رۆژنامەی ھەولێر

٥٦٠ کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەیە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بۆشایی ئەمنیی فراوان بە درێژایی ٥٦٠ کیلۆمەتر لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی سنووری ئیدارەی ھەرێمی کوردستان ھەیە، پاشماوە شانە نوستووەکانی داعش بۆ خۆحەشاردان و کۆگاکردنی چەک و کەرەستەی لۆجستیی سەربازی و تەقەمەنی کەڵکیان لێی وەرگرتووە و بەکاری دەھێنن. خەڵکی ئەو ناوچانەش، دەڵێن، بارودۆخی ناوچەکانی ئێمە زۆر خراپە و بەردەوام چاودێری جموجۆڵی چەکدارانی داعش دەکەین.

سەرەڕای لەناوچوونی ڕێکخراوی تیرۆرستیی داعش، ناوە ناوە جموجۆڵ و کردەی تیرۆرستی لە بەشێک لە ناوچەکانی سنووری نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجام دەدەن و بوونەتە مایەی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی دانیشتووانی ئەو ناوچانە.
بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکان زۆر خراپە، شانە نووستووەکانی داعش ڕۆژبەڕۆژ زیاد دەبن و کاری تیرۆریستی ئەنجام دەدەن، ھەڵکوتانە سەر ماڵان زۆر لە جاران خراپتر بووە. بەرپرسانی کوردیش ھۆکارەکەی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی دەگەڕێنەوە، چونکە پێیانوایە لەو ناوچانە ڕێگە لەبەردەم چەکدارانی داعش کراوەیە و بەردەوام ھاتووچۆ دەکەن، دانیشتووانی ئەو ناوچانەش داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن.
دۆخی ئەمنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق بەتایبەتی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەھۆی جموجۆڵەکانی داعشەوە بەشێوەیەکە، کە ھیچ ھاووڵاتییەک لە ژیان و سەر و ماڵی خۆی دڵنیا نییە، یەکێکی دیکە لە مەترسیەکانی داعش جیا لە ھێرشکردنە سەر ھێزەکانی عێراق دانانی بۆسە و ڕفاندنی ھاووڵاتییانە، ئەمەش وای کردووە ئەو ھاووڵاتییانەی دەچنە سنووری ژێر دەسەڵاتی ھێزە ئەمنیەکانی عێراق، مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببێت.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەرەوە جوڵەی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان زیادی کردووە، تا ئەو کاتەی پێشمەرگە لەو ناوچانە بوو، پشتێنەیەکی ئەمنی گەورەی بەدەوری ئەو ناوچانەدا دروستکردبوو، ئێستا ئەو پشتێنە ئەمنییە نەماوە و ڕەوشی ئەو ناوچانە باش نییە، بۆیە ھەموو پێکھاتەکان داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن، داوا دەکەن ئەو دۆخە سەربازییەی کە ئەمڕۆ لەو ناوچانە ھەیە کۆتایی پێ بھێنرێت.
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، زەرەرمەندی یەکەمی ئەو بارودۆخەی لەم ناوچانە ھاتووەتە ئاراوە، گوندە کوردنشینەکانن، کە بەردەوام بەرەو چۆڵبوون دەچن و زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردستانیانیش دەستیان بەسەردا دەگیرێت و ناوچەکانیشیان ڕووبەڕوی تەعریب دەبێتەوە.
درێژی بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھەردوو ھێزەکەدا بە نزیکەی ٥٦٠ کیلۆمەتر دەخەمڵێندرێت، ئەم ھێڵە لە باشووری ڕۆژھەڵاتەوە لە شارۆچکەی خانەقین لە سنوورەکانی ئێران و پارێزگای دیالە دەست پێ دەکات، بە ناوچەکانی گەرمیان، خورماتوو، باشوور و ڕۆژئاوای کەرکووک، مەخموور و دەشتی نەینەوادا تێدەپەڕێت و لە شنگال و ڕەبیعە و سحێلا لەسەر سنووری عێراق-سووریا کۆتایی دێت. سەبارەت بە پانتایی بۆشایەکە، پانتایەکە لە ھەندێک شوێن کەم دەبێتەوە و لەھەندێک شوێن زیاد دەکات، بۆ نموونە لە ناوچە دەشتایی و تەختەکاندا لە نێوان پێنج تا ١٠ کیلۆمەترە، بەڵام لە ناوچە شاخاویی و سەختەکاندا قووڵاییەکەی زیاتر دەبێت و دەگاتە بیست تا ٤٠ کیلۆمەتر.
سەبارەت بەھێزەکانی ھێلی بۆشایی ئەو ھێزانەی لەوێ جێگیرن، لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی پشتیوانین، لە بەرامبەردا لە بەری حکوومەتی فیدراڵ، فیرقەکانی سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی ئامادەیییان ھەیە، بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییانە، بڕیار لە جێگیرکردنی “لیوا ھاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق” لەوانەش لیوای ٢٠ دراوە بە تایبەت لە ناوچەکانی وەک مەخموور و خانەقین، بەڵام ناوەڕاستی ئەم ناوچانە لە ھەردوو لاوە ھیچ سەنگەرێکی جێگیری سەربازیی لێ نییە و بەچۆڵی ماوەتەوە.
