خوێندنەوە: جەمال گردەسۆری
دەقی ئیستاتیکی لە نێو جیهانی ئەدەب بەگشتی و شیعر بە تایبەتی، بەرگێکی فرە ڕەنگ و ڕیتمێکی جوان بۆ وشە و ڕستەکان دروست دەکات لە زمان و دیدگایەکی ئاساییەوە دەگۆڕێ بۆ فۆرمێکی مۆسیقی، کە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر سۆز و هەست دروست دەبێت، ئەمەش بەو واتایە دێت ئیستاتیکا تەنیا کار لە گۆڕینی دەق ناکات، بەڵکو دەبێتە پردێکی دروست لە نێوان شاعیر و خوێنەر، ئەویش لە ڕووی روخسار و ناوەڕۆکی شیعریەوە بەدی دەکرێت، چونکە ئیستاتیکا مانایەکی جوانی ئەدەبی لە یادگەی خوێنەر جێ دەهێڵێ، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک کە ئاسۆی بیری خوێنەر بەرەو جوانناسی ئەدەبی ببات.
لە کتێبی (نیوەکەم دیکەم)ـدا، کە پەنجا پۆستەرەشیعری شاعیر (ئاری ئاغۆک)ـە، بابەتی ئیستاتیکی بە شێوەیەکی گشتی هەستی پێ دەکرێت و دەتوانین بڵێین لە ناو ئەم فۆرمەدا خۆی دەدۆزێتەوە، بۆیە ئێمەش لە ڕوانگەی ئیستاتیکی یەوە هەڵسەنگاندن بۆ چەند پۆستەرە شیعرێکی نێو ئەم کتێبە دەکەین.
بێگومان دیارترین شیعر ئەوانە نین کە درێژەدادڕن، بەڵکو ئەوانەن کە چۆن دەنووسن و چی دەڵێن و چۆن لە کورتترین پەیامدا جوانترین هەست نیشان خوێنەر دەدەن، بۆیە هەر جارێ شیعرێکی ئیستاتیکی دەخوێنینەوە وا هەست دەکەی تازە نووسراوە، ئەم جۆرە نوسینانە بەدوای ئیستاتیکی بوون ناگەڕێن، بەڵکو ئیستاتیکیا بەدوای ئەو دەقانە دەگەڕێ کە خاوەن دەقەکان تایبەتمەندانە دەنووسن، بۆیە کاتێ خوێنەر ئەو دەقانە دەخوێنێتەوە ڕاستەوخۆ هەست بە چێژی ئیستاتیکی دەکات، لێرەدا چەند نموونەیەک لەم پۆستەرە شیعرانە دەخەینە ڕوو:
گەرچى دوو لەتین و
ڕوحیانە بووین بە یەک
جار جارە لێک نزیکین و
جارجارەش ئێجگار دوور
گەر ڕوو لە رۆژهەڵات بین، یا ڕۆژئاوا
لە هەرکوێ بین
هەر یەکڕووین
نابین بە دووڕوو.
ل ١٩
ئەم تێکستە بە سادەیی لەدایک بووە و بە سادەییش دەخوێندرێتەوە، بەڵام سادەییەکی واتادار و قووڵ، گوزارشتێکی پڕ لە تێڕامان، چونکە لە یەکێتی بابەتدا هاوسەنگیەکی ئەدەبی بەدی دەکرێ ئەویش:
-دوو لەت/ یەک ڕۆح
-ڕۆژهەڵات/ ڕۆژئاوا
-نزیک/ دوور
-یەکڕوو/ دووڕوو
ئەم هاوسەنگیە لە فۆرمی ئەم تێکستەدا وێنەیەکی جوانی ئەدەبی ئیستاتیکی دەخاتەڕوو، چونکە لە دواجار دا لەو لەتە جیاوازانە دا، شاعیر یەک پارچەیی ناوەوەی خۆیمان نیشان دەدات، ئەویش لە سەر بنەمای وەفاداری و متمانە و هەڵوێستی نەگۆڕ، بۆیە لە نێوان (لەتی جەستە و ڕۆحیانەتی بوون) دوو بابەتی جیا خراوەتە ڕوو، ئەم ووشانە تەنیا ئاڕاستە نین بەڵکو مەودامان نیشان دەدەت، مەودای دووری و لێک دابران و جیاوازی، بەڵام لەگەڵ خاڵە جیا و جیاوازەکان دا، ئەوا دواجار ناسنامەی بەیەکەوەبوونی ئەبەدی نێوان دوو لەت و دوو نیوە بە هەناسەیەکی ئەبەدی و ڕۆحی هاوبەش کۆتایی بە حیکایەتێک دێنێ کە ڕەمز و ئاماژەی پەیوەست دار دەبینرێ کە پێمان دەڵێت لە هەموو حاڵەت و کات و سات و قۆناغەکان دا، مرۆڤ دەبێت یەک ڕوو بێت بەداخەوە لەم ژیانە نەگریسە گەلێ جار مرۆڤی زیاتر لە ڕوویەک دەبینین! ئەوەی شاعیر ئاماژەی پێ دەکات زەنگێکە بۆ وەئاگاهاتنەوەی خود بەرانبەر بە خۆمان و دەورووبەرمان و نیوەکەی دیکەشمان.
