سەید زەمان*
لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، بەردەوام لە مەیدانی خزمەتگوزاری هاووڵاتیاندا ئامادە بووم. لە هەر ڕۆژێکدا، جگە لە ڕۆژی هەینی، زیاتر لەسێ سەردان و لایەنی كەم دوو پرسە ئەنجام دراوە، کە لە کۆی ئەم ماوەیەدا گەیشتووەتە هەزاران سەردان، چاوپێکەوتن و گوێگرتن لە کێشە و داواکارییەکانی خەڵک.
زۆربەی بەیانیەکانم بۆ سەردانی شوێنی کار، پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، ناو شار و گوندەکان، فەرمانگە و وەزارەتە جیاوازەکان تەرخان کردووە، بۆ ئەوەی لە نزیکەوە چاودێری کارەکان بکەم و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هاووڵاتیان هەوڵ بدەم.
لە وەزارەتەکانی شارەوانی وگەشت و گوزار، و کشتوکاڵ و سەرچاوەئاوییەكان و چەندین پڕۆژەمان بردووەتە سەر قۆناغی جێبەجێکردن. بە تایبەتی، کێشەکانی جوتیارانی سنووری بەڕانەتی–زرارەتی، هەروەها کێشەکانی زەوی، خانوو و سندوقیەکان لە بەحرکە و ناوچەکانی تر، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان چارەسەر کراون.
هەر لە چوارچێوەی بەرپرسیارییە مرۆییەکانیشدا، لە کاتی کارەساتی لافاوی چەمچەماڵ، بە پشتگیری خەڵکی خێرخواز و هاوڕێ پزیشکە بەڕێزەکان، و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی خۆم، توانیمان سەدان ملیۆن یارمەتی دارایی، لەگەڵ چەندین تەن دەرمان و پێداویستی پزیشکی کۆبکەینەوە و لە ڕێگای لێژنە فەرمییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بیگەیەنینە دەستی ئەو کەسانەی پێویستیان پێی هەبوو.
ئەم هەموو هەوڵ و دەستکەوتانە لە کاتێکدا ئەنجام دراون، کە بەداخەوە پەرلەمانی کوردستان پەکخراوە و ناتوانێ وەک پێویست دەوری چاودێری و یاسادانانی خۆی بگێڕێت. لەگەڵ ئەو بارودۆخەشدا، وازمان لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان نەهێنا و بەردەوام لە مەیداندا ماینەوە. دڵنیام ئەگەر پەرلەمان بە شێوەی ئاسایی و کارا بەردەوام بووایە، دەمانتوانی بە هاوکاری هەموو لایەك خزمەت و دەستکەوتی زۆر زیاتر بۆ هاووڵاتیان دابین بکەین.
ئێمە باوەڕمان وایە کە پێگەی پەرلەمان تەنها شوێنی یاسادانان نییە؛ بەڵکو دەنگی هاووڵاتیانە، شوێنی پاراستنی مافەکانیانە و پەیمانێکە بۆ خزمەتکردنیان.
بەڵێن بێت بەهەمان متمانە و بەهەمان هەستی بەرپرسیاری، درێژە بە خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان دەدەین، چونکە خزمەتکردن شانازییە، نەک ئیمتیاز.
* ئەندامی پەرلەمانی كوردستان

