وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری
(فنجانێک چا – A Cup of Tea)، کۆمەڵە چیرۆکێکی کورتی نووسەری بەریتانی (کاترین مانسفێڵد – Katherine Mansfield)ە کە هەموو تەمەنی بۆ کورتەچیرۆک تەرخان کرد، تەمەنێکی پڕ لە ئازار و بەدبەختی کە بە نووسین واتای پێدەبەخشی، نووسینێکی بێوێنە و تایبەت کە لە چاو نووسەرانی سەردەمی خۆی، پێگەیەکی جیاواز و تایبەتی پێبەخشی.
کورتەچیرۆکەکانی مانسفێڵد وەک دیمەنێکی بچووکی ژیانێکی ئاسایی وان کە لە وردەکارییە بچووکەکانی ڕۆژانە و ئەو هەستانەوە سەرچاوەیان گرتووە کە ساتێک بە دڵەوە دەنووسێن و دواتر لەبیردەچنەوە. ئەو هەستانەی دەرناکەون بەڵام هەردەم بەسەر دەسەڵات و لۆژیکدا زاڵن. مانسفێڵد ئەم هەستانە لە کرۆکی ژیان دەردێنێت و وەک دڵۆپە ڕەنگێک دەیخاتە سەر کاغەز. هەر چیرۆکەو ڕەنگێکی جیاوازی هەیە، ڕەنگێکی زیندوو، تایبەت و سەرنجڕاکێش.
کۆمەڵەچیرۆکێکی هونەری:
سەدەی بیستەم، سەدەی ڕۆمان بوو. ڕۆمانێک کە لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵگە، ڕووکارێکی مۆدێرنی بەخۆیەوە دەگرت و بە سەردەمی کلاسیکی ڤیکتۆریایی و ئێدواردی تێدەپەڕی. چیتر، (گێڕانەوە) بیانویەکی ڕاستەوخۆ و ڕوون نەبوو و لە پێچەڵپێچییەکانی زەینی کەسایەتیی چیرۆکەوە تێدەپەڕی و لە ڕێگەی هەست و تێهزرین و پەیوەندییەوە نیشان دەدرا. گەرچی ڕۆمان بە دیدگا و شێوازێکی نوێ سەری هەڵدابوو، بەڵام هێشتاش پشتئەستوور بوو بە ناوەرۆکێکی ڕوون، بنەمایەک کە پێکهاتەی چیرۆکەکەی پێکدێنا و لێی جیانەدەکرایەوە.
کاترین مانسفێڵد بە گۆڕینی ئەم شێوازە لە بەرهەمەکانیدا، گۆڕانکارییەکی بەرفراوانی لە ئەدەب دروست کرد. ئەو نە تەنها لە جیاتی ڕۆمان کورتەچیرۆکی هەڵبژارد، بەڵکو ناوەرۆکیشی لە چیرۆکەکانیدا سڕییەوە. دەستپێکی بێ پێشەکی، کۆتایی کراوەی بێ ئەنجام، بایەخدان بە وردەکارییەکان، سەرنجخستنە سەر دونیای دروونی کەسایەتییەکان لەبری ڕووداوە دەرەکییەکان و تێکەڵکردنی فەزای چیرۆک بە هەستەکان، هەموو ئەمانە لە تایبەتمەندی چیرۆکی مانسفێڵدن.
مانسفێڵد وەها بێسنوور بایەخی بە وردەکارییەکان دەدا، وەک ئەوەی چیرۆکەکە لە فۆڕمێکیی زمانییەوە بکاتە بەرهەمێکی هونەریی بینراو، بەرهەمێکی وەک تابڵۆکانی ڤانگۆگ کە هەمیشە سەرچاوەی ئیلهامی ئەو بوون. تابڵۆکانی ڤانگۆگ، هەستی ئازادییان تێدا دەورووژاند، بۆیەشە دەیوست هەمان هەست بە نووسین دروست بکات، بەمەش خۆی لە هەموو کۆتوبەندەکانی نووسین ڕزگار کرد. بۆیەشە تا دەهات لە شێوازی کلاسیک دوور دەکەوتەوە و پێی دەنایە ڕێگایەکی نوێ لە نووسین.
