رۆژنامەی ھەولێر

ڕۆژانە هەرێمی کوردستان ١٥٠ هەزار بەرمیل هەناردە دەکات

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕانەوەی کۆمپانیا بیانییەکان و دەستپێکردنەوەی کارەکان، شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق سەردانی ھەولێری کرد، ئامانجی سەرەکی سەردانەکە جەختکردنەوە بوو لەسەر پاراستنی ئاسایشی کێڵگە نەوتییەکان و دابینکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ کارکردنی کۆمپانیاکانی نەوت، تاوەکو ھیچ ڕێگرییەکی ئەمنی لەبەردەم پڕۆسەی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمدا نەمێنێت. سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێم، دەڵێت: کێشەی مووچە و نەوت بەرەو چارەسەر دەچن.

ئەم پێشھاتە نوێیانە لە کاتێکدایە کە بازاڕی وزەی عێراق و جیھان چاوەڕوانی گەڕانەوەی ھاوسەنگی و دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستانن بۆ کەمکردنەوەی فشارە ئابوورییەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە، پرۆسەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥دا و دوای دوو ساڵ لە وەستان بەھۆی بڕیارەکەی دادگەی نێودەوڵەتییەوە خرابووەوە گەڕ، ئێستا بەھۆی گرژییە ئەمنییەکانی ناوچەکەوە ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی ئاستی بەرھەمھێنان بووەتەوە، بەو ھۆیەشەوە ھەوڵەکان چڕکراونەتەوە تاوەکو قەبارەی ھەناردەی ڕۆژانە بۆ ٥٠٠ ھەزار بەرمیل بەرز بکرێتەوە.
ڕۆژی ٤ـی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانییدا سەبارەت بە پرسی نەوت، ڕایگەیاند، بەھۆی کێشەکانی گەرووی ھورمز و سنوورداربوونی ڕێگەکانی ھەناردەکردن، عێراق و جیھان کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی کێشە ئابوورییەکانەوە، لەو چوارچێوەیەدا، ھەرێمی کوردستان دەستپێشخەری کردووە بۆ یارمەتیدانی ئابووری عێراق لە ڕێگەی زیادکردنی بەرھەمی نەوتەوە.
مەسرور بارزانی، ئەوەشی خستەروو، شاندێکی حکوومەت و کۆمپانیا نەوتییەکان سەردانی بەغدایان کردووە و کۆمپانیاکان داوای گەرەنتی دەکەن بۆ دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنان.
لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و شاندی سەربازیی حکوومەتی عێراق پێکھێنراوە و بڕیارە کۆمەڵێک لیژنەیەی دیکەش پێکبھێنرێن و یەک بە یەک سەردانی کێڵگە نەوتییەکان و کۆمپانیاکان بکەن و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن.

کۆمپانیاکانی نەوت مەرجییان ھەیە
کۆمپانیاکانی نەوت داوای گرێنتی ئەمنی و دانەوەی قەرزەکانی لە حکوومەتی عێراق دەکەن و عەلی زەیدیش گوتوویەتی ھەر ھێرشێک بکرێت بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆ دەگرم. سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دانوستانەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی سەردانی شاندی سەربازیی عێراق و پێدانی دڵنیایی ئەمنی بە کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، لە کۆبوونەوەی نوێنەرانی کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای پێدانی دڵنیایی ئەمنی و دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان کراوە، لەو بارەیەوە زەیدی دڵنیایی بە کۆمپانیاکان داوە و گوتوویەتی: ھەر ھێرشێک بکرێتە سەر کۆمپانیا و کێڵگەکانی نەوت خۆم بەرپرسیارییەتی ھێرشەکان لە ئەستۆ دەگرم. کۆمپانیاکان بە عەلی زەیدیان ڕاگەیاندووە تاکو دڵنیایی ئەمنیمان پێ نەدرێت بە تەواوی دەست بە کارەکانمان ناکەینەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ئەو گرێنتییەی پێداون.
بەپێی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ دۆسیەی نەوت ڕادەستی عێراق و کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت کراوە دەبێ ئەوان قەرەبووی زیانی کۆمپانیاکان بکەنەوە، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ بڕیارێک لەوبارەیەوە نەدراوە، سەبارەت بە بۆری گواستنەوەش داواکراوە نرخی گواستنەوەی ھەر بەرمیلێک بە شێوەیەکی بنەڕەتی دیاری بکرێت.

ڕێککەوتنێکی زۆر باشمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە
گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق گەشبینی خۆی نیشان دەدات سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کوردستان و ڕایدەگەیەنێت، گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی زۆر باش کە زەمینە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوت خۆش دەکات. سەلیم ڕوکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لە ئەنجامی گفتوگۆکانی نێوان وەزارەتی نەوت و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی ھەرێم و نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان، ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی زۆر باش ھاتۆتە ئاراوە بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی نەوت.
سەلیم روکابی، دەشڵێ: بەرھەمی ئێستای نەوتی عێراق نزیکەی ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، بەشێکی بۆ بەکاربردنی نێوخۆیی، وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا بەشێکی دیکەش ھەناردەی دەرەوە دەکرێت، لەبارەی زیادکردنی بەرھەمھێنان ئاماژەی بەوە کرد، پلانی زیادکردنی بەرھەم و گەیشتن بە ئاستی پێشوومان ھەیە، بەڵام ئەمە پەیوەستە بەکردنەوەی گەرووی ھورمز، چونکە ئاستی پێشووی بەرھەم نزیکەی پێنج ملیۆن بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا.
پەیوەست بە ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی نەوتیی بەندەری جەیھان، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، گوتیشی: بڕی نەوتی ھەناردەکراو جێگیر نییە، بەڵام بە گشتی ڕۆژانە ١٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ھەرێمی کوردستانەوە ھەناردە دەکرێت.

شتێک نامێنێت بەناوی کێشەی مووچە و نەوت
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دەڵێت، دوای ڕێککەوتنی سێلایەنە، بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان زیادی کردووە و گەیشتووەتە نزیکەی ٢٢٠ بۆ ٢٣٠ ھەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ئاماژەی بەوەش کرد، ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی کۆمپانیا نەوتییەکان بگەڕێنەوە بۆ ئاستی پێشتری بەرھەمھێنان، ئەمەش بە مەبەستی زیادکردنی داھاتی گشتی بۆ عێراق.
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ڕوونی کردەوە، بەغدا بەڵێنی داوە پارێزگاری لە سێکتەری نەوت و وزەی ھەرێم بکات و لە ئەگەری ھەر ھێرشێکدا قەرەبووی زیانەکان بکاتەوە. لەبارەی دۆسیەی مووچە و دارایی، ئامانج ڕەحیم، ئاشکرای کرد، سێ بابەتی سەرەکی کە بریتین لە “دۆسیەی نەوت، وردبینی دارایی و داھاتە نانەوتییەکان” بەرەو چارەسەرکردن دەچن، گوتیشی: شاندێکی حکوومەتی ھەرێم سەردانی بەغدا دەکات بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی کۆتایی لەسەر ئەم بابەتانە.
ئامانج ڕەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، جەختی لەوە کردەوە، ئامانجی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە مووچە چیتر نەبێتە ھەواڵی میدیاکان و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک دابەش بکرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، دابەشکردنی مووچەی مانگی پێنج لە کاتی خۆیدا و ھاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، یەکەم ئەزموونی سەرکەوتووی جێگیرکردنی مووچە بووە و ھەوڵ دەدرێت ئەم پرۆسەیە بەردەوام بێت.