ژان و خەم و کەسەرى دڵ
هەمان ڕیتمى ئەو ئاوازەیە
کە نیوەکەى دیکەم
لە هەرکوێ یەک ڕووبەڕووى بێتەوە
هەستى پێ دەکەم
وەکچۆن ئەو هەمیشە
لە دەرەوەى ترپەى دڵ
هەست بە ئازارەکانم دەکات.
ل ٢٩
کاتێ شاعیر ئاماژە بە نیوە دەکات، (ئەو نیوەیە ) تەنیا لەیەک ڕوانین خۆی نادۆزێتەوە، بەڵکو ئاوێنەی ناخ نیشان خوێنەر دەدات، ئیقاعی (بوون) تەنیا ئاوازێکی دووبارە نیە، چونکە دەنگەکانی ناخ جیاوازن لە کاتێک بۆ کاتێکی دیکە گۆڕانکاری بەسەر دادێ، ئەم دەقە پێمان دەڵێت: ئەگەر دوو ڕۆح لێک دووریش بن، بەڵام بە هەر ژانێکی جەستە یا خەمێکی قووڵ، ئەگەر لە دوورترین مەودای دووریش بێ ئەوا شاعیر هەستی پێ دەکات.
ئەمەش ئەو دەلالەتەمان نیشان دەدات کاتێ خۆشەویستی ڕاستەقینە لەدایک دەبێ ئەم جۆرە خەم و ئازارانە لە نێوان دوو نیوە هەستی پێ دەکرێ و دواتر لە ڕێگەی هاواری شیعرەوە موگناتیس ئاسا یەک دەگرنەوە، چونکە هەر یەکێکیان لە هەر شوێن و جێگایەک بن ئەوا هەستی پێ دەکەنەوە، لێرەدا سنووری جەستە تێدەپەڕێنێت بۆ دنیای رۆحیانەت کە لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەکان هاوخەم و ئاگادار و سێبووری یەکترن.