ئەم ژنە نووسەرە سوودی لە هەموو ژانرە ئەدەبییەکانی وەک شیعر، مۆسیقا وێنەکێشان و تەنانەت وردەکارییەکانی باڵەخانەیەکی مێژووییش وەردەگرت. هەموویانی تێکەڵ دەکرد و دەیگۆڕین بۆ کورتەچیرۆک. وشەکانی وەک نۆتەی مۆسیقا لە تەنیشت یەکتریەوە دادەنا و دەنگ و ئاوازی هەر ڕستەیەکی لەگەڵ ڕستەی پێشوو دەگونجاند. مانسفێڵد وەها وشەکانی وردبینانە و هەستیار هەڵدەبژارد کە بە لابردنی یەک دانەیان بناغەی چیرۆکەکە دادەڕما.
مانسفێڵد باوەڕی وابوو شرۆڤەی ئاڵۆز، گفتوگۆی درێژ، سەرەتا و ئەنجامگیریی ناپێویست جێگەیان لە کورتەچیرۆکدا نابێتەوە. بۆیە ڕاستەوخۆ دڵی چیرۆکەکەی دەپێکا و هەستی سەرکوتکراو و بێهیوایی شاراوە کە لە تەنهایی و گۆشەگیرییەوە سەرچاوەی گرتبوو، ئاشکرا دەکرد. تەنانەت هەستە ناخۆشەکانی ژیانە قورسەکەی خۆشی، بە نووسین چارەدەکرد.
ژیان و نووسین:
ستایلی مانسفێڵد لە چیرۆکنووسی، ڕیشەی لە ژیانە تایبەتەکەی خۆیەوە بوو. وەک ئەوەی کەسایەتییەکەی چووبێتە نێو چیرۆکەکانی و بە ڕووخساری جیاواز تێیاندا دەدرەوشایەوە، درەوشانەوەیەک کە هەندێجار دیار و هەندێجاریش کاڵ.
کاترین مانسفێڵد لە پاییزی ١٨٨٨ لە وڵاتی نیوزلەندا لەدایک بوو. باوباپیرانی زۆرینەیان خەڵکی بەریتانیا و هەندێکیشیان بە ڕەگەز فەڕەنسی بوون، بەڵام دایک و باوکی لە ئوسترالیا لەدایک ببوون و لە منداڵییەوە کۆچیان کردبوو بۆ نیوزلەندا. مانسفێڵد منداڵی نێوەڕاستی خێزانەکەی بوو و سەرەڕای بوونی چوار خوشک و برا، منداڵییەتی خۆی زیاتر بە تەنیایی و گۆشەگیری بەسەربرد. حەزی نووسینیشی هەر لەو سەردەمەدا چێ بوو، حەزێک کە خێرا گەشەی کرد و لە نۆ ساڵی یەکەم خەڵاتی قوتابخانەکەی بۆ نووسینی داڕشتنێک بە ناوی (سەفەر بە دەریادا) بەدیاری بۆهێنا.
نووسین بووە گرنگترین بەشی ژیانی کاترین. بەردەوام و ڕۆژانە لە دەفتەری یادگارییەکانیدا هەستەکانی تۆمار دەکرد، هەر ئەو ڕووداوانەی دواتر بوونە ئیلهامبەخشی کورتەچیرۆکەکانی. چیرۆکەکانی لە گۆڤاری (قوتابخانەی کچانی وێلینگتۆن – Wellington Girls’ College)ی پایتەختی نیوزلەندا چاپ دەبوون و لە تەمەنی دوانزە ساڵی یەکەم چیرۆکی فەرمی خۆی بە ناوی (هاوڕێ بچووکەکەی ئەو – His Little Friend) لە گۆڤاری (نیوزلەندا گرافیک و گۆڤاری خانمان – New Zealand Graphic and Ladies’ Journal) بڵاو کردەوە.
لە پانزە ساڵی و لەگەڵ دوو خوشکە گەورەکەی، بۆ خوێندن چوونە کۆلێژی کوینز لە ئینگلتەرا. سەفەرێک کە بۆ هەمیشە ژیانی گۆڕی. ژیان لە ژینگەی قەرەباڵغی لەندەن ئەزموونێکی جیاواز و تا پێش ئەو کاتە نامۆ بوو بۆ مانسفێڵد. بۆیە جددیتر لە جاران دەستی بە نووسین کرد و ئەمجارە بۆ ڕۆژنامەی کۆلێژەکەی دەینووسی، ڕۆژنامەیەک کە دواتر بووە سەرنووسەری. لەو ماوەیە لەگەڵ بەرهەمی سیمبولیستە فەڕەنسییەکان ئاشنا بوو و حەزێکی زۆری بۆ نووسەری بەنێوبانگی ئیرلەندی (ئۆسکار وایڵد – Oscar Wilde) پیدا کرد. بەدەم خوێندنەوە سەفەری بۆ وڵاتە ئەوروپییەکانی تریش دەکرد و ماوەیەکیش لە ئەڵمانیا و بەلجیکا نیشتەجێ بوو.
