ڕائیب جادر – هەولێر
پەنجا و دوو ساڵ لەمەوبەر فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعس، شارۆچکەی گەڵاڵەی دەڤەری باڵەکایەتییان بۆردومان کرد، کە ئەو کات گەڵاڵە ناوەندێکی بازرگانی و ئیداری گرنگی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بوو، لەو بۆردومانەدا زیاتر لە سەد کەس شەھید و برینداربوون، قەبارەی کارەساتەکە ئەوەندە گەورەبوو تەرمی زۆربەی شەھیدەکان پارچە پارچە ببوون و نەدەناسرانەوە. بەڕێوەبەری گشتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جەختی لە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان کردەوە.
لەنێو قوربانیانی ئەم کارەساتە ھاووڵاتییانی ھەر چوار پارچەی کوردستان ھەبوون، چونکە بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی ئەیلوول ڕوویان لە گەڵاڵەی باڵەکایەتی پایتەختی شۆڕش کردبوو، بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو یادە لقی ٢٦ی گوڵان بە ھاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، مەڕاسیمێکیان سازکرد و لەلایەن ئامادەبووانەوە تاجەگوڵینە لەبەردەم مینۆمێنتی شەھیدانی ئەو کارەساتە دانرا.
دوای نیوەڕۆی ٢٦/٤/١٩٧٤ دوو فرۆکەی جەنگی دوژمن ھاتنە سەر ئاسمانی گەڵاڵە و بە بۆمبی ناپاڵم، کە چەکێکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتییە پردی گەڵاڵەی بۆردومانکرد، لەو بۆردومانەدا ١٠٥ کەس شەھید و برینداربوون، بەڵام بەشێکی زۆری شەھیدەکان تەرمەکانیان نەدۆزرایەوە، چونکە لاشەیان پارچەپارچە ببوو، زۆر لە ئەندامی شەھیدەکان وەک دەست و قاچ چەند مەترێک لە دووری شوێنی ڕووداوەکە دۆزرانەوە، یاخود لەسەر بەرزایی درەختەکان کۆکرانەوە، بەشێکی زۆری بریندارەکانیش لەبەر سەختی برینەکەیان لە نەخۆشخانەی شۆڕش لە ناوپردان و کەوەرتە گیانیان سپارد، بەگشتی بەرکەوتووان زۆربەیان ئافرەت و منداڵ و بەساڵاچوو بوون.
ناحیەی گەڵاڵە سەر بە قەزای چۆمانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، لە ساڵی ١٨٩٠ و لە سەردەمی حوکمرانی عوسمانییەکان بووەتە ناحیە، لە ساڵی ١٩٢١ و لەکاتی دروستبوونی حکوومەتی عێراق وەک تاکە ناحیەی سنووری باڵەکایەتی بەناوی ناحیەی باڵەک مامەڵەی لەگەڵ کراوە، یەکێک بووە لە ناوەندە گرنگەکانی سیاسی و سەربازی ئەوسای شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، لە ھەمانکاتدا ناوەندێکی بازرگانی بووە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە گەڵاڵە کراوە، ھەر بۆیە ڕژێمی بەعس بەردەوام ناوچەکەی کردووەتە ئامانج، ھەرچی شەھیدی بۆردومانی پردی گەڵاڵەیە بە شەھید ئەژمار کراون، زەوی، یان یەکەی نیشتەجێبوونیان پێدراوە.
بەگوتەی بەرپرسانی حزبی و حکومی، لە ئەنجامی ئەو شکەستانەی دوژمن لە بەرەکانی شەڕ تووشی ھاتبوو دەیویست ڕق و کینە بەرانبەر بە میللەتی خۆمان بکاتەوە، بە چەکی قەدەغەکراو ناوچەکەمانی بۆردومان کرد بەداخەوە لەو کارەساتەدا ١٠٥ کەس شەھید و بریندار بوون، کە زیاتر لە ھەشتا و شەش شەھید و ئەوانی دیکەش بریندار بوون، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی کارەساتێکی گەورە بوو، دەمانەوێت ئەو ڕۆژە بیر گەنج و لاوانی خۆمان بھێنینەوە ئەوەی ئەمڕۆ بەدەستھاتووە لە خۆرا دروست نەبووە، ھەموو لەسەر بنەمای خوێن ھاتووە.
لە گەڵاڵە لە مەراسیمێکی شایستەدا، لقی ٢٦ـی گوڵان بە ھەماھەنگی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، یادی ٥٢ ساڵەی بۆردومانکردنی پردی گەڵاڵەیان بەرز ڕاگرت، مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی بەرپرسی لقی ٢٦، بەڕێوەبەری گشتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی سۆران، فەرماندە سەربازییەکانی ھێزی پشتیوانی یەک و لیوای ٣٩ی پیادە و کۆمەڵێکی بەرچاو لە بەرپرسانی حزبی، حکومی، پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، مامۆستایانی ئایینی و چین و توێژە جیاوازەکانی دەڤەرەکە بەڕێوەچوو.
شوان محەممەد تەھا، بەرپرسی لقی ٢٦ـی گوڵان، ڕایگەیاند، بۆردومانکردنی پردی گەڵاڵە تەنیا ھێرشێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو ھەوڵێکی بێئەنجامی ڕژێمی بەعس بوو بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلێک کە لەژێر سایەی بارزانیی نەمر سوێندی سەرکەوتنی خواردبوو، ئەگەرچی دوژمن پردەکان و خاکەکەمانی وێران کرد، بەڵام نەیتوانی ئەو پردە پۆڵایینە بڕوخێنێت کە لە نێوان ڕێبازی بارزانی و دڵی نیشتمانپەروەران دروست بووە.
بەرپرسی لقی ٢٦ـی گوڵان، تەئکیدی لەوە کردەوە، ئەم یادانە دەبنە ھەوێنی بەردەوامی و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بە خوێنی ھەزاران شەھیدی وەک شەھیدانی گەڵاڵە بەدەستھاتوون.
دواتر د. کەریم کاوە، بەڕێوەبەری گشتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن، گوتی: مینۆمێنتی شەھیدانی پردی گەڵاڵە لە قۆناغی دیزایندایە و کاری باش کراوە و لە داھاتوویەکی نزیکدا تەواو دەبێت.
بەڕێوەبەری گشتی شەھید و ئەنفالکراوانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوتیشی: وەکو ھەموو شەھیدانی دیکەی کوردستان شەھیدانی پردی گەڵاڵە سوودمەند بوونە لە ھەموو ئەو شایستانەی کە حکوومەتی ھەرێم بۆ کەسوکاری شەھیدان دابینی کردووە، بەڵام بەداخەوە حکوومەتی عێراق ھێشتا نەھاتووەتە ژێرباری ئەو بەرپرسیارەتییە دەستووری و یاساکانی بەجێ بگەیەنێت لەبەرامبەر ئەو خەڵکەی کە لەسەردەمی ڕژێمی بەعسی پێشوو زوڵمی لێکراوە، بەڵام دەستوور ئاماژەی پێکردووە دەبێت قەرەبوو بکرێنەوە، لە ھەوڵداین لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە زەخت ھەیە بەجێ بگەیەنێت، بۆیە بە ھەموو شێوەیەک پاڵپشتی خۆمان بۆ کەسوکاری شەھیدان و برینداران دەردەبڕین.