کە تینووى پەیڤ و دیدارم
لە قوژبنێکى بێ دەنگ
بە قوڕگى وشک دۆش دادەمێنم
بە هێزى نەرم و ووزەبەخشى نیوەکەى دیکەم
زەین و زارم
پڕ دەبێت لەشەکرە قسە
ل ٣٧
لە دەسپێکدا شاعیر دەمانباتەوە ناو جیهانێکی نامۆیی ئەویش (تینوو) ییە، دەست نیشان کردن و باسکردن لە چەمکی تینوویی، بابەتێکی ئاسایی نیە و لای شاعیر ئەم چیرۆکە خەمە بەئاو خواردنێک کۆتایی پێ نایەت! بەڵکو تینووی شاعیر بۆ پەیڤ و دیدار و ویسالە، بۆیە ناچار بە قورگی وشک، دەچێتە میحرابی تەنیایی ئەمەش دیسان وێنە و کردەی نامۆییمان نیشان دەدات، کە ئاماژەیە بۆ بێدەنگی، بۆیە ئەم دوو دێڕە تەنیا بێدەنگی و تینوویەتی نییە، بەڵکو حاڵەتێکی سایکۆلۆژیی لێ دەخوێندرێتەوە بۆ خۆدەربازکردن. ئەویش لە ڕێگەی (نیوەکەی دیکە) وە، کە کلیلی گۆڕانکارییەکان لە لای نیوەکەی دیکەیە و ئەو حاڵەتە لە ڕەشبینییەوە دەگۆڕێ بۆ گەشبینی، لە وشکی و هیلاکی و شەکەتی و تەنیاییەوە دەگۆڕێ بۆ تەڕی و ئارامی و قەرەباڵغی، کە هەموو ئەو گۆڕانکارییانە لە دێری دوای ئەو بەدی دەکەین، ئەویش (بە هێزی نەرم و وزەبەخش) کە زۆر بە ڕوونی ئیستاتیکیەتی لێ بەدی دەکرێ کە ڕاستەوخۆ ژیان و بیرکردنەوەی شاعیر دەگۆڕێ بۆ شەکرەقسە. لێرەدا جۆری قسە کەشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، ناڵێ قسە، بەڵکو شەکرە قسە، کە ئەمەش دڵنیابوونەوەیە لە ئیستاتیکیەتی ئەدەبی کە لە فۆرمی دەقەکە بەدی دەکرێ، پێچەوانەی سەرەتا هەموو ئاڕاستەکان دەگۆڕدرێن بۆ چێژێکی خۆش کە سەرچاوەی ئەم ووزەیەش (نیوەکەی دیکەیەتی).
لە غیابى نیوەکەى دیکەدا
خۆم بە غیاب دا
ل ٤٢
لەم دەقە دا، شاعیر لە ڕێگەی دوو دێر دا درێژترین و فراوانترین مانا دەردەبڕێ، چونکە زۆر درێژ دادڕ نیە، بەڵام گەلێ شتی لێ دەخوێنرێتەوە، زۆر مانا و قسەی دیکەی لێ ورد دەبێتەوە.
(خۆم بە غیاب دا) دێرێکی زۆر جوانە بەڵام لە دەسپێکی دەق کەمێک بیر کردنەوەی دەوێ بۆ ئەوەی لای خوێنەر قبوڵ بکرێ و لێی حاڵی بێ، چونکە لە نێوان دوو (غیاب)ـدا ، دوو ئەرکی جیا لەخۆ دەگرێ:
یەکەمیان/ غیابی نیوەکەی دیکە
دووەمیان/ غیابی خۆ (من)
لێرەدا دیسان شاعیر توانیویەتی ئیستاتیکیەتێکی ئەدەبی قووڵ نیشان بدات نەک بە تەنیا لە ڕێگەی جێگۆڕکێی وشە بەڵکو مانا و مەدولێکی جیاواز، بەڵام لە خزمەت دەقەکەدان، جونکە وجودی جەستەیی هەستی پێ دەکرێ، بەڵام وجودی سایکۆلۆژی هەستی پێ ناکرێ، ئاخر خۆ بە غیاب دان لەم زەمەنە نامۆیە، هێزی بڕیاری دەوێ، بەڵام شاعیر بڕیاری خۆی دەدات و ئیمزای خۆ بە غیان دانمان بۆ دەکات.
بەگشتی:
ئیستاتیکیا لەم پۆستەرە شيعرانە زۆر هونەریانە هەستی پێ دەکرێت، ئەمەش بەو مانایە دێت کە شاعیر هەوڵی داوە دەق لە گوتارەوە بگۆڕێ بۆ جوانیناسی و هارمۆنیەتێکی جوان بخاتە ناو دێرەکان کە دواجار وێنە گەورەکەمان نیشان دەدات کە وێنەسازییەکی وەستایانە لە دەقەکان بەدی دەکرێ، بەڵام هەر پۆستەرە و بەشوێن پێگەی نووسین و پەیامی خۆی، کە سەرەکیترینیان جیا کردنەوەی دەقێکی ئەدەبیە لە زمانی قسەکردنی ڕۆژانە، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە، لە نیوەیەکەوە بۆ نیوەیەکی دیکە بێ ئەوەی هەست بە بۆشاییەکی ئەدەبی بکەین.
ژێدەر:
کتێبی نیوەکەی دیکەم، پۆستەرەشیعر، نووسینی: ئاری ئاغۆک ٢٠٢٦.