لە چەند شوێنێک سەنگەرەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ڕووی جوگرافییەوە لە یەکترەوە زۆر نزیکن و نێوانیان تەنیا ١ تا ٣ کیلۆمەترە، لەوانە مەخموور، لە دەوروبەری چیاکانی قەرەچووغ و پردێ، ھەروەھا لە خورماتوو و کفری لە ناوچەکانی داوودە و سەر ڕێگەی سەرەکیی سلێمانی-بەغدا، لەلایەکی دیکە لە بەشێک لە ھێڵەکانی پێشەوەش لە دەشتی نەینەوا و شێخان ھێزەکان لێک نزیکن.
ماوەیەکە جوڵەی داعش دەستی پێکردووە، سەختی شوێنەکە وەک ئەشکەوت و دۆڵەکان وایکردووە، ببێتە شوێنی مانەوەیان، بۆیە ئەگەر بتەوێ داعش کۆتایی پێ بھێنرێت، دەبێت ھێزی جێگیر لەو شوێنانە دابندرێت. لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ـەوە ھێزەکانی پێشمەرگە لەناوچە کێشە لەسەرەکان نەماون، سوپای عێراق نەیتوانیووە ئەو بۆشایە ئەمنییە پڕبکاتەوە کە بەھۆی کشانەوەی پێشمەرگە دروستبووە. بەگوتەی بەرپرسانی سەربازی، شانە نووستووەکانی داعش ھەرچەندە پچڕ پچڕن و لەیەکترەوە دوورن، بەڵام پەیوەندییان بەیەکترەوە ھەیە و لەڕێگەی ماڵپەڕ و ئەکاونتەکانی سۆشیال میدیا ھزری توندڕەویی بڵاو دەکەنەوە و ئامانجەکانیان یەکدەخەن، سەرەڕای ئەوەش بەھۆی ئەو پشتێنە ئەمنییەی لەسەر سنووری عێراق و سووریا جێگیر کراوە، ھاوکات لەڕێگەی دروستکردنی تەلبەندی ھەستیار و تاوەری چاودێریکردن، جووڵەی پاشماوەکانی داعش زۆر سنووردار و بەرتەسک بووەتەوە و پەیوەندیی خەڵکیش لەگەڵیان سنووردار بووە، پێویستە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ڕێککەوتن بکرێت بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ھێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ناوچە کوردستانییەکان، چونکە ئەگەر پێشمەرگە لەو ناوچانە بوایە داعش نزیکی ئەو ناوچانە نەدەبوو، ئەو خەڵکەی کە ئاوارە بووە ئەوانیش دەگەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
بەرپرسانی سەربازی، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بارودۆخی کەرکووک و دەوروبەری ڕۆژبەڕۆژ ئالۆزتر دەبێت، وەکو ئەوەی پێش چەند ڕۆژێک لە پردێ بینیمان، ھێزە ئەمنییەکان ھیچ دەسەڵاتێکیان لە شارەکەدا نەماوە، حەشدی شەعبی دەستی بەسەر شارەکەدا گرتووە، کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخی کەرکووک و دەوروبەری پێویستی بە ھێزێکی ھاوبەش ھەیە کە لە ھەموو نەتەوەکان پێکبێت، ھێزی ھەموو نەتەوەکان بێت و بەھێزی خۆیان بزانن، نەک ھێزی مەزھەب و نەتەوەیەک بێت، پێشتر ئەو ھێزانەی لەو شوێنانە بوون، ئەوانە ئەمنیەتی شارەکەیان دەپاراست، لە ھەر شوێنێک زانیاری ھەبووایە لەسەر گرووپە تیرۆریستییەکان بە دواداچوونیان بۆ دەکرد، ئێستا ئەوان سوور دەزانن لە قەزای حەوێجە و قەزای داقووق و چەند شوێنێکی دیکە داعشی لێیە، ئەوان دەچن گەڕەکە کوردییەکان دەپشکنن، لەبڕی ئەوەی بچن لەوناوچانە شەڕی داعش بکەن، ئەو ھێزە بۆ خەڵکی کەرکووک نامۆیە، دەبێت ھێزێک بێت کە ھی ھەموو پێکھاتەکانی شارەکە بێت، وەکو بینیمان خەڵکی شارەکە داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیان دەکرد، لە ھەمان کاتدا چارەسەری ئەو ناوچانەش بەوە دەبێت کە ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ھەموو شوێنەکان بگرێتەوە، چونکە ئەگەر چارەسەری سیاسی کرا خەڵک تێگەیشت کێ ئیدارەی ئەو ناوچانە دەکات بریارە کۆتاییەکە درا لەڕووی سیاسییەوە، لەڕووی ئەمنییەوە ھێزی پێشمەرگە دەتوانێت ئەو ناوچانە بپارێزێت.