رۆژنامەی ھەولێر

روونكردنەوەكەی یانەی هەولێر باسم قاسم توڕە دەكات

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

دوای ئەوەی باسم قاسم بە فەرمی واژۆی لەسەر گرێبەستی یانەی زەورا كرد، یانەی هەولێر روونكردنەوەیەكی بۆ هاندەرانی بڵاوكردەوە و رایگەیاند تووشی شۆك بوون كاتێك هەواڵی گرێبەستی نێوان باسم قاسم و زەورایان بینیوە، ئەوان لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوونە باسم قاسم وەڵامی ئۆفەرەكەیان بداتەوە و بە هەموو داواكارییەكانیشی رازیبوون.

باسم قاسم دوای ئەوەی پلەی سێیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراقی بۆ یانەی هەولێر بەدەستهێنا بە بیانووی كێشەی دارایی و كارگێری بڕیاری دا گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی هەولێر نوێ نەكاتەوە و گەڕایەوە بەغدا و بە فەرمی بە هەمان ستافی یانەی هەولێر گرێبەستی لەگەڵ یانەی زەورا كرد، ئەمەش وایكرد نیشانەی پرسیار لەسەر كارگێری یانەی هەولێر دروست بێت و تۆمەتی ئەوەیان بدرێتە پاڵ كە كەمتەرخەمبوون لە ئاست رازیكردنی باسم قاسم، لەم پێناوەدا هەولێر روونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە، ئەمەش دەقی روونكردەوەكەیە:
سەبارەت بە بابەتی نوێکردنەوەی گرێبەست و بەردەوامنەبوونی ڕاهێنەری تیپی یەکەمی یانەکەمان، کاپتن (باسم قاسم)، لەپێناو ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی و جەماوەری وەرزشدوستی شارەکەمان، ئەم بەیاننامەیە بڵاودەکەینەوە.
بەر لە کۆتایی هاتنی یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە ڕێگەی لێژنەیەکی تایبەتەوە لەگەڵ کاپتن باسم قاسم کۆبووینەوە بەمەبەستی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و لەسەر داوای ڕاستەوخۆی بەڕێزیان بۆ هێشتنەوەی پێکهاتەی تیپەکە، کارگێڕی یانەکەمان توانی ئەو یاریزانانە ڕازی بکات کە ناوبراو داوای کردبوون و گرێبەستەکانیان نوێ بکەنەوە.
دوای تەواوبوونی خولەکە، جارێکی دیکە لەگەڵ ناوبراو دانیشتینەوە و سەرەڕای قورسی ئەو مەرجانەی کە پێشکەشی کردن، بەڵام یانەی هەولێر لە پێناو سەقامگیری تیپەکە بە مەرجەکانی ڕازی بوو، بۆ ئەم مەبەستەش لێژنەی یانەکەمان سەردانی شاری بەغدایان کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا کاپتن بەڵێنی تەواوی دا کە گرێبەستەکەی نوێ دەکاتەوە و ئۆفەرێکی نوێی پێشکەش بە یانەکەمان کرد
دوای بەرزکردنەوەی ئۆفەرە نوێیەکە بۆ بەڕێز (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی فەخری یانەکەمان، بەڕێزیان ڕەزامەندی تەواوی لەسەر سەرجەم داواکارییە دارایی و کارگێڕییەکانی ڕاهێنەر دا، بەڵام لە کاتێکدا کە یانەکەمان چاوەڕوانی گەڕانەوەی کاپتن باسم بوو بۆ شاری هەولێر بەمەبەستی واژۆکردنی فەرمی گرێبەستەکە، ناوبراو بڕیاریدا گرێبەست لەگەڵ یانەی زەوڕا واژۆ بکات.
ئێمە لە دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەولێر، لە کاتێکدا هاندەرانی دڵسۆزمان لەم ڕاستییانە ئاگادار دەکەینەوە، لە هەمان کاتدا سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاراستەی کاپتن (باسم قاسم) دەکەین بۆ ئەو ماوەیەی کە لەگەڵ یانەکەمان کاری کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە وێستگەی داهاتووی کاروانە وەرزشییەکەیدا

