رۆژنامەی ھەولێر

فیرعەونەكەی سەر بەنی‌ئیسرائیل و فیرعەونەكەی ئێراق!

عومەر چنگیانی
هەینیەکەی ڕابردوو ٣١ـی تەمووز، هاوكات بوو لەگەڵ یادی ئەنفالكرانی بارزانیان، لە ساڵی ١٩٨٣؛ بۆیە لە بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، یەكێك لە دوو هەڵبژاردەكەمان بیرهێنانەوەی ئەو بابەتە بوو لە ژیر سەردێڕی: (ئەنفالكردنى بارزانیەکان، برینێکە هەرگیز سارێژ نابێت)، كە ئێمەیش كردمانە توێشووی گوتارەكەمان و لێرەدا پوختەیەكی دەخەینە بەردەم ئێوەی بەڕێز.
خودای گەورە لە نەوەدوسێ هەمین ئایەتی سوورەتی (نیسا)دا، دەفەرمێت: (هەركەسێك بەدەستی ئەنقەست و بەبێ هیچ هۆكارێكی ڕەوا و دروست، بڕواداریك بكوژێت، ئەوە تۆڵەی ئەو كەسە دۆزەخە و، بۆ هەمیشە تێیدا دەمێنێتەوە و خەشم و تووڕەیی خوای لەسەر و خوا نەفرینی لێ كردووە و، سزای گەورەی بۆ هەیە.)
گوناهـ و بەڵا و هەڵەیەکی هەرە مەزن و حەرامکراو، ڕشتنی خوێنی بێگوناهە.
بەڵگەی زۆر لە قورئان و سوننەتدا هاتوە لەسەر حەرامێتی و مەترسیی ئەم کارە؛ بەڵکو خوای گەورە هەڕەشەی توندی لەوانە کردووە کە بە ئەنقەست بڕواداران دەکوژن، وەک لە ئایەتەکەی سەرەوەدا هاتوە.
کردنی تاوانەکە:
مسوڵمانانی بەڕێز، ئەمڕۆ چلوسێ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تاوانێکی قێزەون کە ویژدانی جیهانی زیندووی هەژاند، ئەویش تاوانی ئەنفالکردنی ٨٠٠٠ بارزانییە لە مێرمنداڵ، گەنج و پیر کە تەمەنیان لە نێوان ٩ تا ٩٠ ساڵاندا بوو.
ڕژێمە لەناوچووەکەی عێراق رێکەوتی ٣١ی تەمووزی ١٩٨٣ دەستی کرد بەو تاوانە.
قوربانیان لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکانی (قوشتەپە، هەریر و سۆران) لە پارێزگای هەولێرەوە بۆ بیابانەکانی باشووری عێراق گوێزرانەوە، لەوێ گوللەباران کران و زۆربەیان بە زیندویی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا زیندەبەچاڵ کران.
تا ئێستا تەنها ڕووفاتی ژمارەیەکی کەمیان دۆزراوەتەوە و گەڕێنراونەتەوە بۆ ناوچەی بارزان.
تاوانەکانی هەڵمەتی ئەنفال:
تاوانی ئەنفالی بارزانییەکان سەرەتایەکی سەخت و زۆردارانە بوو، کە دواتر زنجیرە هەڵمەتەکانی ئەنفالی ساڵی ١٩٨٨ی بەدوادا هات.
لەو هەڵمەتانەدا زیاتر لە ١٨٢هەزار ژن، پیاو، پیر و منداڵ لە زۆربەی ناوچەکانی کوردستاندا کرانە ئامانج، کە بەردەوامیی زنجیرەیەک تاوان و کردەوەی دژی مرۆڤایەتی بوو بە مەبەستی شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان، قڕکردنیان، یان چۆکپێدادانیان.
بەڵام ڕژێمی زۆردار شکستی هێنا لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئیرادە، خۆڕاگری و سووربوونی ئەم گەلە و، تاوانەکانیشی بوونە شەرمەزاری و شوورەیی بۆ دەستەکانی ئەنجامدەرانی.

سزای زڵم و زۆرداران:
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا ڕوونی کردۆتەوە کە ئەنجامی زڵم و ستەم و وێرانکاری، سزایەکی سەختە، کە خۆی لە تووڕەیی خوای گەورە و سزای بەپەلە یان دواخراو و تێكچووندا دەبینێتەوە. خوای گەورە زڵمی زۆرداران و تاوانی تاوانبارانی لەبیر ناچێت.
ئەمڕۆ دوای دەیان ساڵ کە بەسەر ئەو تاوانانەدا تێپەڕیوە، بەڵام شوێنەوارەکانی لە ویژدانی کەسوکاریان و کوردستانیاندا نەسڕراونەتەوە.
ئەرحەمیلا و شوکر بۆ خوا، بە چاوی خۆمان سزای هەندێک لە زۆرداران و سەرەنجامیانمان بینی و، لە خوای گەورە داواکارین لە ڕۆژی دواییدا سەختترین سزایان بدات.
لە دوای ئەم هەموو ساڵە سەختانەی دوای ئەو تاوانانە، لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە هیچ داوای لێبوردنێکی فەرمیمان نەبینی، نە دانپێدانان بە مافی کەسوکاریان، یان قەرەبووکردنەوەیان لە ڕووی مادی و مەعنەوییەوە. بۆیە داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین کە پابەندی دەستوور و یاساکانی دادپەروەریی ڕاگوزەر (العدالة الإنتقالية) بێت و جێبەجێیان بکات، بۆ دەستەبەرکردنی مافی کەسوکاری شەهیدان، ئەنفالكراوان، زیندانیانی سیاسی و تەواوی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی لەناوچوو بەراورد بە هاوشێوەکانیان لە پارێزگاکانی باشووردا. سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ئەنفال و گشت شەهیدانی ڕێگای ئازادی و کەرامەت، لە خوای گەورە دواکارین حەساوەی لای خوا بن لە فیردەوسی ئەعلادا، ئامين .
دوا وشە: مرۆڤ كاتێ لە قورئان ورد دەبێتەوە كە پڕیەتی لە وانەی پەروەردەیی و بیرهێنانەوەی تراژیدیای سەخت، كە بەسەر مرۆڤدا هاتووە بە دەستی بە ناو مرۆڤ و ستەمكاران، دەبینێت لێكچوونێكی زۆر لە نێو تاوانەكانی فیرعەونەکەی میسر لە سەردەمی مووسا پیغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت و، سەدام حسێنی سەركۆمارە هەمیشەییەکەی ئەوسای عێراق و ڕژێمە لەناوچووەكەیدا هەیە!
بۆ وێنە فەرموون سەیرێكی ئایەتی ١٤١ـی سوورەتی (الاعراف) بكەن كە ڕووی گوتار و بیرهێنانەوە دەكاتە جووەكان و پێیان دەفەرمیت: (ئەوەتان بیر بێتەوە كە چۆن لە دەست دارودەستەی فیرعەون ڕزگارمان كردن كە هەمەجۆر ئازار و ئەشكەنجەیان پی دەچێژتن و كوڕەكانیان دەكوشتن و خانمەكانتانیان دەهێشتەوە! كە لەوەدا تاقیكردنەوەیەكی گەورەی خواییی تێدا بوو).
ئەم ئایەتە هەڵدەگرێت هەڵوەستەی زۆری بەدیارەوە بكرێت و هەمیشە وریای ئەوە بین مەرج نییە تاقیكردنەوەكان نوێ نەبنەوە، بەتایبەتی ئەگەر چەوسێنراوەكان دوایی ڕابردوویان لەبیر بكەن!