بە ئامادەبوونی وەزیرانی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕۆشنبیری و لاوان، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، و پەروەردە، پڕۆژەی نیشتمانیی “هاوڕێی ژینگە” ڕاگەیەندرا. ئەم پڕۆژەیە وەک نەخشەڕێگەیەکی ستراتیژی بۆ چاندنی کولتووری ژینگەپارێزی لە ناوەندەکانی خوێندن و ناو کۆمەڵگەدا دادەنرێت و لە میانی کۆبوونەوەیەکی فراواندا لە دیوانی وەزارەتی پەروەردە خرایە ڕوو.
لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی پڕۆژەکەدا، هەریەک لە ساسان عەونی، حەمەی حەمەسەعید، بێگەرد تاڵەبانی، و ئالان حەمەسەعید، لەگەڵ نوێنەری دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، جەختیان لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان وەزارەتەکان کردەوە بۆ سەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە. پڕۆژەکە چەند تەوەرێکی سەرەکی لەخۆدەگرێت، لەوانە دیاریکردنی ئامانجە ستراتیژییەکان، میکانیزم و قۆناغەکانی جێبەجێکردن، و داڕشتنی پلانی ساڵانە بۆ گۆڕینی ڕەفتاری قوتابیان بەرامبەر بە ژینگە.
ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەی هاوڕێی ژینگە، پەروەردەکردنی نەوەیەکی هۆشیارە کە پاراستنی سروشت و سەرچاوە ئاوییەکان بە ئەرکێکی نیشتمانی بزانێت. هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ڕۆڵی گرنگی خێزان و هاوبەشیی کۆمەڵایەتی کرا وەک دوو کۆڵەکەی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی ئەم نەخشەڕێگەیە، تاوەکو ژینگەپارێزی تەنیا وەک دروشم نەمێنێتەوە و ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە سیستەمی پەروەردە و ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا.

