رۆژنامەی ھەولێر

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دیمەشق

هۆشیار سیوەیلی
سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بۆ دیمەشق و کۆبوونەوەی لەگەل سەرۆک ئەحمەد شەرع هەنگاویکی ستراتیژی گرنگە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نیوان هەولیر و دیمەشق و پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان. ڕاستە پێشتر و لە سەردەمی رژێمەکانی پێشووی سوریادا جۆرێک لە پەیوەندی هەبووە و سەردانی دیمەشق کراوە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە سەرۆکێکی کورد بە شێوەی فەرمی لە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەو وڵاتە پێشوازی لێدەکرێت.
بەر لەم سەردانە بە چەند حەفتەیەک شاندێکی باڵای پارتی چووە دیمەشق و لەگەل سەرۆکی سوریا کۆبووەوە، ئەو سەردانە و ئەم سەردانەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئاگاداری و هاوئاهەنگی سەرۆک وەزیرانی عێراق، علی الزیدی ئەنجامدراوە. لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابوردوودا سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە لەگەڵ سەرۆکی سوریا بۆچوون و بیروڕایان لەسەر پەیوەندییەکان و پێشهاتەکان گۆڕیوەتەوە.
ئەم سەردانە دوای رۆڵی پۆزەتیڤی هەرێمی کوردستان دێت لە هێورکردنەوەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و رێگری کردن لە شەڕوکوشتاری خوێناوی و نزیککردنەوەی سەرکردایەتی هەسەدە و دیمەشق و ئەنجامدانی ڕێکەوتننامەی نێوانیان. سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە ئاشکراو لە پشت پەردەوە ڕۆڵی یەکجار گەورە و پۆزەتیڤیان لە بارەیەوە بینیوە.
ئاژانسی هەواڵی سوریا (سانا) دەربارەی سەردانەکە بڵاویکردۆتەوە کە (گفتوگۆکانی نێوان بارزانی و شەرع پتەوکردنی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگییەکان لە بوارە جیاوازەکاندا لەخۆدەگرێت کە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان بکات.
دەکرێت گرنگی سەدردانەکە لەم چەند خاڵەدا کورت بکەینەوە:
• بەرژەوەندی باڵای هەرێمی کوردستان ئەوە دەخوازێت کە هەرێـمی کوردستان پەیوەندی باش و هاوسەنگی لەگەل دراوسیکانیدا هەبیت. سوریای نوێش کارێکتەریکی گرنگە لە نەخشەی سیاسی و ئاسایش و ئابووری رۆژهەلاتی ناوەراستدا. لە ماوەیەکی کەمدا توانیویەتی پەیوەندییەکانی لە ناوچەکەو دنیادا وا ریکبخاتەوە کە هیچ حکومەتیکی پێشتر نەیتوانیوە ئەمە ئەنجام بدات.
• ئیستا ڕێککەوتن و لیکتیگەیشتنی باش هەیە لە نیوان رۆژئاوای کوردستان و دیمەشق، بەڵام هێشتا کاری زۆر ماوە بکرێ و پێویستە مافەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەیەکی دەستووری نوێدا بچەسپێنرێت. وەک ئاماژەم پێدا هەرێمی کوردستان لە ڕابووردوودا ڕۆڵی گەورەی بینیوە و لەمەودواش دەتوانێت بەردەوام بێت. ئەوەی بۆتە هۆی ئەوەی هەرێم لەم پێگە بەهێزەدا بێت بوونی پەیوەندی باشی هەرێمە لەگەل ڕژێمی نویی سوریا و حکوومەتی تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو و مەزلوم عەبدی و سەرکردەکانی ئەنەکەسە لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە.
لە بونیادنانەوە و گۆڕانکارییەکانی سوریادا، ویلایەتە یەکگرتوەکان و فەرەنساش بەردەوام دەتوانن ڕۆڵی دیارو کاریگەر ببینن. هەرێمی کوردستان لەگەل ئەم دەوڵەتانەش پەیوەندی پتەو و سەقامگیری هەیە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەل جەنەراڵ مەزلوم عەبدی کۆدەبێتەوە و نەخشەڕێگای پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان دیمەشق و ئیدارەی کوردی تاوتوێ بکەن.
• هەرچەندە هەوڵ هەیە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و سوریا بخرێنە سەر ڕێچکەیەکی دروست، بەڵام لەبەر زۆر هۆکاری جیاواز هێشتا کەم متمانەیی لە نێوان هەردوو حکوومەتەکەدا هەیە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵی نزیککردنەوەی نێوانیان ببینێت بە تایبەتی لەگەڵ ئەم حکوومەتە نوێیەی عێراق دا کە هەرێمی کوردستان بە توندی پشتی دەگرێ و میلیشیاکانی عێراق هەوڵی لاوازکردن و لابردنی دەدەن.
• لە ڕووی ئابووریشەوە سەردانەکە گرنگە و دەتوانێت زەمینەی هاوکاری ئابووری نێوان سوریا و هەرێمی کوردستان باشتر بکات و دەرفەتی زیاتر بۆ کۆمپانیاکانی هەرێم بڕەخسێنێت تا بەشدار و هاوکار بن لە هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەی سوریا. ڕەنگە کۆمپانیاکانی تری هەندێک لە ناوچەکانی تری عێراق لەبەر زۆر هۆکارئەو ڕۆڵ و دەرفەتەیان پێنەدرێت.