کارزان گلی – هەولێر
لەعێڕاق سەردەمێكی نوێ دەستپێدەكات، ئەمەش دوای كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لەعێڕاق و هەرێمی كوردستان، بەڵام كشانەوەی ئەمریكا لەكاتێكدایە، مەترسی بوونی گروپی تیرۆرستی داعش و بوونی دەیان گروپی چەكدار لەدەرەوەی وەزارەتی بەرگریی، ترسی خستووەتە دڵی هاووڵاتیان، بەوەی رەوشی عیڕاق لەڕووی ئەمنییەوە بگەڕێتەوە بۆ ٢٠١٤.
ئەمریكا لەو بەروارەی دیاری كرابوو كە ٣٠ی ئەیلوولە هێزەكانی و چەكە قورسەكانی لەعێڕاق كشاندەوە، بۆیە عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عڕاق گوتی: ”لە ١ی ١٠ەوە، لەعێڕاق سەردەمێكی نوێ دەستپێدەكات، هەموو سەربازێكی بیانی لەعێڕاق دەكشێنەوە و ئیدی دەبینە خاوەن سەروەری خۆمان.“
لە ٢٠٢٤دا، ئەوكاتەی جۆ بایدن سەرۆكی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بوو، رێككەوتن لەگەڵ عێڕاقدا كرا كە ئەو ٢٥٠٠ سەربازە ئەمریكییەی ماوەتەوە بكشێنەوە، ئەمەش بەو مانایە دێت مانەوەی ئەمریكا بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ لە عێڕاق كۆتایی پێ دێت.
ئەوەی بووەتە پرسیار و مەترسی لای هاووڵاتیانی عێڕاق، بەنەمانی هێزەكانی ئەمریكا، گروپە شیعییەكانی دەرەوەی حكوومەت و گروپی تیرۆرستی داعش بەهێز ببنەوە، ئەوكات عێڕاق بەرەو شەڕێكی خوێنای راپێچ بكەن.
رێناد مەنسوور، شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی پێیوایە، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی كراوە، عێڕاق دەیەوێت بۆ لەمەودوا ئەمریكا وەكو هاوپەیمانێكی سیاسی بمنێتەوە نەك سەربازی.
دوای نەمانی رژێمی سەدام، ئەمریكا و ئێران شەڕی هەژموونی خۆیانە لەعێڕاق و بەردەوام سیاسییەكانی ئەمریكا رەخنەیان لەسیاسەتی ئەمریكا گرتووە، بەوەی ئەو هەموو قوربانییەیان لەعێڕاق داوە، كەچی ئێران باڵادەستترە.
حكوومەتی زەیدی پلانی ئەوەی هەیە، دوای نەمانی هێزەكانی ئەمریكا، هەموو ئەو گروپانەی لەدەرەوەی حكوومەتن و بوونەتە مایەی سەرئێشە بۆ عێڕاق چەك بكات، یان ناچاریان بكەن چەكەكانیان رادەست بكەن، بۆ ئەمەش دوا وادە ٣٠ی ئەیلوولی دانابوو، بەڵام پێی نەكرا و ماوەكەی بۆ مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٧ درێژ كردەوە.
زەیدی لەدیمانەیەكیدا بۆ (نیۆڕك تایمز)، پاشگەزبوونەوەی خۆی لەو بەروارەی داینابوو بۆ رادەستكردنی چەك لەدەستی گروپەكانی دەرەوەی حكوومەت راگەیاند و گوتی كاتەكەمان بۆ ٢٠٢٧ درێژ كردووەتەوە.
لەلایەكی ترەوە، حكوومەتی توركیا و عێڕاقی رێككەوتن لەسەر كشانەوەی هێزەكانی توركیا لەبنكەی سەربازی باشیكە، ئەمەش هەر لەچوارچێوەی ئەو بەرنامەیەیە كە نابێت هیچ هێزێكی سەربازی بیانی لەعێڕاق بوونی هەبێت، كە ژمارەی سەربازەكانی توركیا ٦٠٠ سەربازە.
بەشێك لەگروپە چەكدارەكانی شیعی عێڕاق، مەرجی ئەوەیان دانابوو پێویستە توركیا هێزەكانی لەباشیكە بكشێنێتەوە، ئەوكات ئەوانیش چەك دادەنێن، بۆیە یەكێك لەوهۆكارانەی وای لە زەیدی كرد داوا لە توركیا بكات هێزەكانی بكشێنێتەوە، مەرجی ئەو گروپە چەكدارانە بووە.
ئالینا رۆمانۆیسكی، شارەزای سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێئومێدە لەوەی ئەو گروپە چەكدارانەی عێڕاق چەكەكانیان رادەست بكەن، ناوی گروپی كەتایبی حیزبوڵا، بزوتنەوەی نوجێبە و كەتائیبی سەید شوهەدا دەهێنێت، كە بەهیچ شێوەیەك رەزامەندییان نەداوە چەكەكانیان رادەست بكەن.
ئالینا قسەی بۆ (DW) كردووە و پێیوایە ئەستەمە ئەو گروپانە چەكەكانیان دابنێن و ئەو شۆڕشەی دژی ئەو گروپە چەكدارانە راگەیەنراوە، هیچی لێ شین نابێت.
نیگەرانیی هەرێمی كوردستان
كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستان، بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی نیگەران كردووە، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانیی خۆی دەربڕی و دەڵێت ناكرێت هەرێمی كوردستان بەحێبهێڵن، بەبێ ئەوەی سیستەمی بەرگریی پێ بدەن بۆ بەرگریكردن لەئاسمانی هەرێمی كوردستان.
ئەم گوتانەی سەرۆكی حكوومەت لەكاتێكدایە كە وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، تەنیا لەكاتی شەڕی نێوان ئەمریكا و ئێراندا، هەزار جار بەدرۆن و مووشەك هەرێمی كوردستان پەلامار كراوە.
حكوومەتی عێڕاق هەمیشە رێگری كردووە هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەن سیستەمی بەرگریی و چەكی قورس، ئەمەش ئەركی پێشمەرگەی قورس كردبوو بۆ بەرگریكردن لەخۆی، بۆیە بەردەوام داوایان لەعێڕاق كردووە لەبەشی وەزارەتی بەرگریی پشكی پێشمەرگە بدەن، كە بەگوێرەی دەستووری عێڕاق پێویستە هەرێمی كوردستان بەشی لەهەموو ئەو چەكانەدا هەبێت كە عێڕاق لەوڵاتانی دەكڕێت بەتایبەت لەئەمریكا.
بەشێك لەچاودێرانی سیاسی پێیانوایە، نەمانی هێزەكانی ئەمریكا لەعێڕاق بەومانایە نییە ئەمریكا بەتەواوی هەژموونی خۆی لەعێڕاق كۆتایی پێدەهێنێت، نەخێر لەڕووی ئەمنی و ئابووریی و چەندین كەرتی تر، ئەمریكا هەر لەگەڵ عێڕاقە و پەیوەندییەكان هەر دەمێنێت