پاش تەواوبوونی خوێندنەکەی، گەڕایەوە نیوزلەندا و وەک نووسەر دەستی بە کار کرد. بە شێوازگەلی جیاواز دەینووسی. بۆ گۆڤارێکی متمانەپێکراو لە مێلبۆرنی ئوستورالیا کاری دەکرد و بۆ یەکەم جار بە ناوی ڕاستەقینە نووسینەکانی بڵاو کردنەوە. جارێکی تر بڕیاری دا سەفەر بکات و لە نۆزدە ساڵی بۆ هەمیشە زێدەکەی جێهێشت و چووە لەندەن، ئەو شارەی تا مرد، میوانداری بوو.
ساتەوەختی ڕاستییەکان:
لەو پانزە ساڵەی مانسفێڵد لە لەندەن ژیا، پێش هێرشی دڕندانەی مرگ، ژیان ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆی بۆ دەرخست، ڕووخسارێکی هەم ناشیرین و هەم جوان. خۆشەویستی، هەیەجانی نووسین، ساردیی ڕۆژانی جەنگی جیهانیی یەکەم، تامی تاڵی لەدەستدان و ئازاری نەخۆشی، هەریەکەیان ئاسەوارێکی قووڵیان لەسەر دڵ و گیانی جێهێشت، ئاسەوارێک کە لە پەنجەکانییەوە بوونە وشە.
(منداڵێک کە ماندوو بوو – The Child Who Was Tired)، دووەمین چیرۆکی (فنجانێک چا)یە کە ئیلهامەکەی لە ئازارەکانی کاترینەوەیە، چیرۆکێکی تاڵ کە پاش ئازاری دوگیانییەکەی نووسیویەتی.
هەر لە سەرەتای سەفەرەکەیەوە، ئاشقی مامۆستایەکی ئاواز بوو و هاوسەرگیری لەگەڵدا کرد، هاوسەرگیرییەکی لەناکاو کە خێزانەکەی تووڕە کرد و وای لە دایکی کرد ناوی لە وسیەتنامەکەیدا بسڕێتەوە و ئەمەش بووە سەرەتای ڕووداوە ناخۆشەکانی ژیانی.
یەکەم کۆمەڵە چیرۆکی مانسفێڵد واتە (لە میوانخانەیەکی ئەڵمانیا – In a German Pension)، ساڵی ١٩١١ چاپ بوو، کۆمەڵەیەکی دوانزە چیرۆکی کە پێشتر لە گۆڤارێکی لەندەن (سەردەمی نوێ) بڵاو کرابوونەوە و لە لایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازییان لێکرا.
مانسفێڵد دوای ناسینی کۆمەڵێک ڕۆشنبیری پۆڵەندی، لەگەڵ گەورەترین و کاریگەرترین نووسەری دڵخوازی، واتە چێخۆڤ، ئاشنا بوو. چیخۆڤ و ڕووسیا، کاریگەرییەکی سەرسوڕهێنەریان لەسەر دیدگا و نووسینی هەبوو. بە جۆرێک کە دواتر ڕەخنەگران لەبارەی بەرهەمەکانی مانسفێڵدەوە نووسییان: «هێشتا پەڕەیەک لە کتێبی کاترین مانسفێڵدت نەخوێندووەتەوە کە بە خۆت دەڵێی: چیخۆف. کەچی هێشتا دوو پەڕەت تەواو نەکردووە کە چیخۆفت بیردەچێتەوە.»
چیرۆکی (مێش – The Fly)ی کۆمەڵەچیرۆکی (فنجانێک چا)، هاوتاترین بەرهەمی مانسفێڵدە لەگەڵ بەرهەمەکانی چیخۆف، چیرۆکێک کە لە ڕۆژانی تاڵی جەنگ و برینی قووڵیی ڕۆحی کاترینەوە سەرچاوەی گرتووە.
