لە بوودجەبەندییەکەی ساڵی ٢٠٢٥ــی توركیادا، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٤، زۆرترین بوودجەیان بۆ كەرتی سەربازی داناوە، لەسەر ئاستی جیهانیش لە ریزبەندی ١٨هەمین وڵاتدایە لە ڕووی دابینكردنی و دانانی بوودجە بۆ كەرتی سەربازی.
كارزان گلی – ههولێر
ئەنیستیتۆی لێكۆڵینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆكهۆڵم بڵاوی كردووەتەوە، شەڕی غەزە و ئۆكراین و رووسیا و هەروەها هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، بووەتە هۆكاری ئەوەی وڵاتان بوودجەیەكی زۆر بۆ كەرتی سەربازی خەرج بكەن، توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی بۆ ٢٠٢٥ بوودجەیەكی زەبەڵاحی بۆ كەرتی سەربازی دابین كردووە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەو ئەنیستیتۆیە بێت، توركیا بۆ ئەمساڵ ٣٠ ملیار دۆلاری بۆ كەرتی سەربازی دابین كردووە، كە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا ئەمە یەكەم جارە بوودجەیەكی لەو شێوەیە بۆ كەرتی سەربازی دابین بكرێت.
ساڵی ٢٠٢٥ جیهان بە گشتی ٢تۆلیۆن و ٩٠٠ملیار دۆلاری بۆ كەرتی سەربازی تەرخان کردووە، كە وڵاتان مووشەكی دوورهاوێژ و فڕۆكەی جەنگی و تانك و درۆن و سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان پێی كڕیوە و بەشێكیش لە وڵاتانی بۆ خۆیان دروستیان كردووە.
بۆ ٢٠٢٥ توركیا ٣٠ملیار دۆلاری بۆ كەرتی سەربازی خەرج كردووە، لەسەر ئاستی جیهان لە ریزبەندی ١٨هەمین وڵاتە لەڕووی دابینكردنی بوودجەیەكی گەورە بۆ كەرتی سەربازی. بەبەراورد بە ٢٠٢٤، بەرێژەی ٧.٢٪ بودجەی سەربازی زیادی كردووە، بەبەراورد بە ٢٠١٦ توركیا ٩٤٪ بودجە سەربازییەكەی زیادی كردووە.
ئەنیستیتۆی لێكۆڵینەوەی ئاشتی نێودەوڵەتی ستۆكهۆڵم بڵاوی كردووەتەوە، وڵاتان ترسیان هەیە شەڕ ئەوانیش بگرێتەوە، بەتایبەت وڵاتانی ئەورووپا، بۆیە پارەیەكی زۆر لە كەرتی سەربازی خەرج دەكەن، بەتایبەت دوای ئەوەی رووسیا هێرشی کردووەتە سەر ئۆكراین، وڵاتانی ئەورووپا ترسیان هەیە، رووسیا پەلاماری ئەوانیش بدات، بۆیە بوودجەیەكی گەورە بۆ كەرتی سەربازی تەرخان دەكەن.
توركیا جیا لەوەی پارەیەكی زۆر بۆ كەرتی سەربازی دابین دەكات، پشەسازی سەربازیشی برەو پێ داوە، بەتایبەت دروستكردنی درۆن، بۆ نموونە درۆنی بەیرەقدار (بایراكتار) ناوبانگێكی گەورەی پەیدا كردووە، تەنانەت گەیشتووەتە ئەو ئاستەی درۆن دەفرۆشێتە وڵاتانی ئەورووپا.
وڵاتانی ئەورووپا، پارەیەكی زۆریان بۆ كەرتی سەربازی خەرج كردووە، ئەمەیش دەیسەلمێنێت خۆیان بۆ جەنگ ئامادە دەكەن، چونكە ساڵی ٢٠٢٥ بە رێژەی ١٤٪ بوودجەی سەربازیان زیادی كردووە و گەیشتووەتە ٨٦٤ملیار دۆلار.
یەكێك لە هۆكارە هەرە سەرەكییەكانی ئەوەی ئەورووپا خۆیان پڕ چەك دەكەن، ترسیانە لە رووسیا و پێیان وایە ئەگەر بتوانێت لە جەنگی دژ بە ئۆكراین سەركەوتوو بێت، ئیدی چاو دەبڕێتە وڵاتانی ئەورووپاش. هەروەها دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند وڵاتانی ناتۆ بەبێ ئەمریكا وەكوو پڵنگی سەر كاغەزن و هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی ناتۆی كرد، ئەورووپا بەخۆی كەوت و پەلەپەل بوودجەی سەربازییان زیاد کرد، بەتایبەت ئەڵمانیا و فەرەنسا.
ئیسپانیا بوودجەی وڵاتەكەی بە رێژەی ٥٠٪ زیاد كردووە، پۆڵۆنیا ٢٣٪، ئیتاڵیا ٢٠٪، هەروەها ئەڵمانیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی بوودجەی سەربازیی خۆی ٢٤٪ زیاد كردووە و بۆ ٢٠٢٥ تەنیا بۆ كەرتی سەربازی ١١٤ملیار دۆلاری خەرج كردووە.
شرۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە، بەرزكردنەوەی بوودجەی سەربازی، كاریگەریی لەسەر كەرتەكانی تری حكوومەت دەبێت، وەكوو كەرتی تەندروستی و پەروەردە و سۆسیال، ئاخر هەر وڵاتێك بوودجەی سەربازی زیاد بكات، لەسەر حیسابی گیرفانی میللەتە.