“تەواوی زانیارییەكان ناڕاستن”
دوای ئەوەی هەولێر روونكردنەوەیەكی لەبارەی باسم قاسم بڵاوكردەوە، راهێنەرەكەی پێشووی یانەی هەولێر هاتە دەنگ، ئەمەی خوارەوە دەقی وەڵامەكەی باسم قاسمە لەبارەی یانەی هەولێر:
درۆکردن بە مەبەستی ناوزڕاندنی ئەو کەسەی خزمەتی کردوون، لەبری پێشکەشکردنی سوپاس و پێزانین، کاریگەریی کەمتر و خراپترە لەوەی کە درۆ لەگەڵ جەماوەرەکەتان و مێژووی هەولێردا بکەن.
مایەی داخ و کەسەرە کە بەم زمانە دەدوێم، بەڵام ناچارم بۆ روونکردنەوەی راستییەکان بۆ جەماوەری ئازیزی هەولێر. تەواوی ئەو زانیارییانەی لە راگەیەندراوی ئێستای دەستەی کارگێڕی یانەکەدا هاتوون، سەرلەبەری درۆن.
ئێمە تا رۆژانی شەممە، یەکشەممە و دووشەممە چاوەڕوانی وەڵام بووین، بەڵام هیچ وەڵامێکمان وەرنەگرت؛ ئەمەش بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە کێشە تایبەتەکانی خۆیانەوە کە لای تەواوی جەماوەر ئاشکران. ئەوان هیچ پەیوەندییەکیان پێوە نەکردین و تەنها بەڵێنی بێبنەمایان دەدا وەک بەڵێنەکانی پێشوویان. باشترین بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە تاکو ئەم ساتەش توانای بژاردنی شایستە داراییەکانی ئێمەیان نییە، وەک شایستەی تەواوی ستافی راهێنەران و یاریزانان. چۆن دەستەیەک کە توانای دابینکردنی شایستە داراییەکانی وەرزی رابردووی نەبێت، دەتوانێت بەڵێن بدات وەک لە بەیاننامەکەیاندا بانگەشەی بۆ دەکەن، جەماوەری هەولێریش باش لەم راستییە تێدەگات.
لە کۆتاییدا، لەبەر رێز و پێزانینم بۆ جەماوەر و مێژووی هەولێر، من ئامادەیی تەواوم تێدایە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە لەوان دڵسۆزتر و بەئەمەکترم بۆ ئەم مێژوو و جەماوەرە داوا لە سەرجەم کەناڵە کوردییەکان بکەم کە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی گشتی ریکبخەن و بانگهێشتی کابتن باسم قاسم بکەن بۆ روونکردنەوەی راستییەکان، بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی دەستەی کارگێڕی، بەتایبەت ئەو کەسانەی ئەم بەیاننامە درۆینەیان دارشتووە.
من ناچار نیم وەڵام بدەمەوە، بەڵام لەبەر رێزی جەماوەر و مێژووی هەولێر، ئامادەم بێمە هەولێر و کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی راستەوخۆ و ئاشکرا ساز بکەم، با تەواوی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و داڕێژەرانی ئەم بەیاننامە ناڕاستەش ئامادە بن. من ئامادەم بەدەم ئەم بانگهێشتە میدیاییەوە بچم، بەڵام دەبێت کۆنگرەکە لەژێر چاودێری و سەرپەرشتی بەڕێز پارێزگاری هەولێردا بێت.

هەولێر راهێنەری نوێ دەستنیشان دەكات
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست رۆژنامەی هەولێر كەوتوون، هەولێر چەندان بژاردەی بۆ راهێنەری داهاتووی یانەی هەولێر هەیە، بەڵام بڕیاریداوە لە چەند رۆژی داهاتوو بابەتی كێشە دارایی و كارگێرییەكان چارەسەر بكات و راستەوخۆ راهێنەری نوێ دەستنیشان بكات.
سەرچاوەیەكی نزیك لە یانەكە، بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند، لەنێو دەستەی كارگێری گفتوگۆ لەبارەی چەندان راهێنەر كراوە، یەكێك لە بژاردەكان گەڕانەوەی سەمیر بابۆی راهێنەری پێشووی یانەكە، هەروەها ناوی عەدنان حەمەدی راهێنەری عێراقی و لوئەی سەڵاحی گۆڵكاری مێژووی یانەی هەولێریش هاتووە، جگە لەوەش عەبدولغەنی شەهد یەكێكە لە دیارترین و نزیكترین بژاردەكان بۆ راهێنەرایەتی یانەی هەولێر.