مانسفێڵد، هەموو ساڵانی جەنگی جیهانیی یەکەمی لە ئینگلتەرا بەسەربرد و شاهیدی کارەساتە قەرەبوونەکراوەکانی جەنگ بوو. بێجگە لە چەشتنی تامی تاڵی سەردەمی جەنگ، برا بچووکەکەشی لە بەرەی فەڕەنسا لەدەستدا و بەمش تووشی خەمۆکی بوو، ئەزموونێکی خەمناک کە بۆ هەمیشە تێڕوانینی بەرامبەر بە ژیان و نووسین گۆڕی.
«لەمەودوا تەنها دەمەوێت لەبارەی یادگارییەکانی سەردەمی منداڵیم لە نیشتمان بنووسم و بەمەش قەرزی خۆم بە نیشتمانە جوان و برا لەدەستچووەکەم دەدەمەوە.» ئەمانە ئەو ڕستانەن کە کاترین لەو سەردەمەدا لە دەفتەری یادگارییەکانی نووسیونی، سەردەمێکی تاریک و پڕ لە خەمۆکی. سەرەڕای ئامۆژگاریی پزیشکان بۆ چوونە ناوەندی دەروونی، کەچی کاترین پێی باشتر بوو وەک جاران بژیت و درێژە بە نووسین بدات. (لە کەنداوەکە – At the Bay) کە یەکێکە لە درێژترین چیرۆکەکانی مانسفێڵد، بەرهەمی سەردەمی خەمۆکییەکەی، چیرۆکێک کە وەک شاکارێکی هاوچەرخ هەژمار دەکرێت. مانسفێڵد دەستی خوێنەر دەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیباتە قوڵایی ژیانی مرۆڤەکانەوە، ئەو شوێنەی ئێمەی خوێنەر دەتوانین وەها ناوەوە و دەرەوەیان ببینین کە تەنانەت خۆشیان نەتوانن بەو جۆرە بیبینن.
کاترین لە زۆرینەی چیرۆکەکانی وەک (ماڵی بووکەڵەیی – The Doll’s House)، (فنجانێک چا)، (وانەی ئاواز- The Singing Lesson) و کۆمەڵەچیرۆکی (گاردن پارتی – The Garden Party)، کار لەسەر ئاشکراکردنی حەقیقەت دەکات. حەقیقەتێک کە لە وشە و جووڵەی دروونی مرۆڤەکان خۆی مەڵاس داوە. کاترین، ئەو حەقیقەتە ئاشکرا دەکات، بەڵام بە پێچەوانەی نووسەرانی تر شیکاری ناکات، بەڵکو وەک باڵندەیەک ئازادی دەکات تا ئازادانە بە خەیاڵی خوێنەردا بفڕێت.
ڕۆژنامەی (نیویۆرک تایمز – The New York Times) لە فێبریوەریی ساڵی ١٩٢٣، پاش مردنی پێشوەختەی کاترین مانسفێڵد بە هۆی نەخۆشی، نووسی: «کاترین مانسفێڵد گەورەترین نوێنەری کورتەچیرۆکە کە تا ئێستا ئینگلتەرا پێشکەشی جیهانی کردووە.. ئەگەر تەنها دە ساڵ زیاتر ژیابوایە، لە نێو مێژووی ئەدەبیات ناوی لە تەنیشت (جۆرج ئەلیۆت – George Eliot) و (شارلۆت بڕۆنتێ – Charlotte Bronte)وە دەهات.»
مانسفێڵد بە تەمەنێکی کورتی سیوچوار ساڵی، گیانی بەبەر کورتەچیرۆکدا کردەوە. هەرچەندە سەرەتا چیرۆکەکانی ئاڵۆز و بێباک دەردەکەون، بەڵام بە قووڵبوونەوە، دەتوانین لە بلیمەتی و لێهاتوویی ئەم ژنە نووسەرە و لە هەڵماڵینی ڕاستییە شاراوەکانی ژیان بگەین. «ژیان» ڕێک وەک توخمی سەرەکیی چیرۆکەکانی مانسفێڵدە: دەمدەمی، سەرسووڕهێنەر، جوان و ئازاراوی.
سەرچاوە: ماڵپەڕی ئاڤانگارد

