنەڕەتیتر و قووڵترە وەک لە گەنجێک یان قوتابییەکی زانکۆ چونکە میوزیک یارمەتی دەرە بۆ دروست بوونی خانەکانی مێشک بەتایبەت تا تەمەنی شەش ساڵان.
ئایا میوزیک دەتوانێت یارمەتیدەری باشترکردنی بیرهاتنەوە و یادکردنەوە بێت؟
بەڵێ، میوزیک و میمۆری (یادگە) پەیوەندییەکی زۆر بەهێزیان هەیە، بەڵام ئەم پەیوەندییە دەکرێت زۆر یارمەتیدەر بێت یان بە پێچەوانەوە کار بکات.
زانست ئەم بابەتە بە چەند ڕێگەیەک ڕوون دەکاتەوە:
بەستنەوەی زانیاری بە ئاواز، ئەمە کاریگەرترین ڕێگەیە بۆ بیرهاتنەوە. مێشکی مرۆڤ زۆر بە ئاسانی ڕیتم و کێشی میوزیکی لەبەر دەکات بۆ نموونە: زۆربەمان ئەلفوبێی ئینگلیزیمان بە گۆرانی (A، B، C، D…) فێر بووە. ئەگەر بەبێ ئەو ئاوازە بمانخوێندایە، لەبەرکردنی زۆر قورستر دەبوو.
کەی میوزیک هاوکار نیە لە فێربوون لە بابەتە پەروەردەیەکان و بیرهێنانەوە؟
بێگومان ئەگەر میوزیکەکە زۆر سەرنجڕاکێش بێت یان وشەی زۆری تێدا بێت، مێشک تووشی “تەنگژەی زانیاری” دەبێت. مێشک خەریکی جیاکردنەوەی وشەکانی گۆرانییەکە دەبێت لە وشەکانی ناو کتێبەکە، ئەمەش وا دەکات زانیارییەکان نەچنە ناو “یادگەی درێژخایەن”

ئایا فێربوونی میوزیک (وەک فێربوونی ئامێرێکی میوزیکی) کاریگەری لەسەر زیرەکی و توانا مێشک هەیە؟
بەڵێ، بەدڵنیاییەوە. فێربوونی ئامێرێکی میوزیکی یەکێکە لەو دەگمەن چالاکییانەی کە زانایانی مێشک پێی دەڵێن “وەرزشی تەواوی مێشک”. ئەگەر تەنها گوێگرتن لە میوزیک سوودی هەبێت، ئەوا لێدانی ئامێرێکی میوزیک وەک ئەوە وایە مێشکت بەشداری لەو پرۆسەیە بکات ئینجا بۆ زۆربەی بابەتەکان گرنگە، بەتایبەت وانەی بیرکاری.

قوتابیان لەکاتی هەبوونی کێشەی فێربووندا، میوزیک چۆن دەتوانێت یارمەتیدەری بێت؟
ئەو قوتابیانەی کێشەی فێربوونیان هەیە، زۆرجار تووشی دڵەڕاوکێی توند دەبن چونکە هەست دەکەن لە هاوڕێکانیان دواکەوتوون. میوزیک دۆخێکی دەروونی دروست دەکات کە تێیدا قوتابی هەست بە ئارامی دەکات. کاتێک فشار کەم بووەوە، بەمەش مێشک باشتر زانیاری وەردەگرێت.
ئەزموونی وڵاتان یان قوتابخانە سەرکەوتووەکان چی دەڵێت دەربارەی تێکەڵکردنی میوزیک بە پەروەردە؟
ئەزموونی وڵاتە پێشەنگەکانی کەرتی پەروەردە دەریخستووە کە میوزیک تەنها بابەتێکی لاوەکی نییە، بەڵکو بزوێنەری سەرەکیی زیرەکی و داهێنانە. چەندین وڵات میوزیکیان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمی فێربوون تێکەڵ کردووە و ئەنجامی سەرسوڕهێنەریان بەدەست هێناوە.
١. ئەزموونی فینلەندا (پادشای پەروەردە) فینلەندا کە خاوەنی یەکێک لە باشترین سیستەمەکانی پەروەردەیە لە جیهاندا، میوزیک وەک ئامرازێکی یەکسانی بەکار دەهێنێت
٢. ئەزموونی هەنگاریا میتۆدی کۆدای؛ هەنگاریا خاوەنی فەلسەفەیەکی تایبەتە کە دەڵێت: “میوزیک دەبێت بەشێک بێت لە ژیانی هەموو منداڵێک”.
٣. ئەزموونی ڤەنزوێلا (پڕۆژەی ئێل سیستێما)؛ ئەمە یەکێکە لە سەرکەوتووترین ئەزموونە مرۆیی و پەروەردەییەکان لە مێژوودا.
گۆڕینی کۆمەڵگا: حکومەت ئۆرکێسترای بۆ منداڵانی هەژار و ناوچە مەترسیدارەکان دروست کرد.

پێشنیاری ئێوە چییە بۆ دایک و باوک و مامۆستایان دەربارەی بەکارهێنانی میوزیک بۆ پشتگیری فێربوونی منداڵان؟
پێشنیازی من بۆ دایک و باوکان ئەوەیە کە میوزیک وەک “ئامرازێکی زیرەکی ببینن. هەوڵ بدەن کاتە بەتاڵەکانی منداڵەکانیان بە میوزیک پربکەنەوە. لە پشوی هاوینان بەشداری خولی میوزیکیان پێبکەن، هەوڵ بدەن لە ماڵەوە ئامێری میوزیکیان بۆ دابین بکەن بەتایبەت ئامێری پیانۆ.