ماكوان عيززهت-هەولێر
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە وەرزی هاویندا، زۆربەی خەڵک پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی پانکە بۆ خۆفێنککردنەوە؛ بەتایبەت لەو کاتانەی کارەبای نیشتمانی کەمە و ناتوانن ئامێری فێنککەرەوەی پێشکەوتوو بەکار بهێنن. هەرچەندە خەوتن لە بەر پانکەدا هەستێکی خۆش دەبەخشێت، بەڵام پسپۆڕان هۆشداری دەدەن لە هەندێک لێکەوتەی تەندروستی کە ڕەنگە بە هۆی ئەم کارەوە تووشمان ببن.
مەترسییەکانی خەوتن لە بەر پانکەدا
پشتگوێخستنی هەندێک وردەکاری لە کاتی بەکارهێنانی پانکەدا، دەکرێت ببێتە هۆی کێشەی تەندروستی:
١. زیادبوونی هەستیاری (حەساسیەت): سووڕانی پەروانەی پانکە، تۆز و وردە میکرۆبەکانی ناو ژوورەکە بڵاو دەکاتەوە. هەڵمژینی ئەم ماددانە لە کاتی خەوتندا دەبێتە هۆی پژمین، سۆڵانەوەی لووت، خورانی قوڕگ و ناڕەحەتیی هەناسەدان. بەتایبەت ئەو کەسانەی نەخۆشی تەنگەنەفەسییان هەیە، پێویستە خۆیان لە بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی هەوای پانکە بەدوور بگرن.
٢. وشکبوونەوەی لووت و قوڕگ: هەوای بەردەوامی پانکە دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پەردەی ناوپۆشی لووت و قوڕگ، ئەمەش جەستە ناچار دەکات بەڵغەمێکی زیاتر بەرهەم بهێنێت، ئەنجامەکەی گیرانی لووت، هەوکردنی جیوبەکان و سەرئێشەیە. خواردنەوەی بڕێکی گونجاو ئاو پێش خەوتن دەتوانێت تا ڕادەیەک ئەم کاریگەرییە کەم بکاتەوە.
٣. وشکبوونەوەی پێست و چاو: بەردەوام لێدانی هەوا بەسەر جەستەدا، دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست و تەنانەت چاوەکان، کە ئەمەش ناڕەحەتی بۆ خەوتوو دروست دەکات.
٤. ئازاری ماسولکەکان: زۆرێک لە هاووڵاتییان بەیانیان بە ئازاری ماسوولکەوە لەخەو هەڵدەستن. دەرکەوتووە کە لێدانی ڕاستەوخۆی هەوای ساردی پانکە بەسەر بەشێکی جەستەدا لە کاتی خەوتندا، دەبێتە هۆی گرژبوونی ماسولکەکان و دروستبوونی ئازار.
ئایا پانکە سوودی هەیە؟
سەرەڕای ئەو مەترسیانە، بەکارهێنانی پانکە لە هەندێک حاڵەتدا رێگایەکی گونجاوە، لەوانە:
• کەمکردنەوەی تێچووی وزە: بەراورد بە ئامێرەکانی دیکەی فێنککەرەوە، پانکە بڕێکی زۆر کەمتر کارەبا بەکاردەهێنێت.
• کەمکردنەوەی ئارەقکردنەوە: بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی گەرمای شەوانەوە ئارەقەی زۆر دەکەن، پانکە یارمەتیدەرە بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستە.
• متمانەی زانستی بۆ کۆرپە: هەندێک توێژینەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە خەوتنی کۆرپە لە ژوورێکدا کە پانکەی تێدا بەکاردێت، دەکرێت ڕێژەی مردنی لەناکاوی کۆرپە (SIDS) کەم بکاتەوە، ئەوەش بەهۆی دابەزاندنی پلەی گەرمی ژوورەکە و کەمکردنەوەی کۆبوونەوەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە دەوروبەری کۆرپەکەدا.
ئامۆژگاری: بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان، هەوڵ بدەن هەوای پانکەکە ڕاستەوخۆ بەر جەستەتان نەکەوێت، یان بە خێراییەکی کەمتر کاری پێ بکەن و ژوورەکە بە پاکی ڕابگرن تاوەکو تۆز و خۆڵ کەمتر بێت.

